بۆچی سەعید گەوهەر خۆی کوشت.....!؟
مالمۆکورد

(کە پیرێکی بە ئاگا دەمرێت، وەکو ئەوە وایە کتێبخانەیەکی گشتی لەدەست بدەین).
کۆفی ئەنان - سکرتێری پێشووی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
٢٤ ساڵ لەمەوبەر، بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ئێوارەی ٢٢/ ٢/ ١٩٩٣، مامۆستا سەعید گەوهەر، هاوبیری کاژیك و تێکۆشەری کوردایەتی، لە ماڵەکەی خۆیاندا بە دەستی خۆی و بە فیشەکێك، کۆتایی بە ژیانی هێنا!؟  بێگومان خۆکوشتنی هەر مرۆڤێك، کارەساتێکی مرۆییە و دەبێت هۆی خەم و پەژارە و جێگەی سەرسوڕمان و پرسیاری زۆر بۆ کەسانیتر، بەڵام ئەگەر سەرنجی وردوگردانە لە هەندێك لە وتەکانی مامۆستا سەعید گەوهەر بدەین، تێدەگەین کە بۆچی لە ژیانی خۆی تووڕە و بێزار بووە!؟ زۆر بەداخەوە،  سەرەنجام  ئەو تووڕەیی و بێزارییەشی بە خۆکوشتن دەربڕیوە.
هەندێك لە وتەکانی مامۆستا سەعید گەوهەری کوردایەتی:
- ئەوەی ئێمە خەباتمان بۆ کرد، ئەنجامەکانیان پێچەوانە بوونەوە.
- لەکاتێکدا ئێمەی کورد نەتەوەیەکی ژێردەستەین، ئەی بۆچی پارتێکی نەتەوەیی پێشڕەوییمان نەکات و ئازادی و سەربەخۆییمان بۆ  بەدی نەهێنێ!؟
دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و گەڕانەوەی پارتە کوردییەکان بۆ ناو شار و شارۆچکەکان، ئیتر  گەندەڵی و دزی و جەردەیی و تالانچێتی و ستەمکاری دەستی پێکرد، زەمینە خۆشکرا بۆ شەڕی ناوخۆ  و کوشتوکوشتار و وێرانکاریی ناوخۆیی، ئەو کاتە مامۆستا گەوهەر دەیوت:
- ژیان ئەوە ناهێنێت مرۆڤ بە هەموو شتێك رازی بێت هەر بۆئەوەی بتوانێت بمێنێتەوە و بژی.
- مرۆڤی ترسنۆك بە هەموو سەپاندنەکانی ژیان رازییە، بۆیە هەمیشە مێگەل ئاسا لە دواوەیە، رازییە بەو ژیانەی کە بۆی سنووردارکراوە.
مامۆستا سەعید گەوهەر پێی وابوو کە شەڕی کورد و کورد، هێڵی سوورە. هەمیشە دەیوت:
- ئێمەی کورد ئازار نەماوە کە نەمان چێشتبێت، بۆیە پێویستە نموونەییترین  میللەتی سەر زەوی بین.
- کاتێك دەبینم کە بەهۆی ململانێی ناڕەوای حیزبی و شەڕەپەڕۆ و خۆپەرستیی کەسییەوە، زەمینە خۆش دەکرێت بۆ ئاژاوەگێڕی و شەڕی ناوخۆ. ئێستا من هەست دەکەم هەموو چرکەیەکم مردنێکە. مرۆڤ پێویستە یەك جار بمرێت. ژیان شایەنی ئەوە نییە کە لەپێناویدا هەموو شکۆمەندییەکانی خۆتی بۆ لەدەست بدەیت. بۆیە ئێستا من بە فیشەکێك کۆتایی بە ژیانم دەهێنم. 
چەند دێڕێك لە ژیاننامەی بنەماڵەی گەوهەر:
خێزانی گەوهەر، یەکێن لە بنەماڵە ناسراو و پاك و دڵسۆز و تێکۆشەرە دێرینەکانی شاری سلێمانی. مامۆستا گەوهەر خۆی کەسایەتییەکی ناسراو و رێزلێگیراوی ناو خەڵکی سلێمانی بوو و هەموو ئەوانەی کە ناسیویانە و تێکەڵی بوون و کاری سیاسەت و کوردایەتییان لەگەڵدا کردووە، بەگشتی ئەوەیان باس کردووە کە سەعید گەوهەر کوردێکی زۆر پاك و دڵسۆز و تێکۆشەر  بووە. کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و رووخۆش و هاوڕێدۆست و هەژاردۆست و خەمخۆری هەموو ئەوانە بووە کە لێییەوە نێزیك بوون و تێکەڵی بوون، بە گشتی مرۆڤێکی خۆنەویست و لەخۆبووردوو بووە. هەربۆیە لەناو کەسوکار و دۆست و ناسیاو و هاوڕێ و هاوبیرەکانیدا خۆشەویست و رێزلێگیراو و باوەڕپێکراو و جێگەی باوەڕ و متمانەی ژیانیان بووە.
