وەزیری ناوخۆی سوید دێتە مالمۆ و دەڵێ دەبێ یاساکان تووندتر بکرێن
دوێنێ ئێوارە کەسێکی بیست ساڵان لە شاری مالموێ تەقەی لێ کرا و دوواتر گیانی لە دەست دا.

هەر بەم بۆنەوە وەزیری ناوخۆی سوید ئاندەرش ئیگەمان ئەمڕۆ بۆ تاوتوێ کردنی کێشەکانی توندووتژیی سەردانی ئەم شارە دەکات.

ئیگەمان بە هەواڵەکانی تەلەڤزیۆنی سویدی وت

ـ بۆ هەموو پێشنیازێک کراوەم و دەرگاکان داناخەم، بەڵام دەمەوێ بزانم سیاسەتوانان، پۆلیس و دەستگاکانی شارەکە لەم بارودۆخەی ئێستادا چیان بەلاوە گرنگە.

تەقەکردنەکەی دوێنێ ئێوارە لە مەیدانی میۆلەڤۆنگستۆریەت، یەکێکە لەو هەموو تەقەکردنانەی کە شاری مالوێی ئاڵۆز کردووە. هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە نیگەران و هاوڕان، بەڵام دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی گوونجاو پرسی هەرە گرنگە و کارێکی وەها ئاسان نییە.

مەبەستی ئیگەمان لەم سەردانەی وەرگرتنی ڕاو بۆچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و وێنەیەکی ڕوونتر لە بارودۆخەکەیە.

ئیگەمان هەروەها دەڵێت

ـ پێش لە هەموو شت دەبێ خاڵە مەترسیدارەکان لە قۆناغی سەرەتاییدا ببێنرێن. دەبێ یاساکان تووندتر بکرێن و بڕیارەکان خێراتر بدرێن. هەروەها پۆلیسی زیاترمان پێویستە کە بتوانن ئەم کەسانە بخەنە پشتی میلەی زیندانەوە.

لە دوای شەڕی وڵاتانی باڵکان چەکێکی زۆر بە نایاسایی هاتووەتە ناو سوید. بۆ پەیدا کردنی ئەم چەکانە، وەزیری ناوخۆی سوید ئاندەرش ئیگەمان گرنگیی بە هاوکاریی نێوان وڵاتانی ئەم ناوچەیە دەدات و دەڵێت

ـ ئەگەرهاوکارییەکی هاوبەش لە نێوان پۆلیسی ئاسایشی ئەم وڵاتانە هەبێت، لانی کەم دەتوانین چەکەکان کەم بکەینەوە. هەر هەفتەیەک لەمەوبەر بۆ بەرگریی لە بازرگانی چەک لەگەڵ پۆلیسی ئاسایشی سێربیا ڕێکەوتنێکم واژوو کرد.

بۆ چارەکردنی ئەم دۆخە ئاڵۆزە و بەرگرتن لەم تەقە و کووشتنانە وەزیری ناوخۆ دەڵیت شارەکە بە پێی پێویست پۆلیسی لێ نەبووە

ـ هەربۆیە سەرۆکپۆلیسی گشتی نزیکەی ١٥٠ ملیۆن کرۆنی زیادەی بۆ شاری مالموێ تەرخان کردووە و کارمەندی زیاتریشی بۆ ئەوێ لە بەرچاو گرتووە.
لینکی هەواڵ
به‌روار:  13/02/2017
2511   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   259
کۆی سه‌ردان:   29256445