سەربازە سویدییەکە لە شنگال ڕەتیکردەوە دەستگیر کرابێت

ئەو هاووڵاتییە سویدییەی هاتۆتە كوردستان شەڕی داعش بكات، وەزارەتی پێشمەرگە پێی دەڵێت پێشمەرگەو یەپەگەو یەبەشەش پێی دەڵێن شەڕڤان، دواجار خۆی هاتە قسەو چیرۆكی خۆی گێڕایەوە كە بەهۆیەوە وەزارەتی پێشمەرگەو فەرماندەیی یەبەشە رونكردنەوەیان بڵاوكردەوە.
بەپێی راپۆرت و ڤیدیۆیەك كە ئاژانسی فورات نیوز بڵاویكردۆتەوە، تۆنی ئێكمانی سویدی لەڕیزەكانی یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) لێدوانێكی وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی رەتكردەوەو ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەو نەڕفێنراوە.
تۆنی ئێكمان رایگەیاندوە، من تۆنی ئێكمانم، بۆئەوەی هاوكاری یەپەگەو یەبەشەو ئێزدییەكان بكەم هاتومەتە شنگال، تا ئەم هەرێمە لەدژی داعش بپارێزم لێرەم، بەداخەوە هەندێك شت هەن كە بەهەڵە تێگەیشتن هەبوە، دەمەوێت لێرەدا راستیان بكەمەوە، ماوەیەك پێش ئێستا پێكادانێك لەنێوان هێزە كوردییەكان دروستبو، منیش بە یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە)م وت ناتوانم بەشداری ئەو شەڕە بم، من بۆ شەڕی داعش هاتوم، یەبەشە وتی زۆر ئاساییەو دەتوانی بەشداری شەڕ نەبیت، ئەوانیش منیان بردە ماڵێك، بەهۆی كێشەی زمانەوە كە لەیەكتر تێنەگەیشتین، لەو ماڵەدا هەستم بەدڵتەنگی دەكرد، پاشان ماڵەكەیان گۆڕی، بەڵام هەر كێشەی زمان و تێگەیشتن هەبوو، من ئاشكرا دەمەوێت بڵێم كە من وەكو دیل لێرە نیم و من بەخواستی خۆم لێرەم، نەڕفێنراوم، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان هێزە كوردییەكان دەمەوێت لێرە بڕۆم و لەم ناوچەیە نەمێنم.
تۆنی دەڵێت: شەڕڤانان وتیان لەماوەی چەند رۆژێكدا ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت و منیش دەگەڕێمەوە وڵاتەكەی خۆم، كێشەی سەرەكی من كێشەی زمان بو، سەرەتا غەڵەت تێگەیشتم، كاتێك كە من وتم شەڕ ناكەم منیان بردە ماڵێك، منیش واهەستم كرد كە زیندانیان كردوم، بەڵام كاتێك وەرگێڕێك هات و شتەكان تێگەیشتم، ئیتر زانیم كە من زیندانی نەكراوم و لەبەرەكانی شەڕ دوریان خستومەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: دووبارە دەمەوێت بڵیم من وەكو دیل لێرە نیم، من نەڕفێنراوم، بەڵكو بە ئیرادەی خۆم هاتومەتە ئێرە، هیوادارم لەماوەیەكی نزیكدا بگەڕێمەوە شوێنی خۆم و لەم ناوچەیە دەربچم.
نالیا

ڤیدیۆ


به‌روار:  28/03/2017
1164   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   659
کۆی سه‌ردان:   29234049