لە سەردەمی بەعسدا، بەهۆی رابووردووی کوردایەتی و پێشمەرگە بوون و پاسۆك بوونی بەرزانی کوڕییەوە، دوو جار ماڵەکەیان لەلایەن بەعسەوە هەڕاجکراوە و سەرەنجام، هەموویان بە خاوخێزانەوە  دەگرن و رەوانەی سەر سنووەرەکانی سعوودییەیان کردوون. لەکاتی هەوڵی گرتنیاندا، خاتوو پەیمانی کچی مامۆستا سەعید گەوهەر کە لە ئامادیی کوردستان، خوێندکاری پۆلی شەشەمی ئامادەیی  بووە و لە هۆڵی دوا تاقیکردنەوەی خوێندنی ساڵدا بووە کە ئەمنەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر هۆڵەکە و دەستگیریان کردووە. لەو کاتەدا مامۆستایەکی بەڕیز و ناسراوی شاری سلێمانی سەرپەرشتیاری هۆڵی تاقیکردنەوەکان بووە، ئەو ئاگادار و شاهیدی رووداوی گرتنەکەی پەیمان خان بووە. پاشان هەموو خێزانەکەیان پێکەوە راپێچ و رەوانەی سەر سنوورەکانی عێراق و سعوودیە کردوون.
شایانی باسە لە سەرەتای گرتنەکەیاندا و لە ئەمنەکەی سلێماندا، خوالێخۆشبوو ناهیدە خانی هاوسەری مامۆستا سەعید گەوهەر بە ئەمنەکانی وتووە ئێوە لەسەر پێشمەرگەبوونی بەرزانی کوڕم ئێمەتان گرتووە، بەڵام من کوڕێکی تریشم هەیە و ناوی ئومێدە و لەگەڵ یەکێتدایە و ئەویش هەر پێشمەرگەیە. ئەمە یەکێك لە وتەکان و هەڵوێستە ئازایانەکانی دایکی دوو پێشمەرگی کوردستان بووە لەناو زیندانی بەعسییە فاشیستەکاندا!؟
هەروەها کاتێك دەبرێنە سەر سنووری سعوودییە  و لەوێ زیندانی دەکرێن، بەرپرسی زیندانەکە بە بە ناهیدە خان دەڵێت: ئەگەر حاشا لە کوڕەکانت بکەیت، ئازادتان دەکەین!؟ ناهیدە خانیش بە دەنگی بەرز بە پەرپرسەکە دەڵێت: ئێمە کاتێك حاشا لە کوڕەکانمان دەکەین کە ئەوان تەسلیم بە ئێوە ببنەوە!؟
مامۆستا گەوهەر لە ٢٤/٤/١٩٢٤، لە گەڕەکە یاخییەکەی چوارباخی شاری سلێمانی لەدایك بووە. لەسەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی، ٢٢ جار لەلایەن حکومەتە یەك لە دوای یەکەکانی عێراقەوە زیندانی کراوە.
لێردا جێگای خۆیەتی ئەو گلەییە ئاڕاستەی کاربەدەستانی شاری سلێمانی بکەین کە ئێستا دەبووایە  سەرەکیترین شەقامەکانی شاری خۆڕاگری سلێمانی بەناوی نەمران، ناهیدە خان و سەعید گەوهەرەوە بوونایە!؟ بەڵام دەبێت بڵێین زۆر بەداخەوە.....!؟
شایانی بیرهێنانەوەیە کە دوو هۆنراوەی دووروودریژی هۆزانڤانی نەمر، شێرکۆ بێکەس بۆ یادەوەریی مامۆستا سەعید گەوهەر تەرخانکراوە کە لە شوێنێکیاندا دەڵێت:
 (چوارچێوە وینە رێك دەخات، بەڵام نایگۆڕێت.
 هیج کورسییەك پیاوی بستەباڵای پێ کەڵەگەت ناکرێت.
 مرۆڤی بەژنبەرز لە بنی بیریشدا بێت،  هەر کەڵەگەت و هەر بەژنبەرزە، ئەوە سەعید گەوهەر بوو).*
* بەشێك لە قەسیدەی (گەوهەری قەقنەس). 
ئەمە کورتترین و کەمترین پێناسەی ژیان و خەباتی  سەعید گەوهەری نەمر و خێزانەکەی  بوو.
هەرزاران سڵاو لە گیانی پاکی مامۆستا سەعید گەوهەر و ناهیدە خانی هاوسەری.
گوڵزارێك لە چەپکە نێرگزی سروشتی جوانی کوردستان،  دەکەینە تاجەگوڵینەی رێز و پێزانین و ئەمەکداری بۆسەر گڵکۆی پیرۆزیان.
هاوبیرانی مامۆستا سەعید گەوهەری نەمر لە هەندەران
٢٢/٢/٢٠١٧   
--------------------
تێبینی: بەداوای لێبووردنەوە  کە وێنەی مامۆستا سەعید گەوهەرمان لەبەردەستدا نەبوو، لەبەرئەوەی چەند جارێك ماڵەکەیان هەڕاج و تاڵانکراوە و هیچ ئەرشیفێکیان بۆ نەماوەتەوە.




به‌روار:  22/02/2017
2719   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   520
کۆی سه‌ردان:   29261380