پیاوێکی کورد ٢٠ ساڵە گۆڕی بۆ خۆی هەڵکەندووە و دەڵێت مردوم

پیاوێکی تەمەن ٦٧ ساڵی کورد، گۆڕێکی بۆخی هەڵکەندووە و ڕۆژانە سەردانی گۆڕەکەی دەکات و دەڵێت "نزیکەی ٢٠ ساڵە مردووم".

(مەشات نافخۆش) پیاوێکی تەمەن ٦٧ ساڵی کوردە و دانیشتووی ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێیە و بەر لە مردنی گۆڕێکی بۆخۆی هەڵکەندووە و لەدەوروبەری گۆڕەکەش باخچەیەکی دروستکردووە.

ئەو پیاوە لەسەر گۆڕەکەی نووسیویەتى "گۆڕى خوا لێخۆشبوو مەشات نافخۆش لە ٢٣ئەیارى ١٩٩٧ کۆچى دوایی کردووە" و ڕۆژانەش جارێک ئەو پیاوە سەردانى گۆڕەکەى خۆی دەکات و بۆ ماوەیەک بەدیار گۆڕەکەیەوە دادەنیشێت.

مەشات نافخۆش بە ئاژانسی ئەنادۆلێ تورکیای وتووە "من حەزم لە تەنیاییە و بە درێژایی ژیانم تەنیا بوومە، بیرم لەوە کردەوە کە لە مردنیشدا تەنیا بم و لەگەڵ کەسدا نەنێژرێم، بۆیە ئەو گۆڕەم بۆخۆم هەڵکەند تا بەتەنیا بنێژرێم، گۆڕەکەشم بە گوڵ ڕازاندووەتەوە تاوەکو ببێتە جێگەى ئارامى و سەبووریم تایبەت لەو کاتانەى بێزار دەبم سەردانی گۆڕەکەم دەکەم".

وتووشیەتی "پێتان سەیر نەبێت، من زیندوو نییم و بە زیندوویی قسەم نەکردووە، بەڵکو من بیست ساڵە مردووم و هیچ پەیوەندییەکم بەو ژیانە نەماوە، کە ئێوەى تێدا دەژین. ڕەنگە مردنى من بە هۆکارى زۆر بچووک بێت، بەڵام بۆ من گەورە بووە. ئەم شتەم بۆ کەس باس نەکردووە و بۆ هیچ کەسێکیش باسی ناکەم".

هەر سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی خۆی بە مردوو دادەنێت و زیندووە وتوویەتی "عەشق نییە کە منى کوشتبێت و گۆڕم بۆ خۆم هەڵکەندبێت، خێزاندارم و چوار منداڵیشم هەیە، مردنى من بە هیچ هۆکارێکى گرێدراو یان بە کەسێک یان شتێک نەبووە".

بەوتەی خۆی (مەشات نافخۆش) لە ساڵی ١٩٩٧ من کۆچى دوایی کردووە، وتوویەتی "زۆر گریام بۆ خۆم، چونکە ئەو مردنەم دایبڕاندم لە تەواوى هەستەکانم و هەموو خۆشییەکانی ژیان. ئێستا بیر لە هیچ شتێک ناکەمەوە و خۆشم تێکەڵى هیچ کەسێک ناکەم، چونکە من مردووم، ئەو هەستەى خەڵک هەیەتى لاى من ئاسەواریشى نییە".

لەبارەی گۆڕەکەیەوە وتوویەتی دارودرەختی لەسەر گۆڕەکەی چاندووە و لە هاویناندا زیاتر سەردانی دەکات و بەوتەی خۆی ئەگەر نەتوانێت ڕۆژانە سەردانی گۆڕەکەی بکات، ئەوا لەماوەی سێ ڕۆژدا جارێک یان دووجار سەردانى گۆڕەکەی دەکات، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە کە "هەندێک جار لە بەیانى تا درەنگانى شەو بەدیار گۆڕەکەم دادەنیشم و بەڕاستى بووەتە جێگەى سەبوورى و ئارامى بۆ من، هەندێک دۆست و کەسە نزیکەکانم بۆ سەردانى کردنم دێن لەسەر گۆڕەکەم لەگەڵ دادەنیشن. هەموو شتێک باس دەکەین جگە لە گۆڕەکەم و چۆنیەتى مردنم".

ئەو کە پیاوێکی ڕەشئەسمەری باڵا مامناوەندە و قژێکی سپی درێژی هەیە، دەڵێت کەسوکارەکەی لە سروشتی ئەو تێگەیشتوون و دەشڵێت "مرۆڤ ئازادە لەوەى کە چۆن بڕیار لەسەر ژیانى خۆى بدات. منیش بڕیار بە دەستی خۆمە و پەیوەندیم بە هیچ کەسێک نییە ڕێگەیش نادەم کەس دەست وەربداتە نێو ژیانم".

لەبارەی خەرجی و تێچووی گۆڕەکەیەوە ئەو پیاوە ئەوەی نەشاردووەتەوە کە زیاتر لە پێنج هەزار دۆلاری لە گۆڕەکەیدا خەرجکردوە و تا دیمەنێکى جوان و سەرەنجڕاکێش و ئارامبەخشی هەبێت، وتووشیەتی "هیچ کەسێک یارمەتى نەداوم لە هەڵکەندن و دروست کردنى گۆڕەکەم و ئەو باخچەیەی دەورووبەری. ئەگەر کرێکارێک دە خولەک کارى بۆم کردبێت، شایستەى کارکردنەکەم پێیداوە".

لەبارەی ئەو کەسانەی سەردانی گۆڕەکەی دەکەن مەشات چیرۆکێکی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ گێراوەتەوە بەم شێوەیە "ڕۆژێکیان خەریکى پاککردنەوەى چوار دەورى گۆڕەکەم بووم، چوار کەس لە ئۆتۆمبێل دابەزین و سەردانى گۆڕەکەیان کردم، لە تەنیشتمەوە فاتیحایان بۆ خوێندم و دواى سڵاوکردن پێانگوتم ئەمە گۆڕى کێیە؟ پێشمەرگەیە شەهیدبووە؟ منیش بۆ ئەوەى ئەوان هەست بە شەرمەزارى نەکەن، پێم گوتن لەوانەیە گۆڕى کەسێک بێت کە لەلایەن کەسوکارى خۆشەویست بووبێت، جگە لەم چوار کەسە چەندین کەسى دیکەیش هاتوونەتە سەر گۆڕەکەم لە تەنیشتمەوە فاتیحایان بۆ خوێندم. لە بەهارانیشدا خەڵکێکى زۆر زیاتر سەردانى گۆڕەکەم دەکەن".

مەشات لەبارەی بیروباوەڕەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "باوەڕم بەوە هەیە لە شوێنێکى دوورەدەست بمرم یان لە دەرەوەى وڵات تووشى ڕووداوێک ببم و گۆڕەکەم نەمنێژن، بەڵام من وەسیەتم کردووە و کەسوکارەکەم گوتووە کە لەو گۆڕە بمنێژن، ئەگەر نەمنێژن گوناهى منیان دەکەوێتە ئەستۆ".

مەشات نافخۆش لە ساڵى ١٩٥٥ لە ناحیەی دینارتە لەدایکبووە، پەیمانگەى تەکنەلۆژى لە موسڵ تەواوکردووە و ئێستا فەرمانبەرە لە فەرمانگەى چاککردنەوەی رێگا و بانەکانى ئاکرێ. ئەو خێزاندارە و باوکى دوو کوڕ و دوو کچە.
نالیا
به‌روار:  15/02/2017
1394   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   487
کۆی سه‌ردان:   29233656