بەهۆی سەفەرەوە کۆمۆن کۆمەکەکەی ببڕێت و ئەگەری ئەوەش هەیە خانووەکەشی لێ بسەننەوە.
هەندێک لەو کەسانەی بە کۆمەکی دەوڵەتی دەژین گەر سەفەری دەرەوەی سوید بکەن مەترسی ئەوە هەیە کۆمەکەکەیان ببڕدرێت.

هەندێکیشیان ئەو کۆمەکەشی وەریان گرتووە لێیان دەسەندێتەوە.

- بەرپرسی بەش لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی لە مالمۆ کریستا رونێستێن دەڵێت لەبەرئەوەی کۆمەکی کۆمەڵایەتی (socialbidrag) کە ئێستا پێی دەوترێت (försörjningsbidrag) کۆمەکێکی ئابووریی کاتییە و کەسەکە دەبێت لەو ماوەیەدا هەوڵی دۆزینەوەی کار بدات.

 نموونەیەک لەو کەیسە لەم دواییەدا کوڕێکی گەنج کە لەسەر کۆمەکی کۆمۆن دەژی سەفەری کردووە و کۆمۆنی ئاگادار نەکردۆتەوە بەڵام لەڕێی فەیسبووکەکەیەوە و بەهۆی کڕینی شتومەکەوە بە کارتی بانکەکەی لە فڕۆکەخانە دەرکەوتووە کە لە سەفەرە.

هەر بۆیە بەشی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی لە کۆمۆن بڕیاری داوە کۆمەکەکەی ببڕێت و ئەگەری ئەوەش هەیە خانووەکەشی لێ بسەننەوە. 

کریستا رونێستێن دەڵێت تا ئێستا نە لە مالمۆ و نە لە شوێنەکانی دیکەی سوید یاسا و ڕێسایەک نییە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو جۆرە کەیسانە بەڵکە هەر کەسێک بە پێی بارودۆخی تایبەتی خۆی کۆمۆن بڕیار لەسەر ئەگەری وەرگرتنی مافی کۆمەکە ئابوورییەکەی دەدات.

جێی باسە نزیکەی یەک لەدەی ئەو خێزانانەی دانیشتوانی شاری مالمۆن بژێوییان لەسەر کۆمەکی دەوڵەتییە، نیوەی ئەو کەسانەشی کۆمەک وەردەگرن بۆ ماوەی درێژخایەنەوە واتا چاوەڕێ ناکرێت بەو زووانە ببنە دارایی سەربەخۆی خۆیان.

کاتێک ئەو کەسانە دەیانەوێت سەفەر بۆ دەرەوەی سوید بکەن دەبێت کۆمۆن ئاگادار بکەنەوە و دواتر خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی (socialtjänsten) لە کۆمۆنەکان بڕیار دەدات ئەو کەسە مافی وەرگرتنی کۆمەکی هەیە لە ماوەی سەفەرەکەیدا یان نا.

بۆ نموونە کەسانێک هەن کە کۆمۆن بەرپرسە لە بژێوییان تەنانەت لەو کاتەشدا کە لەدەرەوەی سویدن و بەو مەرجەی خانوو و ژیانیان لە سویددا مابێت واتا تەنها بۆ ماوەیەک لە سەفەر بن.

بڕیاردان لەسەر مافی کۆمەکی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو کەسانە ئاسانترە کە پێش سەفەرکردن کۆمۆن ئاگادار دەکەنەوە، لەبەرئەوەی کۆمۆن دەتوانێت پێشوەخت بزانێت بە چ مەبەستێک سەفەر دەکەن و چەندە لە دەرەوەی سوید دەمێننەوە.

لینکی هەواڵ
به‌روار:  21/06/2017
4561   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   400
کۆی سه‌ردان:   29237590