" لە سوید ڕەچاوی ڕەوشی خوێندکارە بە ڕۆژووەکان دەکرێ"
نیگەرانی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا قوتابیان دەتوانن رۆژێکی دوور و درێژ بە بێ خواردن و خواردنەوە تێپەڕ بکەن و هاوکات هۆشیان لە سەر وانەکانیشیان بێت.
سبەی مانگی رەمەزان دەست پێ دەکا و پرسی بەرۆژووبوونی قوتابیان بە گشتیی و قوتابیانی سەرەتایی بە تایبەتیی جارێکی دیکە بووە بە پرسی رۆژ. بۆ نمونە ئایا قوتابخانەکان ڕێگە بە منداڵانی قۆناغی سەرەتای دەدەن بە ڕۆژووبن یان نا. یان هێدێرۆس بەڕیوەبەری خوێندنگەی (Alla nations fria skolan) و بەشی کوردی رادیۆی سوید سەردانی قوتابخانەکەیانی کردووە. سەبارەت بە رۆژووبوونی قوتابیەکان هێدێرۆس دەڵێ:
ئێمە هەوڵ دەدەین کە تاقیکردنەوە گەورەکان لەو ماوەیەدا دانەنێین ، ئەوساڵ لەگەڵ تاقیکردنەوە کۆتاییەکان هیج کێشەمان نیە، چونکە ئەو ساڵ زووتر بەرێوەچوون، مامۆستاکان ئاگایان لەو باسە هەیە و رەچاوی قوتابیان دەکەن، بۆ ئەو قوتابیانەش کە موسوڵمان نین وانەکان وەک خۆیان دەچنە پێش
ئەوان لە ماڵپەڕەکەیان دا خۆیان بە خوێندنگەیەکی فرە کلتووری دەناسێنێن و لە خواردنگەکەشیان خواردنی حەڵال ئامادە دەکەن، لەو خوێندنگەیەدا کە دەکەوێتە ناوچەی ( Vårberg) لە ستۆکهۆڵم ١٨٠ قوتابی تاکو پۆلی ٩دەرس دەخوێنن، زۆربەیان لە دەرەوەی سوید لە دایک بوون و کۆچیان کردووە یان دایک و باوکیان لە وڵاتانی ترەوە روویان کردۆتە سوێد و بۆخۆیان لێرە لە دایک بوون.
جێی باسە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا دەستەی بەڕێوەبەری خوێندنگاکان لە شارەوانی(Ronneby) لە نامەیەک بۆ بنەماڵەکان داوایان لەو قوتابیانە کردووە کە بە رۆژوو دەبن نەیەنەوە بۆ خوێندنگە و بەرپرسایەتیی ئەو قوتابیانەش ناگرنە ئەستۆ، یا ئەگەر بزانن قوتابیەک بە رۆژوویە بە زوویی پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە دەکەن.
نیگەرانی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا قوتابیان دەتوانن رۆژێکی دوور و درێژ بە بێ خواردن و خواردنەوە تێپەڕ بکەن و هاوکات هۆشیان لە سەر وانەکانیشیان بێت، یان چۆن دەتوانن لە وەرزش و چالاکیە جەستەییەکانی دیکەدا بەشداری بکەن. خوێندنگەکان کامە رێوشوێن دەگرنە بەر بۆ ئەوەی کە بتوانن بە باشترین شێوە لەو مانگەدا بتوانن وانەوتنەوەکان و تاقی کردنەوەکان درێژە پێ بدەن و ئەوانەش کە بەرۆژوو دەبن لە وانەکانیان دانەبڕێن.
یان هێدێرۆس دەڵێ کە ئەوان هەوڵ دەدەن وانە وەرزشیەکان لە گەڵ بەرۆژووبوونی قوتابیەکان دا بگونجێنن ، بەڵام ئەوساڵ کێشەیەکیان نیە چونکە تەنیا دوو یا سێ وانەی وەرزشی ماوە.
هاوکات ناشیشارێتەوە کە لە رۆژانی رەمەزان دا قوتابیەکان هەست بە ماندووبوون و بێتاقەتی دەکەن و بەشێکیشیان هیچ ناڵێن، منداڵە بچووکەکان بەڕۆژوو نابن و بۆوان باش نیە، هێندێکیشیان تەنیا دەیانهەوێ تاقی بکەنەوە، بۆ نموونە تەنها رۆژێک کە بزانن بەرۆژوو بوون چۆنە.
یان لە وڵامی پرسیارێک دا کە ئایا کاردانەوەی بنەماڵە و منداڵەکان چۆنە ئەگەر باس لە بەرۆژووبوون یان نەبوون بکرێ، ئەو دەڵێ کە هیچ کات ناکۆکی دروست نەبووە و پەیوەندی باشمان لە گەڵ بنەماڵەکانیان هەیە. جێی باسکردنە مانگی رەمەزانی ئەوساڵ بەشێکی کەمی دەکەوێتە کاتیی خوێندنی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندییەوە.
بهروار: 26/05/2017
1478 جار خوێندراوهتهوه
|