"ڤیدیۆی خۆتەقاندنەوەی دوو مێردمنداڵە ئێزدییەكە سیناریۆیە"
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان گرتە ڤیدیۆییەكەی داعش لەبارەی خۆتەقاندنەوەی دوو مێردمنداڵی ئێزدی بە سیناریۆ دەزانێت و ئامانجەكەشی بە بەرزكردنەوەی ورەی چەكدارانی داعش دادەنێت.
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بەرادیۆی نەوای راگەیاند، داعش بۆ بەرزكردنەوەی ورە ئەو سیناریۆیەی دروستكردوە، چونكە ئێستا فشارە سەربازییەكانی سەری لەوپەڕیدایە و 20%ی ناوچە ئێزدی نشینەكانی لەژێردەستدا ماوە.
وتیشی "من ئەو گرتە ڤیدیۆییە بە سیناریۆ دەزانم، چونكە هەر كەس سەیری بكات كاتێك منداڵەكان پێدەكەنن و دەچنە ناو ئۆتۆمبێلەكە و گرتەكانی تریش، ئەمانە هیچی ناكاتە ئەوەی ئەمە راست بێت، بەڵكو زیاتر لەوەوە نزیكە سیناریۆ بێت بۆ بەرزكردنەوەی ورەی خۆیان، تا بڵێت جگەلە موسڵمان ئێزدییەكانیش دەبنە داعش و خۆیان دەتەقێننەوە".
مەریوان نەقشبەندی پێداگیری دەكات لەوەی ئەوە ریكلامێكی نامەعقولە و بەداخەوە میدیای كوردی و كەناڵە ئاسمانییەكانیش بڵاویدەكەنەوە و رەواجی پێ دەدەن و راستەوخۆ هاوكاریكردنی چالاكییەكانی داعشە.

نەوا

به‌روار:  16/02/2017
1278   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   965
کۆی سه‌ردان:   29264146