ڤیدیۆکە کۆن بێت یان نوێ تاوانباران بدۆزنەوە و سزاى بدەن
پەرلەمانتارێکى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان لە بارەى بڵاوبوونەوەى گرتە ڤیدیۆى ئەو پیاوەى کە وێنەى ژنەکەى بڵاوکردووەتەوە، وتی " ڤیدیۆکە کۆن بێت یان نوێ تاوانباران بدۆزنەوە و سزاى بدەن".

 سروە عەبدولواحید پەرلەمانتارى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان وتی، ماوەی چەند کاتژمێرێکە ڤیدیۆییەک بەنێو تۆرەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوتەوە کە تیایدا کوڕێک سوکایەتی بە هاوسەرەکەی دەکات لەشەوی بوکێنی دا بەو تۆمەتەی کە پێشتر کچەکە لەگەڵ کەسی تردا بووە.

 هەروەها وتى "هەر چەندە بەپێی بەدواداچونە سەرەتاییەکان وا دەردەکەوێت ئەو ڤیدیۆیە کۆن بێت، بەڵام ئەمە لە تاوانى تاوانباران کەم ناکاتەوە و دەبێت بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن".

ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان ئەوەشى وت "ئەگەر حکومەتی هەرێم و دەزگا پەیوەندیدارەکانى مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتان ڕێگە بدەن ئەم تاوانە ئاوا بێ سزا تێپەڕببێت ئەوا ئەوانیش دەبنە شەریکە بەشی تاوانەکە".

 سروە عەبدولواحید وتیشى "بۆ ڕێگرتن لە دووبارە بونەوەی تاوانى لەو جۆرە، پێویستە تاوانباران سزایەکی قورس بدرێن و بکرێن بە پەند بۆ ئەوەی کەس جورئەت نەکات شتی وا دووبارە بکاتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدا لەچەند ڕۆژى پێشوودا گرتەیەکى ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە و کاردانەوەى توند و جۆراوجۆرى بەدواى خۆیدا هێنا و ئێن ئاڕ تیش بەدواداچون بۆ ڕاست و دروستى ڤیدیۆکە و سەرچاوەى ڤیدیۆکە دەکات.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت کە پیاوێک وێنەى هاوسەرەکەی دەگرێت و بڵاوى دەکاتەوە، لە ڤیدیۆکەدا پیاوەکە گومان دەخاتەسەر ئەوەى ئەو ژنەى هێناویەتى کە پێشتر کچ بوبێت.

ئێن ئاڕ تیش وەک ئەرکێک بەدواداچوون بۆ ڕاست و دروستى و سەرچاوەى ڤیدیۆکە دەکات و لەهەوڵى بەردەوامدایە بگاتە بەسەرچاوەى زانیارى دروست و پۆلیسى دهۆک لەبارەى ڤیدیۆکەوە.
نالیا

بۆ بینینی ڤیدیۆیەکە ئێرە کلیک بکە

به‌روار:  19/03/2017
3706   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   770
کۆی سه‌ردان:   29260693