حەوتەمین شارەوەانی ئیتاڵیا ڕەگەزنامەی فەخری بەخشیە ئۆجەلان

شارەوانی شارۆچکەی "بینرولا" لە شاری تۆرینۆ لە باکوری خۆرئاوای ئیتالیا ئەمڕۆ شەممە ڕەگەزنامەی فەخری بەخشیە عەبدوڵا ئۆجەلان ڕابەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە ماوەی ١٨ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لە زنیدانی ئیمرالی زیندانیکراوە.

ماڵپەڕی روسیالیەوم لە زاری شارەوانی ئەو شارۆچکەیەی ئیتالیاوە بڵاویکردەوە، ئەو بڕیارەیان بۆیە داوە وەک پشتیوانییەک لە تێکۆشانی گەلی کورد لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیدا بە ڕێگەچارەی ئاشتییانە.

لە بەشێکی تری لێدوانی شارەوانی شارۆچکەکەی ئیتالیا هاتووە "عەبدوڵا ئۆجەلان سوربووە لەسەر شێوازی ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، سەرباری ئەوەی ماوەیەکی زۆرە زیندانی کراوە".

شارەوانیەکەی ئیتالیا ئاماژەی بەوەش کرد، پێدانی ڕەگەزنامەی فەخری بە ئۆجەلان بەهۆی ئەو ڕۆڵە گەورەیەوەیە کە هێزە کوردییەکان هەیانە لە دژی چەکدارانی داعش.

ئەوە لەکاتێکدایە تا ئێستا ژمارەی ئەو شارەوانییانەی کە ڕەگەزنامەی فەخریان داوە بە ئۆجەلان گەشتووەتە ٧ شارەوانی، لەوانە شارەوانەکانی بالیرۆم و ناپۆلی ئیتالیا، دواتریش شارەوانی بینرولا ڕێککەوتنێکی برایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ شارەوانی کۆبانی ئیمزا کرد.

عەبدوڵا ئۆجەلان لە ٤ی نیسانی ١٩٤٨ لە گوندی ئامارا (عومەرلی) لە شارۆچکەی سروجی سەر بە پارێزگای ڕحا (ئۆرفە)ی باکووری کوردستان لەدایکبووە.

ئۆجەلان تاوەکو ساڵی ١٩٩٨ لە وڵاتانى لوبنان و سوریا بوو. لە لوبنان ژمارەیەک کەمپى بۆ ڕاهێنانى ئەکادیمى و سەربازى و سیاسیى گەریلاکانى پەکەکە دامەزراندبوو. کاتێک لە ساڵى ١٩٩٨ پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و سووریا تێکچوو. تورکیا ھەڕەشەی لە سووریا کرد، کە هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتە. ئەوەش بووە هۆى ڕێککەوتنى ئەدەنە لە ساڵى ١٩٩٨دا لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا و لە ئەنجامى ئەو قەیرانەدا ئۆجەلان لە ٩ی تشرینى یەکەمى ١٩٩٨ سوریاى بەجێهێشت و ڕووی لە ڕووسیا کرد. سەربارى ئەوەى پەرلەمانى ڕووسیا (دۆما) بە زۆرینەى هەرە زۆر دەنگى مانەوەیان بە ئۆجەلاندا، بەڵام حکومەتى ڕووسیا ڕێگاى مانەوەى بە ئۆجەلان نەدا.

عەبدوڵا ئۆجەلان لەسەر بانگهێشتى ژمارەیەک پەرلەمانتارى ئیتالیا ڕووى لەو وڵاتە کرد، کە ماسیمۆ دالێما سەرۆک وەزیرانى ئەو کاتى ئیتالیا بوو. بەهۆى گوشارەکانى تورکیا و ئەمەریکاوە ئیتالیاش نەیتوانى زیاتر لە دوو مانگ ڕێگا بە مانەوەى ئۆجەلان بدات

کاتێک ئۆجەلان لە ڕۆژى ١٥ى شوباتى ١٩٩٩ باڵیۆزخانەى یونانى لە شارى نایرۆبیى پایتەختى کینیا بەجێهێشت لە ڕێگاى ڕۆیشتن بۆ فڕۆکەخانە لەلایەن چەند ئۆتۆمبێل و ژمارەیەک کەسى دەمامکدارەوە هێرشکرایە سەر کاروانى ئۆتۆمبێلەکانى و لە دواى بێهۆشکردنى ئۆجەلان، بەو فڕۆکەیە کە پێشتر ئامادە کرابوو فڕێندرا بۆ تورکیا.

عەبدوڵا ئۆجەلان زیاتر لە ٤٠ کتێبی نووسیوە. لە زیندانی ئیمڕاڵی نۆ کتێبی نووسیوە و بڵاوکراوەتەوە. بەشێک لە کتێبەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەڕەنیسی، ئیتالی، ڕوسی، ئیسپانیولی، فارسی و عەرەبی.
نالیا
به‌روار:  10/06/2017
1883   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   447
کۆی سه‌ردان:   29228408