ئەڵمانیا بۆ داوای مافی پەنابەری بەرنامەی تایبەت بەكاردێنێت
رۆژنامەی (فرانكفۆرتەر ئەلگماینە تسایتۆنگی ئەڵمانی) ئاشكرایكرد بۆ دڵنیابوون لەو پەنابەرانەی كە لەوڵاتانی دیكەوە هاتونەتە ئەڵمانیا، نوسینگەی كۆچ و كۆچبەری ئەو بەرنامانەیان بەكارنەهێناوە كە بۆیان فەراهەمكراوە ئەوەندە نەبێ وەك تاقیكردنەوە بەكاریانهێناوە

رۆژنامەكە دەڵێت: ئەگەر بەكاریان بهێنایە دەبوایە تیرۆرست ئەنیس عامری ئەو تیرۆرستەی كە كردەوە تیرۆرستیەكەی بەرلینی ئەنجامدا لەگەڵ (فرانكۆ.ا)، ئەو ئەفسەرە ئەڵمانیەی كە خۆی وەك پەنابەر ناساندبوو ئاشكرایان بكردبایە.

ئەو بەرنامەیە كەخراوەتە بەردەستی نوسینگەی كۆچ و كۆچبەران لەتوانایدایە ئەو وڵاتانە دیاریبكات كە پەنابەرەكەی لێوەهاتووە، هۆكارێكی تریش بۆ بەكارنەهێنانی ئەم ئامێرە لەلایەن نوسینگەی كۆچ و كۆچبەرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ مەترسی بردنە دەرەوەی زانیارییە تایبەتی و شەخسیەكان ئەگەرچی بەرپرسێكی پسپۆڕ لەوەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاشكرایكرد كە نوسینگەی كۆچ و كۆچبەری لەئێستادا سەرقاڵی تاقیكردنەوەی ئەو بەرنامانەیە.

بەپێی زانیارییە رەسمییەكان 60% پەنابەران  پاسپۆرتی وڵاتی خۆیان و هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنەریان پێ نیە، ئەمەش رێگری دروستكردووە لەبەردەم ناردنەوەیاندا.

جێی ئاماژەشە كە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) لەچەند هەفتەی رابردودا بڕیاریدا یاسای نوێ تایبەت بە دیپۆرتكردنەوە دەربكات و هەر بەپێی ئەو یاسایەش لەحاڵەتی گومانكردن لەهەركەسێك كە داوای مافی پەنابەری كردبێت ئەوا رێگە دەدرێت سود لەزانیارییەكانی ناو تەلەفۆنە دەستییەكەی وەربگیرێت بۆ ئاشكراكردنی شوێن و رەگەزو وڵاتەكەی.

بەپێی ئەو بەرنامەیە كەبڕیارە كاری پێبكرێت زمانی پەنابەرەكەو لەهجەكانی پەنابەران دەناسێتەوەو لەكاتی لێكۆڵینەوە لەداوای مافی پەنابەری و گوێگرتن لەپەنابەرەكە دەبێ وێنایەكی وڵاتەكەی بكات كە لێوەی هاتووە، ئەو بەرنامەیە لەتوانایدایە هەڵسەنگاندن بۆ دەنگ و ناوەڕۆكی راستی و دروستی قسەی پەنابەرەكان بكات. 

PUKmedia شیهاب عوسمان- ئەڵمانیا
به‌روار:  27/05/2017
6493   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   973
کۆی سه‌ردان:   29255920