پێناسە و بەڵگەی سویدی بەکرێ دەدرێ بە وپەنابەرانەی بەڕەش دەژین
فرۆشتن و بەکرێدانی پێناسە و حسابی بانک بەو کەسانەی کە ئیقامەیان نییە و بەنایاسایی لە سویددا دەژین، بەئاشکرا ئەنجام دەدرێت.

بە بڕی 2500 کرۆن کەسێکی پەنابەر کە بڕیاری ناردنەوەی هەیە بەڵام بە نهێنی لە سویددا ماوەتەوە، دەتوانێت ژمارەی کەسێتی (personnummer) و ژمارەی بانک (Bankkonto) لە کەسێک بە کرێ بگرێت یاخود بکڕیتەوە. بەو شێوەیە دەتوانێت ئەو بەڵگە و پێناسانە بۆ گرێبەستی کار بەکاربهێنێت.

ئەم زانیارییانە لەلایەن بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید ئێکۆت دەرکەوتووە. یەکێک لەو کەسانەی کە پێناسەی خۆی بەکرێ داوە و لەم ڕیپۆرتاژەدا نهێنییە، واتا قسەکانی بە دەنگی کەسێکی دیکە دەخوێنرێتەوە دەڵێت بۆ نموونە گرێبەستی کار واتا کۆنتراکتی کارێک دەتوانیت بەناوی منەوە لەگەڵ خاوەنکارێکدا ببەستیت و کارەکەی خۆت بکەیت و مووچە وەربگریت.

ئەم جۆرە بازرگانییە بە پێناسە و حسابی بانکەوە تا ئێستا هێندە بێکێشە بووە کە ئەو پیاوە ژمارەتەلەفۆنی خۆی لە ئینتەرنێت بەئاشکرا بۆ ئەو کارە بڵاو کردۆتەوە.  ئەو هەروەها دەڵێت پێموایە لەسەدا 70 ی ئەو شوێنی کارانەی من دەیزانم دەتوانیت لەم جۆرە کەسانە بدۆزیتەوە. هەموو ناسیاوەکانی منیش خەریکی ئەو کارەن.

بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید، ئێکۆت هەروەها ئاشکرای کردووە کە پاسپۆرت و پێناسەی وڵاتانی یەکییەتیی ئەورووپا بەساختە دروست دەکرێت و دەفرۆشرێتە کەسانێک کە بە نایاسایی لە سوددا دەژین و کار دەکەن، بۆ نموونە قسەیان لەگەڵ یەکێک لەو کەسانە کردووە کە خەڵکی ئاسیای ناوەڕاستە و بە بڕی 1500 یورو پێناسەیەکی بولگاریی بۆ دروست کراوە. ئەو دەڵێت ئەو هەوییەی کاتێک بەکاردەهێنم ئەگەر پۆلیس لە تونێلبانا، واتا شەمەندەفەری ژێرزەمین داوای پیناسەم لێ بکەن، با وابزانن کە من کۆچەریی ئەورووپیم.

ئەو دەڵێت ڕیزێکی زۆرم بۆ سویدی و کۆمەڵگەی سوید هەیە و دەزانین کە ساختەکاریی لەو شێوەیە هەڵەیە بەڵام هیچ ڕیگەیەکی دیکەمان نییە، کەسوکارمان لە وڵاتی خۆمان برسین و دەبێت ئێمە یارمەتییان بدەین.

بەگشتی پیاوی زگورتی لە وڵاتانی سۆڤییەتی کۆنەوە بەزەحمەت ئیقامە لە سویددا وەردەگرن، هەربۆیە ئەم جۆرە بازرگانییە واتا کڕین و فرۆشتنی پێناسەی سویدی لە نێو ئەم گرووپەدا زۆر بەربڵاوە، بەو ڕێگەیە دەتوانن لە سویددا بمێننە و بژێوی خێزانەکانیان لە وڵاتی خۆیان دابین بکەن.

هەر لە ارپۆرتەکەی ئێکۆتددا هاتووە، گەر لە ئینتەرنێت بگەڕێیت بە ئاسانی ئەو سەکۆیانە دەدۆزیتەوە کە بە زمانی ڕووسین و خەڵکی تێیدا زانیاریی دەگۆڕنەوە و کڕین و فرۆشتنی کەلوپەل ئەنجام دەدەن بەڵام هەر لەوێ گرێبەستی ساختەی کار، ئەدرێس، هاوسەرگیریی ساختە، پێناسە و مۆڵەتی شۆفێریی وڵاتانی بەلتیک هەروەها ڤیزای پۆڵۆنی دەفرۆشرێت.

جێی باسە ڕەحمەت ئەکیلۆڤ ئەو پیاوە گومانلێکراوەی بە ئوتومبێلێکی بارهەڵگر کردە تیرۆریستییەکەی ستۆکهۆڵمی ئەنجام دا بەهەمان شێوەی لە سویددا ژیاوە بۆیە وا ئازادانە لە ستۆکهۆڵمدا سوڕاوەتەوە. بەپێی کەسێکی نزیک لە ئەکیلوڤ، گومانلێکراو بە ڤیزایەکی ساختەی پۆلۆنی هاتۆتە سوید و بەڵگەی لەو جۆرەی بە کەسانی دیکەش فرۆشتووە.

ئینگێیرد ڤیدەل بەرپرسی تۆماری هاوڵاتییان لە (Skatteverket) دەستگەی باج دەڵێت ئەم جۆرە کارانە پەسەند نییە و لێ دەکۆڵینەوە ئاخۆ پێشتر ئەم پرسە هاتۆتە بەردەستمان یاخود نوێیە و دەبێت کاری زیاتری بۆ بکرێت.

لینکی هەواڵ
به‌روار:  21/04/2017
7314   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   386
کۆی سه‌ردان:   29232109