لە ئێران جلی کوردییان کردوەتە بەر کەرێک
لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لە (شەبەکە دووی) ی سەر بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حکومەتی ئێران جلوبەرگی کوردی ژنانە کرایە بەر گوێدرێژێک و ئەوەش ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.

لە بەرنامەکەدا جلی کوردی ژنانەی ناوچەی موکریان کراوەتە بەر گوێدرێژێکی بوکەڵە، کە لەبەرنامەکەدا دوو بوکەڵەی دیکەی تێدابوو، بە جلوبەرگی ئاسایی.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بەرنامە تەلەڤزیۆنییە، سایتی ڕۆژ کورد  کە گرنگی بە هەواڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات ڕایگەیاندووە "لەبەرکردنی ئەو جلە کوردییە ژنانەیە بۆ بوکەڵەیەکی گوێدرێژ هەوڵێکی سیستماتیکییە بۆ ناشرینکردنی فەرهەنگی کوردی و جلی کوردی ژنانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان".

لە دوای پەخشکردنی ئەو بەرنامەیە لە تەلەڤزیۆنێکی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چالاکانی کورد لە ڕۆژهەڵات ناڕەزایەتییان دەربڕیووە و بە سوکایەتی بە جل و فەرهەنگی کوردیان لە قەڵەم داوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتریش لە شاری مەریوان دەسەڵاتدارانی دادوەری ئەو شارە جلوبەرگی کوردییان کردبووە بەر کەسێک و بەناو شاردا وەک شێوازێکی نەخوازراو سوڕاندبوویانەوە.
چالاکان پێیان وایە ئەوە یەکەمجار نییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران سوکایەتی بە جلی کوردی دەکات و لەم مانگەشدا لە وەرزشگایەک لە شاری ئورمییە سوکایەتی بە جلی کوردی کراوە کە لەلایەن دایکی یەکێک لە یاریزانەکانەوە لەبەر کراوە.
نالیا


به‌روار:  24/03/2017
1406   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   768
کۆی سه‌ردان:   29262615