ئاسایشی سوید ئەو کەسەی گرتەوە کە مزگەوتی سیستانی لە مالمۆ سووتاندووە
دادگای بەرایی مالمۆ ئەمڕۆ بڕیاری ئازادکردنی ئەو پیاوەی دا کە گومانی سووتاندنی کۆمەڵەیەکی شیعی لە مالمۆ لێ دەکرا، سێپۆ ڕاستەوخۆ دوای بڕیاری دادگا دەستگیری کرد.

هەرچەندە بەرپرسی دادوەران ئاگنێتا هیلدینگ کڤانسترۆم داوای پێنج ساڵ زیندانی بۆ ئەو گومانلێکراوە کردبوو بەڵام بە پێی دادگا هیچ بەڵگەیەک یاخود شایەتحاڵێک نییە کە ئەو پیاوە 30 ساڵانە کۆمەڵە یاخود بنکەی کۆبوونەوە و نوێژکردنی شیعەکانی مالمۆی سووتاندبێت لەبەرئەوە بڕیاری ئازادکردنی دا و بەو پێیە نانێردرێتەوە وڵاتی خۆی.

هەروەها ئەو کردەوەیە بە کاری تیرۆریستی چاوی لێ ناکرێت لەبەرئەوەی بە پێی دادگا کردەوەکە لە ئاستێکدا نەبووە کە مەترسی لەسەر ئاسایشیی وڵات دابنێت، هەر بۆیە ئەو کارە لە داگا لەژێر ناوی هەوڵی کوشتن لێی کۆڵدراوەتەوە نەک وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی.

بەرپرسی ڕاوێژ لە دادگای مالمۆ لێنارت سترینێس دەڵێت گومان لەوەدا نییە کە ئەو کەسە لایەنگری داعشە بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ناتوانرێت ئەو تاوانەی لەسەر ساغ بکرێتەوە.

بەڵام هەر دوای دەرچوونی ئەو بڕیارەی دادگا شادییەکەی ئەو پیاوە زۆری نەخایاند ڕاستەوخۆ پۆلیسی ئاسایشی سوید، سێپۆ ڕایگەیاند کە بە گومانی ئەنجامدانی تاوان لە سویددا و بە پێی یاسای تایبەت بە بیانیان دەستەبەسەر دەکرێت.

هەر بە پێی ئەو یاسایە سێپۆ دەتوانێت داوا بۆ دەستگەی کۆچ بنێرێت کە ئەو کەسە مەترسیی بۆ ئاسایشیی سوید هەیە و دەبێت بنێردرێتەوە. سێپۆ دەتوانێت ئاماژە بە هەندێک بەڵگەی نهێنی بکات کە بەرەی پارێزەر لەو گومانلێکراوە بۆیان نییە بیبینن.

پارێزەری ئەو گومانلێکراوە لارش ئیدمان دەڵێت لەو کاتەدا زەحمەتە قسە لەسەر زانیارییەک بکەیت کە نەتبینیوە، ئەمەش بۆخۆی بۆشایی و نادڵنیایی دەخاتە پرۆسەی دادوەرییەوە.

جێی باسە بەپێی سێپۆ ئەو پیاوە گومانی لایەنگریی داعشی لێ دەکرێت و بەنهێنی گوێبیستی گفتوگۆ تەلەفۆنییەکانی ئەو پیاوە بوون کە وتوویەتی ئامادەیە لەو پێناوەدا شەهید بێت.

بەبیر دێنمەوە ئەو گومانلێکراوە کە خۆی ئیسلامێکی سونییە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابوردوو لەکاتی ئاهەنگێکدا لە بنکەیەکی شیعەکان لە شاری مالمۆ بە بۆمبێکی دەستکرد ئاگری بەردایە ئەو بنکەیە.

هەر ماوەیەک پێش ئێستا لە دۆکۆمێنتی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لە هاوسەری ئەو گومانلێکراوە، کە کەناڵی P4 Malmö  ڕادیۆی سوید بینیویەتی، پۆلیس هەڕەشەی لە هاوسەری گومانلێکراوەکەی کردووە کە ئەگەر زانیاری لەسەر هاوسەرەکەی نەدات ئەوا ئیقامە کاتییەکەی بۆ درێژ ناکریتەوە و دەنێردرێتەوە وڵاتی خۆی، بەو هۆیەوە سێپۆ لەلایەن شارەزایانی ئاسایش و دادوەرییەوە بەرەوڕووی ڕەخنە بۆوە.
لینکی هەواڵ
به‌روار:  21/04/2017
1031   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1080
کۆی سه‌ردان:   29309564