پەخشانێک و دوو ووشە پێشکەشە بە کاکە نەوە
                                                     مەهدی خالید خەمبار 
مێرد مناڵێ .. کاتێ دەبێ بە ١٦ ساڵ .. عەشقی گەل و نیشتیمانی .. ڕوەو ئاسۆ ..وەکو هەڵۆ دەیخاتە باڵ .. هەر ئەو کوڕە ١٦ ساڵە .. گەورە دەبێ .. ئازاری گەل دەکاتە کۆڵ .. بە هەڵکشانی تەمەنی .. کوردایەتی لە ناخیدا .. دژ بە زوڵم و جەور و ستەم گەورەدەبێ .. هەر ئەو کوڕە مێردمناڵە .. کەیف و سەفای شار جێدێڵێ ... دەبێتە پێشمەرگە و پاڵە .. ڕێکخراوێکی مارکسی  بنیات دەنێ .. لە دوای ئەوەش .. لە گەڵ  هاوڕێ و هەڤانی ... یەکێتی دادەمەزرێنن . 
 کەڵەپیاوێکی هەڵکشاو.. سەری بەرز .. گەشی پڕبو لە چاوانی .. ناخ و هەست و ویژدان بێگەرد .. بێخەوش و ڕون وەکو کانی .. کەڵە پیاوێک .. تا چاو بڕکا پڕ لە وورە .. وەکو قەندیل گەردەن کەش بو .. لە نێو دڵ و ویژدانیدا .. نەکورد گەلێکی چوار گەل و نەکوردستانیش ٤ بەش بوو ..  چوار وەرزی ساڵ .. لە ڕۆژانی بێ ئومێدی .. لە هەوراز و لە هەڵدێر و لە گلانا.. لەو کاتانەی بە تولەڕێشدا هەڵدەگژا .. لەو کاتانەی هەوری ماتەم ئاسمانی شینی دەتەنی .. کاکە نەوەی پڕ لە وورە پێدەکەنی 
ئەم کەڵە پیاوە خاکیە .. ئەم سەرکردە ... گیرفان وەک سکی هەژار برسیە .. ئەم ڕابەرە خۆنەویست و بێ سەڵتەنەت و کورسیە .. ئەم سەرکردە وەک ئێمەومانان هەژارە ،، ئەم ڕێبەرە بێ تەلار و بێ نەوت و سەفتە دۆلارە .. لە نێو ژانی ئێمە ژیا ... تین و بازوی نەداران بوو .. هەر بەیادی جارانەوە .. لەتە ئاوێنەکەی شاخی .. لەگیرفانبو .. گەر بچوایە بۆ هەر شوێنێ و لە کوێ بوایە .. هەمیشە ئەو وایدەزانی .. پێڵاوەکانی جارانە و ئەدیداسە .. جلەکانی هەر جلەکانی جارانە ... مارشی سەر کاسکێتەکەشی چەکوشوداسە .. وایدەزانی  ماڵەکەشی ژێر ئەشکەوت بن سێبەری دار قەزوانە .. ژیان لای ئەم کەڵە پیاوە .. سەرلەبەری .. گەر بۆ ئازادی گەل نەبێ .. کام پێناسەیتر هەڵدەگرێ ؟
سولێمانی .. هۆ کوردستانی ژانگرتو .. جوامێرەکەی حەفتاکانت .. ئەمڕۆ  سبەی .. دەگەڕێتەوە بۆ وڵات .. بۆ دوبارە داڕشتنەوەی .. شێوازێکی تری خەبات . 
 شەو درەنگبو .. لە سەر پشتی ئەسپێ سپی .. دیم دابەزی .. بەڵام چیم دی.. جوامێرەکەی جاری جاران .. بەڵام  شەتەک ماندو.. ماندو .. لە نێوانی وورە بەرزی و گیانەڵادا پێدەکەنێ ... نە توانی هەواڵی مام و نە شاریشم لێ بپرسێ .. نە لە سەر پێیەکانیشی وەکو جاران ..  ڕابوەستێ .. ئیتر زانیم .. ئازارێکە و دەیهەژێنێ .. بەڵام هێشتا دڵی ناهات .. بەهەواڵی کۆچەکەی خۆی گەلەکەمان بتاسێنێ .. زۆر پەلەی بوو .. بۆ چەند ساتێک بەر لە کۆچی .. بە ئارامی .. دوا ساتەکانی تەمەنی لە کوردستانەی بۆی ژیا بەسەربەرێ .  
من وامزانی.. سەرکردە خاکیەکەی نیشتیمان .. کە دێیتەوە دەبیتەوە فریادڕەس و دەبیتەوە کاکە نەوەکەی ڕەنجدەران .. تۆ دەبیتە فریادڕەس و هەرەس دەهێنی بە قەیران .. ئاو دەبەیتەوە بۆ جۆبار ... دێبەر دەکەیت بە گوڵستان .. دەبیتەوە  بە ئەندازیار .. بۆ بەرەی نوێی کوردوستانی ..ڕاپەڕین نوێ دەکەیتەوە .. دەبیتەوە بە ئەندازیار .. بۆ پەڕلەمان ، بۆ گۆڕینی یەکجارەکی حوکمڕانی ... ەم خەرابستانە وێرانە لە نوێ بنیات دەنەیتەوە .. ئێدی داری ئازادیمان .. گۆپکە دەکا و دەژێتەوە .
.....................................................................................
هۆ کاکە نەوەکەی جاران ! 
