کەنەدا ڕێگا ناگرێ لەو پەنابەرانەی بە نایاسایى دەچن
سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ڕێگر نابێت لەو هاوڵاتیانەى کەبەنایاسى دێنە وڵاتەکەى، بەڵام ڕێوشوێنى پێویست بۆ پاراستنى هاوڵاتیان دەگرێتەبەر.

 جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەبەردەم پەرلەمانى وڵاتەکەیدا وتی "یەکێک لە بەهێزییەکانی کەنەدا کە وای لێدەکات وەکو وڵاتێکی کراوە بمێنێتەوە متمانەی کەنەدییەکانە بە سیستمی کۆچبەران و پارێزراوی سنوورەکانمان و یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە دەگەڕێن بەدوای پارێزراویدا".

هەروەها وتیشی "بەردەوام دەبین لە هاوسەنگی ڕاگرتنی نێوان سیستمێکی بەهێز و وەرگرتنی ئەو خەڵکانەی کە پێویستیان بە یارمەتییە".

ئەوەش لەکاتێکدایە کە پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاند، کە هێزەکانی زیاتر کردووە لەسەر سنووری کویبێک و کاربەدەستانی سنوورەکەش پەناگەیەکی کاتییان دروست کردووە بۆ ئەو کۆچبەرانەی لە ئەمەریکاوە دێن و داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن و ژمارەشیان لە زیادبووندایە.

لەلایەن خۆشیەوە دەزگای خزمەتگوزاری سەر سنوور ئاماژەى بۆ زیاد بوونى ژمارەى پەنابەرانى ئەمەریکاکرد بۆ کەنەدا لەچاو ساڵانى (٢٠١٥و ٢٠١٦)دا.

هەروەها وتوشیەتى مانگی پێشوو ٤٥٢ کەس داوای مافی پەنابەرێتی کردووە لە کاتێکدا لە مانگی یەکی ساڵی پێشوو تەنها ١٣٧ کەس داوای کردبوو.

زیادبوونى ژمارەی کۆچبەران کە دەیانەوێت لە ئەمەریکاوە بێنە کەنەدا بەهۆی ترس لەو بڕیارانەی دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ئەمەریکا دەیدات سەبارەت بە کۆچبەران.
نالیا
به‌روار:  22/02/2017
997   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   502
کۆی سه‌ردان:   29232979