مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی: به‌شكۆوه كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ دونیای نه‌مری به‌ڕێده‌كه‌ین
بۆ كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌ركرده‌ی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌تی: گه‌لی ئازادیخوازی كوردستان ! هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی ! به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه، ئه‌مڕۆ سه‌عات (8)ی سه‌رله‌به‌یانی، به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، دوای ته‌مه‌نێكی درێژ له خه‌بات و كۆڵنه‌دان و به‌رپرسیارێتی مێژوویی له ساڵانی په‌نجاكانه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ، به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه، ژیان ئاوایی لێكردین. یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، له كاتێكدا به خه‌مێكی قوڵه‌وه، له‌م رۆژه خه‌مباره‌دا، به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كان و پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتیه‌وه، كۆچی دوایی به‌ڕێز (نه‌وشیروان مسته‌فا)مان زانی و به‌م بۆنه‌یه‌وه، هاوخه‌می بۆ مناڵه‌كانی و كه‌سوكار و هاوڕێبازه‌كانی، له هه‌مان كاتدا، بۆ ته‌واوی ئه‌ندامانی یه‌كێتی و هێزی پێشمه‌رگه و كه‌سوكاری شه‌هیدان و تێكڕای گه‌له‌كه‌مان، ده‌رده‌بڕین، دوپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه كه‌وا: یه‌كێتی و گه‌له‌كه‌مان، له هه‌لومه‌رجێكدا، به‌شكۆوه كۆچی دوایی رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ دونیای نه‌مری به‌ڕێده‌كه‌ین، ئاشكراشه یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ساڵێكه رێككه‌وتنی سیاسی دووقۆڵیمان هه‌یه، به‌ڵام جێی داخه، هێشتا كۆده‌نگی نیشتمانیی لایه‌نه سیاسییه‌كان، دوای هه‌وڵێكی بێ‌وچان به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن یه‌كێتی-یه‌وه، نه‌گه‌یشتوه‌ته ئه‌نجام، سه‌ره‌نجام، په‌رله‌مانیش كارا نه‌كراوه‌ته‌وه. ئێمه وه‌كو یه‌كێتی له‌م كاته‌شدا رایده‌گه‌یه‌نین كه‌وا: - چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، له‌ناو هێزه سیاسییه‌كان، بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره سیاسیه‌كان، زۆر به گرنگ ده‌زانین. - كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، ئه‌ركێكی نشتمانی و یاسایی، به‌ڵكو سیاسی چاره‌نوسسازیشه. - رێككه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان، هاوكات خه‌بات بۆ جێبه‌جێكردنی نه‌خشه‌رێگای یه‌كێتی، گرنگییه‌كی مێژوویان بۆمان هه‌یه و یه‌كێتی بێ درێغ له پێناویان‌دا تێده‌كۆشێت. له كۆتایشدا ده‌ڵێین: سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كانی نێوانمان، پێمان باشه دواچاره‌سه‌ری نێوان یه‌كێتی و گۆڕان، هه‌روه‌كو چه‌ندین جار گوتومانه، به یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوولامان، مژدانه‌ی گه‌له‌كه‌مان بێ و به‌م یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ش، رۆحی كاك نه‌وشیروان وه‌كو هاوڕێی دێرینی جه‌نابی مام جه‌لال و تێكۆشه‌رێكی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی و رۆڵی مێژوویی له خه‌باتی مێژوویی شۆڕشی نوێ دا، شاد و هه‌ستی هاوڕێیه‌تی و هاوخه‌باتی مام جه‌لال-یش ئاسوده ده‌بێ، بێگومان ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری هه‌ردو لایه‌نیشمان ساز ده‌بن بۆ راپه‌ڕاندنی باقی ئه‌ركه‌كانی دیموكراسی و كوردایه‌تی، له پێشه‌وه‌دا ئه‌ركی ریفراندۆم و له ئاكامیشدا سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش. گیانی كاكه (نه‌وه) شاد بێ و ته‌مه‌نی بۆ مناڵه‌كانی درێژ‌و ئامانجه‌كانی یه‌كڕیزی و رێككه‌وتنی نێوانیشمان، به‌دی بێن
سایتەکان
به‌روار: 20/05/2017
869 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|