سارا محەمەد دکتۆرای فەخریی بەهۆی چاونەترسی و بوێرانەی لە مافی کچان و ژنان، پێبەخشرا
بەشی پزیشکیی لە زانکۆی لینشۆپینگ دکتۆرای فەخریی بەخشییە سارا محەمەد، بەرپرسی ڕێکخراوی هەرگیز پێلا و فادیمە لەیاد مەکەن.
لە هۆکاری بەخشینی ئەم خەڵاتەدا بەشی پزیشکی لە زانکۆی لینشۆپینگ نووسیویانە:
بەهۆی چاونەترسی و پشتگیریکردنی بوێرانەی لە مافی کچان و ژنان، هەوڵەکانی بۆ بەرگرتن لە تووندوتیژیی بە پاساوی شەرەف و کارەکانی دژ بە خەتەنەکردنی کچان، بەشی پزیشکیی زانکۆی لینشۆپینگ پاراستنی بەها دیموکراتی و سێکیولارەکان بە گرنگ دەزانێت و سارا محەمەدش لە ڕێی دامەزراندن و کاری خۆبەخشانەی لە ڕێکخراوی هەرگیز پێلا و فادیمە لە یاد مەکەن (Glöm aldrig Pela och Fadime- GAPF) ، ئەو ڕێکخراوەی کردۆتە ناوەندێکی گرنگی زانیاریی لەو بوارانەدا. بە بێدەنگنەبوون و بەشداریکردنی لە گفتوگۆکاندا لەو بوارەدا، واتا بواری توندووتیژیی بە پاساوی شەرەف ڕووناکی دەخاتە سەر ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە ژیان و مردنەوە هەیە.
جێی ئاماژەیە ڕیوڕەسمی بەخشینی ئەو خەڵاتە سیمبولییە (دکتۆرای فەخریی) لە 20 مانگی مای داهاتوودا لە زانکۆی لینشۆپینگ بەڕێوە دەچێت.
سارا هەر ئەمڕۆ هاتە بەشی کوردیی ڕادیۆی سوید و سەبارەت بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە سیمبولییە دوا.
جێی باسە سارا محەمەد ساڵی 2001 ڕێکخراوی (Glöm aldrig Pela och Fadime) هەرگیز پێلا و فادیمە لە یاد مەکەن، دامەزراند، ئەو ڕێکخراوە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی بە پاساوی شەرەف دەکات.
سارا محەمەد لە ساڵی 1993 ەوە لە سوید دەژی و تا ئێستا جگە لەم خەڵاتە چەندین خەڵاتی دیکە لەبەرامبەر بە کارەکانی پێ بەخشراوە، بۆ نموونە:
لە ساڵی 2007 خەڵاتی پاڵەوانی ساڵی لەلایەن ڕۆژنامەی (Aftonbladet) ەوە پێ بەخشرا.
هەروەها ساڵی 2009 خەڵاتی (Tack för god hjälp) لەلایەن پۆلیسی سویدەوە پێ بەخشراوە.
ساڵی 2013 خەڵاتی (Ingemar Hedenius-priset) ی لەلایەن ڕێکخراوی هیومانیستەرنا (Humanisterna) پێ بەخشرا.
لینکی هەواڵ
بهروار: 27/03/2017
955 جار خوێندراوهتهوه
|