نهێنی ئەم چەند رۆژەی دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا
ئەو هەموو فرمێسك و شین و واوەیلا دەستەجەمعیەی كورد بۆ نەوشیروان موستەفا سیحرێكە تا ئێستاش بە نهێنی ماوەتەوە. ئەتوانین هەزار و یەك سەبەب لە هۆكاری عەقڵی ریزكەین بۆچی خەڵكی خەمبارن بۆ كۆچی كاك نەوشیروان، بەڵام ئەم خەمە لەوە گەورەترە عەقڵ بە تاقی تەنێ بتوانێ دەركی پێبكات.

وائەزانم ئەم هەستە تەنها خەمباری نەبێ، بەڵكو هەستێكی قووڵیش بە گوناه لەنیو گریان و فرمێسكی هەر یەكێكماندا خۆی حەشارداوە. هەستەكەین ئەمانتوانی زیاتر لەگەڵی بین و نەبووین. هەستەكەین ئەمانتوانی زیاتر بە دەم بانگەوازەكەیەوە بچین و نەچووین. هەستەكەین ئەمانتوانی سەردانێكی بكەین و نەمانكرد. هەستەكەین ئەمانتوانی پرسیاری لێ بكەین و نەمانكرد. پەشیمانین لەوەی رێگەماندا دوو ساڵ بێدەنگ بێت. هەستەكەین ئەمانتوانی بێجگە چاوەڕوانی شتێكی تریش بكەین و نەمانكرد.

ئێمە مامەڵەی 'مردن' ناكەین لەگەڵ نەوشیروان موستەفا بەڵكو مامەڵەی 'ئینقیراز' ئەكەین. یەقینمان هەیە كە نەوشیروان موستەفا ، سنفێكی جیاوازی بەشەر بوو. بە مردنیشی، بە یەكجاری ئینقیرازی كرد. ئەم بڕوایە لە یەك كاتدا گەورەترین خەفەتە و لە هەمان كاتیشدا گەورەترین خۆشیە. خەفەتەكە لەوەدایە كە زۆر شت مابوو تەنها بە ئەو ئەكرا و پێش كردنیان رۆشت، خۆشیەكەیشی لەوەدایە كە خەیاڵمان ئاسودەیە و ئێستا كە ئەزانین نەوشیروانێكی تر مەحاڵە، ئەركی گەڕانمان بەدوای نەوشیروانێكی دیكەدا لە كۆڵ بۆتەوە.

خەمی ئێمە بۆ مردنی نەوشیروان موستەفا خەمێكی ئەنانیە. واتە ئەوەندەی پەیوەستە بە بەرژەوەندیەكانی خۆمانەوە، ئەوەندە پەیوەست نیە بەوەوە. ئێمە چەند ئەومان خۆشئەویست، ئەوەندەش پیویستمان پێی بوو. ئێمە كلیلەكانی دەروازەی قەڵامان تەسلیم كردبوو و قەناعەتیشمان وابوو هەر ئەوەندەی بزانن ئەو پاسەوانی دەروازەیە، ئێمە ئەتوانین بە ئارامی بنوین.

ئێمە خەمباریشین بۆ بێ وەفاییمان. هەستەكەین وەك بەنو ئیسرائیل كە بە موسایان وت خۆت و خواكەت بڕۆن شەڕ بكەن ئێمە لێرە چاوەروانتانین ، ئێمەش ئاوا نەوشیروان موستەفامان سەرپشك كرد و خۆی و خوای خۆی بڕۆن و شەڕ بكەن. ئەو پیاوە هەموو خەونی ئەوە بوو پێش مردنی ببینێ كە ئیدی ئێمە پێویستمان بەو نیە. ئەو ئەیویست قەناعەت بهێنێت بە خۆی كە گەنجەكان ئەكرێت متمانەیان پێ بكرێت و بكرێنە كاپتنی كەشتیەكە. بەڵام هەركەس هەستا، ئەوی بێ ئومێد كرد. ئەو وەك مامۆستای یەكی بنەرەتی فێری ئەلف بێی كردین و ئەیویست بمانبینێ حونجە ئەكەین بەڵام ئێمە تا ئەوكاتەی مردیش پیتەكانمان بۆ نەلكێنرا بەیەكەوە. ئەو خۆی لە عەیش و نۆشی زەعامەت و ، مەجلیسی خواردنەوەی دەوڵەتمەداران و، ئیمتیازاتی شیرینی نەوت بێ بەش كرد ، بەڵام رەش و رووت پێشبركێیان بوو سێڵفی لەگەڵ ئەوانە بگرن. 
ئەگێڕنەوە ئەو كاتەی حەزرەتی محەمەد ئەو ئایەتەی بۆ هاتە خوارەوە كە ئەڵێ ئەمرۆ ئیتر دینەكەت تێر و تەواوە، هەموو خۆشەویستانی دەستیان كرد بە گریان، چونكە زانیان مادەم ئەركی ئەو تەواو بووە، ئیدی رۆشتنیشی نزیكە. مرۆڤە خاوەن پەیامەكان، تا ئەو كاتە لەژیاندان كە شتێكی تازەیان هەیە بۆ وتن. نەوشیروان موستەفا دو ساڵە هەست ئەكات ئەو پەیامەكەی خۆی بەتەواوەتی گەیاندووە و، كۆچكردنی تەنها مەسەلەی ئان و سات بوو. نەوشیروان موستەفا بتێك نەما نەیشكێنێ، شەڕێك نەما نەیكا، هەنگاوێك نەما نەیگرێتە بەر، ئیدی كاتی ماڵئاوایی كردنی هاتبوو، بەڵام ئێمە هەر ئامادە نەبووین بۆ ماڵئاوایی.

