هەوڵەکانی پۆلیسی سوید بۆ دۆزینەوەی کاری ڕەش دەکەن زۆر بووە
ژمارەیەک لەو کەسانە دۆزراونەتەوە کە ئیقامەیان نییە و کاری ڕەش دەکەن.

پار لۆڤێنباری بەرپرسی بەش لە پۆلیسی سنوور دەڵێت ساڵی پار سەرچاوەکانمان زیادی کرد، ئەمەش وای کرد کە توانیمان کۆنترۆڵی زیاتر ئەنجام بدەین هەروەها ئەوەشی کە ڕاپۆرتکردن لەسەر ئەو کەس و شوێنانەی کاری ڕەشی تێدایە باشتر بووە.

ساڵی پار نزیکەی هەزار شوێنی کار لەلایەن پۆلیسەوە پشکنراوە واتا سێجا زیاتر بەراورد بە ساڵی 2015، هۆکار ئەوەیە کە ژمارەی پۆلیس زیادی کردووە. زۆربەی ئەو شوێنانەی پشکنراون بواری چێشتخانە و بازرگانییە.

لە ئەنجامی ئەو پشکنینانەدا 232 کەس دۆزراونەتەوە کە کاری ڕەش دەکەن و ئیقامەیان نییە، ئەو کەسانە هاوڵاتیی وڵاتانی دەرەوەی یەکییەتیی ئەورووپان. خاوەنکارەکانیش بەهۆی ئەوەی پابەند نەبوون بە یاسای دامەزراندنەوە سەرجەم 225 هەزار کرۆن غەرامە یاخود تاوانە سزا دراون.

جێی ئەنجامدانی ئەم پشکنینانەی پۆلیس بۆ دۆزینەوەی دەستی کاری ڕەش پەیڕەوکردنە لە ڕێنماییەکی یەکییەتیی ئەورووپا بەناوی (sanktionsdirektiv)، تا ئێستاش سوید بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو ڕێنماییەدا کردووە و پشکنینی تەنها بۆ ئەو شوێنی کارانە کردووە کە گومان و بەڵگەی بەرجەستەیان لەسەر بووە کە کاری ڕەشی تێدایە، ئەو پشکنینانەش و بەهاوکاریی دەستگەی باج ئەنجام دەدران.

بەڵام بەپێی پێشنیازێک وا نیازە لە ساڵی داهاتووەوە یاساکە وابگۆڕن کە چیتر ئاسانکاریی بۆ پۆلیس بکرێت کە بەبێ هەبوونی گومان و بەڵگەش بتوانن زۆرترین شوێنی کار بپشکنن. بۆ نموونە بواری پاکژکاری (städbranschen).

جێی ئاماژەیە زیادبوونی ئەم جۆرە پشکنینانەی پۆلیس لە کاتێکدایە کە حکوومەت داوای لە پۆلیس کردووە کە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە بە نایاسایی لە سویددا دەژین چڕبکەنەوە. هەر بەهۆی پشکنینی شوێنی کارەوە بۆ دۆزینەوەی دەستی ڕەش پۆلیس ئەو کەسانەش دەدۆزێتەوە کە ئیقامەیان نییە و بڕیاری ناردنەوەیان هەیە.

پار لۆڤێنباری دەڵێت بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە جۆرە پشکنینێکی تایبەتمان هەیە بەناوی پشکنینی بیانیان لە ناوخۆدا. بەڵام ئێمەش کە شوێنی کارەکان بۆ دۆزینەوەی دەستی کاری ڕەش دەپشکنین لەو جۆرە کەسانە دێنە بەردەستمان کە ئیقامەیان نییە و کاری ڕەش دەکەن هەروەها ئەو خاوەنکارانەشی کە پەیڕەوی لە یاسا ناکەن و بە ڕەش کار دەدەن.
لینکی هەواڵ
به‌روار:  27/06/2017
2487   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   559
کۆی سه‌ردان:   29229639