لە سویددا بۆت نییە ئازادیی کچەکەت زەوت بکەیت
لە سەرەی مۆدێراتەکاندا لە هەفتەی سیاسیی یارڤا دوێنێ سەرۆکی ئەو پارتە باسی لە هاوگونجی و بەها کۆمەڵایەتییەکان کرد.

ئاننا شینباری باترا سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوی مۆدێراتەکان لە وتارەکەیدا وتیی تۆ کە بەنیازیت بڕیار لەسەر ئەوە بدەیت کە کچەکەت هاوسەرگیریی لەگەڵ کێ بکات، بزانە کە تۆ ئازادی کجەکەت زەوت دەکەیت، دەمەوێت شتێک بە تۆ بڵێم، تۆ لە سویددا بۆت نییە وا بکەیت.

ئەو بەها کۆمەڵایەتییانە کە مافی ژن دەپارێزێت دەبێت لە هەموو شوێنێکی سویددا ڕەچاو بکرێت، بەڵام بەداخەوە ناوچەی واهەن کە کێشەی تووندوتیژیی بە پاساوی شەرەف تێیدا بەربڵاوە بۆ نموونە ئەو باوکانەی مافی کچەکانیان زەوت دەکەن. ئەمە کارێکی ڕێ پێ نەدراوە لە سویددا.

سەرۆکی مۆدێراتەکان باسی لە پرسی ئاسایش و تاوانکاریش کرد لەوێشدا دیسان ئاماژەی بە هەمان کێشەی کۆمەڵایتی کردەوە و گوتیی رووم لە تۆیە کە ژیانی کەسانی دیکە دەشێوێنیت و تەگنیان پێهەڵدەچنی، ئێوە کەسانێک لەم کۆمەڵگەیەدا جێتان نابێتەوە، ئێرە ماڵی ئێوە نییە.

شینباری باترا هەروەها باسی لە بێکاری و هاوگونجیش کرد بەڵام کاردانەوەکان لەسەر وتەکانی سەرۆکی مۆدێراتەکان بەلای هەندێک گوێگرەوە نێگەتیڤ بوو، یەکێک لەو کەسانەی کاری هاندانی خەڵکییە بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنەکاندا هاشم محەمەدە،

ئەو دەڵێت پێم وانییە خەڵکی بەم جۆرە وتارانە هانبدرێن بۆ گرنگییدان بە سیاسەت و هەڵبژاردن، لەبەرئەوەی بۆ نموونە لە وتەکانی باترادا وەک ئەوە بوو خەڵکی ئەم ناوچانە پێیان خۆش بێت لەسەر کۆمەکی کۆمەڵایەتی بژین و حەز بە بێکاریی دەکەن، لەکاتێکدا بە پێچەوانەوە خەڵکی خوازیارن لەو بەندە ئابوورییە ڕزگاریان بێت و خاوەنی دارایی سەربەخۆی خۆیان بن.

بەڵام سەید عەبدوڵاهی یەکێکی دیکە لە گوێگرانی وتارەکەی باترا دەڵێت قسەکانی باترا سەبارەت بە تاوانکاران جێی بایەخە و لە سەدا سەد هاوڕاییم، ئەو دەڵێت من خۆم بیانییم لەم وڵاتەوە بێزارم لەو تاوانکارییانەی لە سویددا دەیکەن، ئەو کەسانە دەبێت شەرم بکەن.

هەفتەی سیاسیی یارڤا بۆ دووەم ساڵە لە گەڕەکی یارڤای چڕبیانی بەڕێوە دەچێت، ئامانج لەم هەفتە سیاسییە لە شوێنێکی وادا نزیکردنەوەی سیاسەتمەدار و هاوڵاتییانی ئەو ناوچانەیە و بۆ هاندانی هاوڵاتییانە تا هەڵبژاردنەکان بە هەند بگرن و لە گرنگیی بەشداریی سیاسیی تێبگەن، بەڕای ڕێکخەرانی هەفتەکە.
لینکی هەواڵ
به‌روار:  15/06/2017
2109   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   964
کۆی سه‌ردان:   29256151