نەوشیروان موستەفا بەم دواییانە زیاتر خەمی درەخت و نەمامەكانی قەندیل و ، مار و مێروەەكانی گەرمیانی زیاتر ئەخوارد تا مرۆڤەكان. ئەمە هەم فراوانبونێك بوو لە دیدی ئەو بۆ ژیان و هەم بێ ئومێدییەكیش بوو لە مرۆڤ. ئەو ئامانجی دیزاینكردنەوەی كۆمەلگە نەبوو، بەڵام ئەگەر بیزانیایە سوودی هەیە، داوای ئەكرد لەمەودوا لەجێی ئەوەی مناڵمان بێت، درەخت بچێنین. لەجێی ئەوەی مرۆڤی زیاتر بخەینەوە، خەمی ئەو زیندەوەرانە بخۆین كە ئیستا لەژیاندان. ئەو وەك ئەوە وابوو كە كۆتایی دونیای بەچاوی خۆی بینێبێ.

چەند سەیرە، ئەو مرۆڤەی گەورەترین شۆرشی گۆرانكاری بەناوی كۆمپانیای ووشە دەست پێكرد، لە دو ساڵی كۆتایی ژیانیدا ، كەمترین وشەی وت و نووسی. مرۆڤێك كە ئامادە بێ بەبێدەنگی ماڵئاوایی لەم ژیانە پڕ غەوغایە بكات، ئەبێت زۆر دڵشكاو بێت.

نەوشیروان موستەفا لەژیانیدا هەموو شتێكی كرد كە مرۆڤێك بتوانێت بیكات بۆ باشتركردنی بارودۆخی گەلەكەی، لە ١٩ ی مایس گەشتە ئەو بڕوایەی تەنها یەك شت ماوە بیكات، ئەویش مردنە. ئەو رۆژووی بێدەنگی نەشكاند، بەڵام ویستی بە مردنەكەی شتێكمان پێ بڵێت. ئەگەر نەیویستایە بە مردن پەیامێك بنێرێت، بۆ كۆتا رۆژانی تەمەنی نەئەگەرایەوە كوردستان.

نەوشیروان موستەفا چەند رۆژێكە بەجێی هێشتووین، ئەو بەبێدەنگی راكشاوە، بەڵام لەو رۆژەوە لەگەڵیدا دەدوێین. كێ ئەڵێ ئەمە هەر ئەوە نەبوو كە ئەو ئەیویست بە مردنەكەی پێمان بڵێ. ئەوەتا ئەو بێدەنگە و ئێمە قسە ئەكەین. ئەو ناجوڵێ و ئێمە ئەجوڵێین. ئەو ناگۆڕێ و ئێمە ئەگۆڕێین.

نەوشیروان موستەفا لە گردی زەرگەتەش لای ژوری پاسەوانەكانەوە نێژراوە، وەك ئەوەی بڵێ من دوای مردنیشم هەر ئیشی خۆم ئەكەم. بەڵام ئیتر ئێستا سەرەی ئێوەیە.

دانا نەوزەر
شارپرێس
به‌روار:  24/05/2017
4160   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   805
کۆی سه‌ردان:   29234534