كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه لەبەر قه‌یرانی دارایی هه‌ڕاج ده‌كات
كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه له سلێمانی به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه داخرا.
له‌وباره‌یه‌وه، هه‌ژار مه‌جید خاوه‌نی كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه په‌یامێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
من ٢٠٠٣ له سلێمانی نیشته‌جێ بووم، له‌هه‌ر شوێنێك بووبم له هه‌مبه‌ر ئه‌و شوێنه هه‌ست به بهپرسیاێتییهكی سه‌یرم تێدایه، كه به‌سه‌ر شوسته‌و شه‌قامه‌كاندا هه‌نگاوم دانا، ده‌مگوت پێویسته قه‌رزی خۆم به‌م شوسته‌و شه‌قامانه بده‌مه‌وه، كه هه‌وای شارم ههڵدمژی، ده‌مگوت ده‌بێت بێ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌وایه هه‌ڵنه‌مژم. كه له‌گه‌ڵ خه‌ڵك قسه‌م دهكردو تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵگا ده‌بووم، له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌مگوت له به‌رامبه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌و ئه‌و هه‌موو میهره‌بانییه ئه‌بێ كارێك بكه‌م كه پێشتر نه‌كرابێت، ئه‌بێت قه‌ره‌بووی ئازاری شوسته‌و قه‌ره‌بووی هه‌وای هه‌ڵمژراو و قه‌ره‌بووی میهره‌بانی خه‌ڵك بكه‌مه‌وه..
تاكه شتێك كه تێیدا شاره‌زابووم، كتێب بوو. ده‌ستمدایه كاری كتێب و هێدی هێدی ئه‌ندێشه‌م دروست كرد، بۆ ئه‌ندێشه‌ش ئه‌وه‌ی له توانامدا بوو كردم. هه‌موو شتێكم كرد به قوربانی بۆ بوون و مانه‌وه‌و به‌رده‌وام بوونی.
ئه‌وه‌ی له توانامدا بوو بۆ ئه‌م شاره، ئه‌م وڵاته ئیتر به چاك یان به خراپ كردم. هه‌وڵمدا بۆ به‌كولتووركردنی خوێندنه‌وه‌و خۆشه‌ویست كردنی كتێب، ئیتر نازانم سه‌یری گرت یان نا؟ ئه‌وه‌ی له توانامدا بوو بۆ پێگه‌یاندنی جیلێكی هۆشیار كردم. ئیتر نازانم ئامانجم پێكا یان نا؟
ئه‌وه‌ی من توانیم بیكه‌م تا ئه‌مڕۆ ئه‌وه بوو.
٢٠٠٣ بێ یه‌ك دینار پاره هاتمه ئه‌م شاره‌و ده‌ستم به‌كار كرد، ئێستاش بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك دینارم هه‌بێت، كۆڵ ئه‌ده‌م.
ئێستاش وه‌ك ئه‌و كات وه‌ك زۆربه‌ی ئێوه به پاس و ته‌كسی و پێ هاتوچۆ ئه‌كه‌م.
ئێستاش وه‌ك ئه‌و كات و وه‌ك زۆربه‌ی ئێوه كرێچیم و بستێك ئه‌رزو هیچ شوێنێكیشم نییه.
تاكه شتێك كه من وه‌رمگرت ئه‌وه بوو وه‌ك زۆربه‌ی هه‌ر زۆری ئێوه به‌هه‌ژاری ژیام و به هه‌ژاریش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بم. دڵخۆشم ئه‌وه‌ی له توانامدا بوو كردم به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێكی مادی وه‌رگرم. ئێستاش هه‌ر ڕووت و ڕهجاڵهكهی جارانم و هیچم نییه‌و ناشمه‌وێ هه‌مبێت. هیچم له سلێمانی و كوردستان وه‌رنه‌گرت و ئه‌وه‌ی توانیم كردم.
كه‌مێك ته‌مه‌نم هه‌ڵكشاوه‌و كه‌مێكیش ناوم ده‌ركردوه، ئیتر نازانم ناوه‌كه‌شم ناوێكی خراپه یان چاك.
من نازانم ئه‌وه‌ی كردوومه جێی خۆی كردۆته‌وه‌و جێی خۆی گرتووه یان نا، ئه‌وه ئێوه‌ن كه شاهیدی بۆ ده‌ده‌ن.
هاوڕێیان لێتان ناشارینه‌وه ئه‌م نووسینه ڕاگه‌یاندنی مه‌رگی ئه‌ندێشه‌یه وه‌ك كتێبفرۆشی و ئه‌و شوێنه‌ی كه زۆربه‌تان تێیدا حه‌ساونه‌ته‌وه‌و ئارامیتان وه‌گرتووه‌و چێژتان وه‌رگرتووه.
ئیتر من توانای مادی ئیداره‌دان و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ندێشه‌م نه‌ماوه.
هه‌ر كه‌سێك ئه‌یه‌وێ ئه‌ندێشه وه‌ك ئه‌م شوێنه‌ی ئێستا بمێنێته‌وه، چی له توانادایه بیكات و ئێمه سوپاسی ئه‌كه‌ین.
تێبنی: سبه‌ینێ دووشه‌ممه ٢٩/٥ كاتژمێر ٣ی پاشنیوه‌ڕۆ له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا هه‌موو ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی پێویست پێشكه‌ش به ئێوه ده‌كه‌ین. داواتان لێ ده‌كه‌ین بۆ ماڵئاوایی له ئه‌ندێشه ئاماده‌بن و رۆژنامه‌نووسانیش بانگهێشت ده‌كه‌ین.
تێبینی، ئێمه بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانمان و به‌ڕێكردنی ئیلتیزاماته‌كانی هاوڕێیانی نووسه‌رو وه‌رگێڕم، هه‌موو كتێب و ڕه‌فه‌و مێزو كورسی و هه‌موو شتێكی ئه‌ندێشه هه‌ڕاج ده‌كه‌ین.
سوپاس بۆ ئه‌وه‌ی تائێستا له‌گه‌ڵمان بوون.
خۆشه‌ویستی زۆرم بۆ یه‌كه‌به‌یه‌كه‌تان.
هه‌ژار مه‌جید
PUKmedia تایبه‌ت
بهروار: 29/05/2017
944 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|