چۆن نیشتیمانێکم بۆ ساز دەدەیت .!؟
نەبەز جەلال

دەپێم بڵێ ...!؟
نەخشی دەخیتەوە سەر کام شێوە .!؟
لە مەلۆتکە بەجێماوەکانی هەڵەبجە و
کام کاسە سەری شکاو ..
لە لەپی قرچۆکی دایکێکی جگەر سوتاو.!
تۆ چیدەکەیت ، چی..!؟
بە قەتماغەی کام برین و 
دەمووچاوی کام جەستەی سوتاوی خاک .!
خۆت دەردەخەیت ...!
یان وڵاتێک لە پێ دەخەیت.!؟
دەپێم بڵێێ...!؟
ئێمە لە کامە کانیاوی ژەهراوی زەمەن بخۆینەوە.!؟ 
کام تیشکی روناکی بکەینە خۆری ئازادی.؟
کامە ئومێدمان بخەینە پریاسکەوە بۆ سەفەر.!
مێژووی رەشتان چۆن وەلا نێین .!؟ 
بیخەینە کامە گۆڕی قوڵەوە..!؟
جێگەیەک نەما بۆ ناشتنی تەرمی ئێوە...!!
ئێوەی حیزب ، ئێوەی مشەخۆر..
کەلاک خۆر... ئێوەی ئێوە..!!
ئێمە ؛بێز لە دەستە خوێناویەکانتان دەکەینەوە
کەڵبەکانتان پڕ لەزەرووی لیقنن
بۆن پرکی هەناسەتان راوماندەنێت.
ئێوە دەمێکتان نەماوە بۆ ووتن... بۆ ژیان .!
ئێوە ئا ئێوە .. ئێوەی بەد کار..
سەر و برۆمان قۆچکە تاش و 
مل وگەردنمان لەپەت دەخەن..!
دەست و زمان ..
وەک پەلکی دار ،لەبن دەکەن .!
چۆن نیشتیمانێکم بۆ سازدەدەیت .!؟
ئەتۆ ...ئەتۆی جەلاد ... شەق بهاویت. 
کۆرپەی دایک ، لەسک دەرکەیت.!
چاو و شکۆ ...
شەرەفی شا ، بەهەدەر دەیت.!؟
"شەهید" سوک کەییت.!
خاک بفرۆشیت.
درۆ ، دزی ، ملیش کەچکەیت.!
چۆن نیشتیمانێکە چۆن دەپێم بڵێ.!!؟
شەڕواڵەکەش ،هی خۆم نییە
ئەم ووڵاتە ...!!
نان و ئاو و هەناسەشی...
بۆ ئەم گەلە مل کەچییە.!!!
١٣ |٤|٢٠١٧ ن.ج
به‌روار:  14/04/2017
764   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   418
کۆی سه‌ردان:   29233291