دەزگای ستاندەر ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە
خەڵک-

پاش ئەوەی ئەمڕۆ ھێزە ئەمنییەکانی ھەولێر چوونە سەر دەزگای ستاندەر و رێگرییان لە ئەنجامدانی کۆڕێکی دەزگاکە کرد، دەزگای ستاندەر ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا، دەزگای ستاندەر دەڵێت: ئەو رێگرییە لە كاتێكدایە، هەر لە شاری هەولێر چەندین كۆڕ و كۆبوونەوە ئەنجامدەدرێت كە بەشێكیان هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی كورد و پەیوەندییان بە رژێمی پێشوو هەیە، جگە لە رێگاپێدان پارێزگاریشیان لێدەكرێت.

ھەورەھا دەڵێت: پێشنیار دەكەین ناوچەیەكی پارێزراو لەژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتوەكان دابین بكرێت بۆ ئەوەی رێكخراو و دەزگا سەربەخۆكان بتوانن بەشێوەیەكی یاسایی و ئازادانە كارەكانی خۆیانی تێدا ئەنجام بدەن.

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەیاننامەی دەزگای ستاندەر لەبارەی رێگریەكانی ئەمرۆی دەزگا ئەمنیەكان لەچالاكیەكی ستاندەر

بۆ/ رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ
بۆ/ یۆنامی و  نوێنەرایەتی وڵاتان لەهەرێمی كوردستان
بۆ/ سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
بۆ/ ڕای گشتی

بابەت/ بەیاننامە
ئێمە وەك دەزگای ستاندەر كە دامەزراوەییەكی یاسایی سەربەخۆی رێگراپێدراوین لە بواری توێژینەوەی  سیاسی و كاری میدیایی و دیالۆگی نیشتیمانی كاردەكەین لەپێناو چارەسەركردنی كێشە سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتیەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دور لە توندوتیژی، ئەویش لەرێگای ئەنجامدانی كۆر و سمینار و توێژینەوە و شێوازەكانی تری مەدەنی.

ئەمرۆ بەرواری 2017/3/15 لە درێژەی كاروچالاكیەكانمان بریار بوو سمینارێك ئەنجامبدەین بۆ هەریەك لە د.عەدبولڵا ئاگرین ئەندامی سەركردایەتی (پ.د.ك) و د.محەمەد كیانی سەرۆكی دەستەی سەرۆكایەتی بەرەی دیموكراسی گەل لەبارەی چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان پارتی و پەكەكە بەشێوەیەكی ئاشتیانە، بەڵام بەداخەوە بەر لەدەستپێكردنی سمینارەكە كاتژمێر 4 ی دوای نیوەڕۆ هێزیكی زۆری هاوبەشی ئاسایش و پۆلیس و دژە تیرۆر و وەزارەتی پیشمەرگە و هێزی چەكداری نەناسراو كە خۆیان بە شێوەیەك ناساند لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم راسپێردراون بەشێوازێكی ناشارستانیانە هەڵیان كوتایە سەر ئۆفیسی دەزگای ستاندەر و  بەشێوازێكی ناشارستانیانە ئامادەبوانیان كردە دەرەوە كە پێكهاتبون لە مامۆستایانی زانكۆ و رۆشنبیران و نوێنەری حیزبە سیاسیەكان و چالاكانی مەدەنی و دادوەران و بەزەبری هێز ئۆفیسەكەیان داخست.

بەرێزان ئەو رێگریە لەكاتێكدایە كە هەر لەشاری هەولێر چەندین كۆڕ و كۆبونەوە ئەنجامدەدرێت كە بەشێكیان هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی كورد و پەیوەندیان بە رژێمی پێشوو هەیە و، جگە لەرێگا پێدان پارێزگاریشیان لێدەكرێت.

ئێمە داوای ڕونكردنەوە دەكەین لەبارەی راگرتنی سمینارەكە و شێوازی مامەڵەكردن و هاتنی ئەو هێزە زۆرە.

هاوكات بەهۆی ئەو رێگریە زۆرەی كە لە چالاكی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی  و دەزگا سەربەخۆكان لەهەولێر دەكرێت پێشنیار دەكەین ناوچەیەكی پارێزراو لەژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتوەكان دابین بكرێت بۆ ئەوەی رێكخراو و دەزگا سەربەخۆكان بتوانن بەشێوەیەكی یاسایی و ئازادانە كارەكانی خۆیانی تێدا ئەنجام بدەن.

دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و راگەیاندن
هەولێر
2017/3/15
به‌روار:  15/03/2017
484   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   21
کۆی سه‌ردان:   29231256