داعش داوای لێبوردن لە ئیسڕائیل دەكات
خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزیری بەرگری پێشووتری ئیسڕائیل ئاشكرای دەكات، كە ڕێكخراوی داعش تەنها "یەك جار بە هەڵە" بۆردومانی ناوچەكانی ژێر دەستی وڵاتەكەی لە جۆلان كردووە و جەختیشدەكاتەوە، كە داعش پۆزشی هێناوەتەوە.

موشیە یەعلون، وەزیری بەرگری پێشووتری ئیسڕائیل سەبارەت بە هێرشەكەی شەوی هەینی ڕابردوو، كە كرایە سەر ناوچەكانی ژێر دەستی ئیسڕائیل لە جۆلان ڕایگەیاندووە، داعش تەنها یەك جار بۆردومانی جۆلانی كردووە و لەسەر ئەوەش داوای لێبوردنی كردووە و پۆزشی هێناوەتەوە.

ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی (10)ی ئیسڕائیلی لەزاری موشیە یەعلون بڵاویكردەوە، كە زۆربەی حاڵەتی بۆردومانەكان لەو ناوچانەوە دەكرێن، كە كەوتوونەتە ژێر دەستی سوپای سوریا، بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا یەك حاڵەت هەبووە، كە داعش ئەنجامی داوە بۆ ئەوەش پۆزشی هێناوەتەوە.

ئەو بەرپرسەی پێشووی ئیسڕائیل پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی ئێران دەكات و دەڵێت: "ئێرانییەكان لەپشت هێرشەكانی سەر ئیسڕائیل-ەوە"

جەختیشی كردۆتەوە، داعش یەك جار هێرشی كردووە، بەڵام ئێران بەردەوام هێرش دەكات.

شەوی هەینی ڕابردوو، سێ‌ مووشەك لە سوریاوە ئاڕاستەی ناوچەكانی ژێر دەستی ئیسڕائیل لە جۆلان كرا و هیچ زیانێكی گیانی و مادی نەبوو.

سەرچاوە: RT


به‌روار:  23/04/2017
4127   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   228
کۆی سه‌ردان:   29306267