نەوشیروان مستەفا نامەیەکی ئاراستەی مەسعود بارزانی کرد
ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی پرسەنامەکەی بارزانی دایەوە و سوپاسی بارزانی کردوە کە پرسەنامەی بۆ ناردووە.

نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بارزانی نووسیوە "بە سوپاسێکی زۆرەوە پرسەنامەی سەرەخۆشی بەڕێزتانم پێگەیشت دەربارە کۆچی دوایی شوعلەی هاوسەرم، لەخوای پەروەردگار داواکارم ئێوە سەلامەت بن".

پێشتریش نەوشیروان مستەفا لەسەر کۆچی دوایی هاوسەرەکەی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە و وتی "سوپاسی یەک بە یەکی هەموو ئەو کەسانە ئەکەم کە چ بەسەردان یان نامە هاوخەمی خۆیان بۆ کۆچی دوایی هاوژین و هاوسەری ئازیزم شوعلە عەلی سەعید پێشانداوە و بەشداریکردنی ئێوە لە پرسەکە و هاوخەمیتان بۆ بنەمەڵەکەمان ئاسودەیی و ئارامی پێ بەخشین و ئەوەی بەبیری هەموومان هێنایەوە کە کوردەکان هەمیشە چۆن لە ناخۆشی و تاڵی ژیاندا هاوخەم و پشتگیریکەری یەکترن".

شوعلە عەلی هاوسەرى نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان ڕۆژی ١٧ ی ئازار لە تەمەنى ٦٠ ساڵیدا لە شارى سلێمانى کۆچى دواییکرد و لە گۆڕستانى گردى سەیوان بەبێ ئامادەبوونی هاوسەر و منداڵەکانی بەخاکسپێردرا.

شوعلە عەلی سەعید، لە ساڵی ١٩٥٧ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٩٨١ لەگەڵ نەوشیروان مستەفا هاوسەرگیری کردووە و له‌ هه‌موو وێستگه‌كانی‌ خه‌باتدا شانبه‌شانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا كاریكردووه‌، دوو کوڕ و کچێکیان هەیە بەناوەکانی نما و چرا و چیا و خاوەنی دووبرای شەهید بەناوەکانی شوان و شێرکۆ.

دوای کۆچی دوایی شوعلە عەلی، بەشێک لە حزب و لایەنە سیاسییەکان پرسە و سەرەخۆشیان ئاراستەی بنەماڵەکەی و نەوشیروان مستەفا کرد، لەو چوار چێوەیەشدا، هەر یەکە لە بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی، پرسەنامەیان ئاراستەی پارتی کرد و شاندێکی پارتیش بە سەرۆکایەتی ئەدهەم بارزانی بەشداری پرسەی شوعلە عەلی کرد.

نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە مانگى ئەیلولى ساڵى ڕابردووەوە لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیایە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و پێشتریش نەوشیروان مستەفا جارێکی تر سەردانی لەندەنی کردبوو بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
نالیا

به‌روار:  26/03/2017
1385   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   822
کۆی سه‌ردان:   29234877