زەنگیانەی ئاویی .. رستی چوارەم

( گومان )
بڵێی، من و تەنیایی
عاشق و مەعشوقی یەك نەبین ؟
چون .. 
دڵم دەگوشرێ
کە، یەکێك دەیەوێت
تەنیاییەکەم لێتێكبدات .

( سەرپشك بە )
 زەردەخەنە
بێدەنگی .. ماچ،
لەمانە، کامیان، هەڵدەبژێری ؟
من بۆخۆم .. 
سێیەمیان.
  
( دڕك و گوڵ )
ئای، کە گوڵم دا
بە کەسانێك ..
کە، درکیشیان نە دەهێنا
وەلێ چیبکەم
ئەمن ئاشقی گوڵم .

 ( هەڵوەدا )
کێیە خاوەنی ئەو خەمەی
هەرچی مەیی مەیخانەیە
پێك لەسەر پێك فڕی بکا 
بەدوی ئەودا
هەڵوەدایە لە بۆ پێکێ ..
 دەسا با بێ
دوا پێکی .. ئەمن، فڕبکا.

( خۆزگەم بەخۆت )
تۆ خۆتیت، خۆ، من نیت
تۆیەکی لەپێکەوتوو
بەدارشەقی بن هەنگڵت
سەما دەکەیت،
منیش بە دوو قاچەوە،
لە سەما کەوتووم.

( تکایە )
هەرکات مردم
ئەگەر بەگۆڕا راگەیشتم
بەردی کێلەکەم، با سووك بێ
با، نێژەرانم ماندوونەبن.

( تیادامان )
هەرگیز وەك ئەمشەو،
تەنها نەبووم ..
وا هەست دەکەم
تەنیایی ئەمشەو، دەمخنکێنێ.
تیاداماوم ،
نازانم یەخەی کێ بگرم؟!
ئەگەر رۆژم نەکردەوە
هەرگیز لەوە نابورم،
تەنهای کردم ..
گەر، خۆشم بم.


                  فەتاح حەسەن
دانیمارك / ڤالبی                 

 






































































































































































































































گەر، 







































به‌روار:  12/04/2017
564   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   475
کۆی سه‌ردان:   29233157