ئەوەی کە تۆی گەیاندەوە نیشتیمان .. ئەوە شەپۆڵی مەرگ بوو .. مەرگێک کە لە کاتەکەی ئاگاداربویت .. هەربۆیە بەپەلەپەل خۆت گەیاندەوە نیشتیمان تا ئەو بەڵێنەت ببەیتەسەر کە لە ڕۆژاانی شاخدا بە هاوڕێ دێرینەکەی خۆت مام جەلالت دابو،،، با لە کوردستان بمرین و بنێژرێین. بەڵێنەت بردەسەر و بۆ ئامادەسازی بۆ مەرگێکی پێشوەختە زانراو گەڕایتەوە کوردستان . 
ئەمڕۆ تۆ لە کات و دۆخێکی زۆر چارەنوسازدا ماڵئاوایی لە گەلەکەت دەکەی.. لەم کاتەی کە هەمولامان لە کوردستانی گەورەدا ئومێدێکی زۆرمان لەسەرت هەڵچنیبوو ..تۆ دەڕۆیت و سەرکردە کاریزماکەی هاوڕێی دێریت مام جەلالیش ئەوەتا دەیبینین.. ئیترئێمە ڕادەستی قەدەر و ئایندەیەکی نادیار دەکرێین
 ماڵئاوا ئەی ڕابەر و پێشەنگە خۆنەویست و دەست و داوین پاک و نیشتیمان پەروەرەکە ماڵ ئاوا .. ماڵ ئاوا سەفەرت سەلامەت ،، تۆ بە فیزیکی لە نێو نەتەوەکەت ونبویت ،، بەڵام ڕێباز و فەلسەفە و بیر و عەقڵە گەورەت وەک بەنرخترین دیاری بۆ نەتەوە و حیزبەکەت و هاوڕێبازە دێرینەکانیشت  لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بەجێهێشت .. سەروەت و سامانێکی زۆر و زەوەند کە دەگمەن سەرکردەو ڕێبەرەکان دوای خۆیان بەمیرات بۆ گەل و حیزب و مالبات و خێزان و شوێنکەوتوانیان بەجێیبهێڵن کە ئەویش ئەو ڕابردوە پاک و ئەو مێژوە جوان و ئەو عەقڵە جیهانبینی و نیشتیمان پەروەریەتە کە لەبری کۆشک و تەلار و کۆمپانیای زەبەلاح و تەخت و تاراج تۆ بۆ دوای خۆت بەجێتهێشت ، بۆیە دەبێت هەمو لایەک دان بەم ڕاستیەدا بنێن و شانازی پێوە بکەن .  ئەمڕۆ شابازێکی کەم وێنەی خۆنەویست و ئازار چەشتە و پێشمەرگەیەکی قاڵەوەبوی هەمو شێوازەکانی خەبات .. سەرکردەیەکی خاکی و بەئەمەک ماڵئاوایی کرد. کاکە نەوە بە هەژاری ژیا و بەهەژاری بو بە دامەزرێنەری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بو بە پێشمەرگە و بەهەژاریش بوو بە سەرکردە و بەهەژاریش بو بە  ڕێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان و بە هەژاریش ماڵئاوایی لێمانکرد .. هەقە وەسیەتەکانی ئەسکەندەری مەکدۆنی بۆ جێبەجێ بکرێ !
لەدەستدانی کاک نەوشیروان لەدەستدانی زۆر فەرهەنگ و ئەزمونی سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، مێژویی ،  زانستی و زۆر دسپلینی بەسەلیقەیی ڕابەرایەتیکردنی شەرەفمەندانەن.. لە دەستدانی سەرکردەیەکی بلیمەت و پاکمێژو پاکڕابردوو زەرەرێکی گەورە و پڕ ژانە کە بەر کۆی بزاڤی کوردایەتی  و گەلی کوردستان و ئایندەی نەتەوەکەمان دەکەوێ  
ڕوحت شاد کاک نەوە کەرەمکە ئۆغرت خێر و لە تەنیشتی شەهید ئارام و هەڤالە جوامێرەکانتەوە تیر بنو 
لە سەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ئەرکێکی مێژویی و ننیشتیمانی و ئەخلاقیە کە وەک وەفایەک بۆ هەردو سەرکردەی مەزن و شۆڕشگێڕ جەنابی مام جەلال و ڕوحی پیرۆزی کاک نەوشێروان پێویستە بەوپەڕی مەسئولیەت و متمانەوە دەست بەجێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێکەوتننامەیەی دەباشان بکەن کە لە لایەن هەردو سەرکردەوە واژۆ کراوە، نابێت لەوە زیاتر خاوەخاو و شانشۆڕی لێبکرێت .
کاکە نەوەی پێشمەرگە و سەرکردە و مێژونوس و ڕۆژنامەناو و سیاسەتوان و بیرمەند و مامۆستا و دینەمۆ و داڕێژەری داهێنانە گەورەکان شایانی هەمو ڕێز و بەئەمەکیەکە و مێژو دەبێت ڕەوشتە بەرزەکانی کاکە نەوە بۆ نەوەکان وەک خۆی بگێڕێتەوە و سەرکردە سیاسیەکانی ئێستا و داهاتوی گەل پێویستە زۆر وانەی لێوە فێرببن  .. 
دوبارە ڕوحتان شاد و خەباتەکەتان بەردەوام و گەشاوە.  

به‌روار:  23/05/2017
666   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   550
کۆی سه‌ردان:   29261598