منداڵێک شیری دایکە مردووەکەی دەخواتەوە
رووداو - هەولێر
لە هەرێمی دامۆ-ی هیندستان پۆلیس ئاگادارکرانەوە لە بوونی رووداوێکی مردن، کاتێک گەیشتنە شوێنی رووداوەکە دیمەنێکی چاوەڕوان نەکراویان بینی، کە هێندەی مردنەکە تراژیدی بوو.
رۆژی سێشەممە، 23-5-2017 پۆلیسی هیندستان گەیشتنە شوێنی رووداوی مردنی ژنێک، دوای نزیکبوونەوە لە تەرمی ژنەکە، بینیان منداڵێک کە تەمەنی تەنیا 17 مانگە، هەوڵدەدات شیر لە مەمکی دایکە مردووەکەی بخوات.
مۆنو بالمیکی، ژنێکی گەواهیدەری رووداوەکەیە و، تەمەنی 27 ساڵە، دەڵێ "لە نزیک هێڵی شەمەندەفەر تەرمی ژنێکمان بینی و پۆلیسمان ئاگادارکردەوە، نزیکبووینەوە منداڵێکیشمان لە پاڵییەوە بینی، کە شیری دایکی دەخواردەوە، دیمەنەکە هەموومانی بەگریان هێنا".
پۆلیس هێشتا هۆکاری مردنی ئەو ژنە نازانن، بەڵام لەدوای رووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. ناند رام، سەرۆکی پۆلیسی تایبەت بە هێڵەکانی هاتووچۆ لەو هەرێمە دەڵێ بەڕاستی دیمەنێکی زۆر خەمناک بوو و ئێمەی شۆک کرد، دایکەکە مردبوو و منداڵەکەی بەبێ هیچ خەوشێک لە تەنیشتی بوو، لە برسانیش هەوڵی دەدا شیری دایکە مردووەکەی بخواتەوە.
منداڵەکە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، پشکنینی بۆ کراوە، پاشان بردراوەتە ماڵێکی بێ سەرپەرشتان و، ئێستاش پۆلیس لەلێکۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی بزانن خانەوادەکەی کێن و رادەستیان بکەنەوە.
بهروار: 26/05/2017
478 جار خوێندراوهتهوه
|