ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری عێراقی دیپۆرتده‌كرێنه‌وه
هەژار تەها
مالمۆکورد
حكومه‌تی پاپانیوگینیا بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر دیپۆرتكردنه‌وه‌ی 60 په‌ناخوازی ئه‌و وولاَته داوه كه‌له‌ناویاندا ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری عێراقی هه‌یه.
به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی ماڵپه‌ری ئاژانسی فه‌رمی ڕادیۆ نیوزلاند ، هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانین ، به‌لاَم به‌شێكیشیان خه‌ڵكی وولاَتانی عێراق و پاكستان و نیپاڵ و سