15 پەنابەری تری ئەفغانی لە ئەڵمانیاوە گەیشتنە کابۆل
ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ حکومەتی ئەڵمانیا بۆ چوارەمین جار دەستەیەک لە پەنابەرانی ئەفغانی لە ئەڵمانیا دەرکرد و دیپۆرتی کردنەوە بۆ ئەفغانستان.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا (DPA)، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەی هەڵگری ١٥ پەنابەری ئەفغانی سنوورەکانی ئەڵمانیای تێپەڕکرد و پاشان لە کابۆلی پایتەختی ئەفغانستان نیشتەوە.
لە مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردووەوە بۆ ئێستا ٩٢ پەنابەری ئەفغانی لە ئەڵمانیا دەرکراون و نێردراونەوە بۆ وڵاتی ئەفغانستان.
بەرپرسانی ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیا ڕایانگەیاندووە، کە هەموو ئەو پەنابەرانەی دەرکراون پیاوانی گەنجی سەڵت بوون و تۆمەتباربوون بەوەی لە وڵاتی ئەڵمانیا تاوانیان ئەنجامداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوەندەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ ئەم هەڵسوکەوتەی ئەڵمانیایان لەگەڵ پەنابەران بە توندی شەرمەزار کردووە و ڕەخنەیان لێگرتووە.
وێڕای هەموو ئەو ڕەخنانەش دەوڵەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، بەنیازە ١٢ هەزار پەنابەری ئەفغانی لە ئەڵمانیا دەربکات و ڕەوانەی ئەفغانستانیان بکاتەوە.
بهروار: 28/03/2017
2621 جار خوێندراوهتهوه
|