ئەمەریکا لەبەرامبەر ئەسەد، پارێزگاری لە کورد ناکات
(سبەی):
دواین باڵیۆزی ئەمەریکا لە سوریا رایدەگەیەنێت، کوردەکان باجێکی قورس دەدەن لەو متمانەیەی کە بە ئەمەریکایان هەیە، چونکە ئەمەریکا کوردەکان تەنها بۆ شەڕێ داعش بەکاردەهێنێت و بەرگرییان لێ ناکات و دەشڵێت: ئەوەی لەگەڵ کوردەکان دەیکەین کارێکی نائەخلاقییە.

رۆبێرت فۆرد، دواین باڵیۆزی ئەمەریکا لە سوریا لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوست)ی چاپی لەندەن رایگەیاند؛ رژێمی سوریا هەندێک کاتی پێویستە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی درعا، جگە لەوەش لە ئایندەیەکی نزیک یاخود دور، سوریا دەچێتە ئیدلەب، هەروەها روسیا هاوکاری سوریا دەکات بۆ ئەوەی بچێتە قامشلی و لەوێش لەگەڵ ئێران و تورکیا رێکدەکەون بۆ لەناوبردنی کورد.

سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی ئایا ئەمەریکا کوردەکان ناپارێزێت؟، فۆرد بە پرسیارەوە دەڵێت: پێتوایە ئەمەریکا لە قامشلی شەڕ بکات؟، هەروەها دەپرسێت ئایا لە بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە بیستوتە بڵێت: ئەمەریکا بەرگری لە رۆژئاوای کوردستان دەکات لەدوای تێکشکاندنی داعش؟، بۆیە ئەمەریکا لەبەرامبەر ئەسەد، پارێزگاری لە کورد ناکات.

هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئەمەریکا تەنها بۆ ئازادکردنەوەی رەققە کورد بەکاردەهێنێت، دواین باڵیۆزی ئەمەریکا لە سوریا دەڵێت: بەڵێ تەنها بۆ ئەو شەڕەیە و پێشم وایە ئەوەی لەگەڵ کوردەکان دەیکەین، نەک تەنها گەمژەیی سیاسیی، بەڵکو نا ئەخلاقیشە، ئەمەریکا بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەکاتی حوکمی سەدامدا کوردەکانی بەکارهێنا، بۆیە بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: پێت وایە ئەمەریکا مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بکات، وەک ئەوەی هێنری کیسنجەر لەگەڵ کوردەکانی عێڕاق کردی کاتێک دەستبەرداری بون.

هەروەها جەختیش دەکاتەوە لەوەی، ئەمەریکا کوردەکان بەشێوەیەکی کاتی و تەکتیکی بەکاردەهێنن، جگە لەوەش ئەمەریکا سوپای خۆی بەکارناهێنێت بۆ پارێزگاریکردن لە رۆژئاوای کوردستان، وەکو هەرێمێک لە داهاتوی سوریادا.

رۆبەرت فۆرد، دواین باڵیۆزی ئەمەریکابو لە سوریا و لە ساڵی (2012) دیمەشقی جێهێشت، دواتریش تاوەکو ساڵی (2014) وەکو نێردەی ئەمەریکا بۆ سوریا مایەوە و دواتر دەستی لەکارەکەی کێشایەوە و وەکو توێژەر لە ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە لە واشنتۆن و وەکو مامۆستا لە زانکۆی ییل دەستی بەکارکردن کرد.
به‌روار:  20/06/2017
2348   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   488
کۆی سه‌ردان:   29233633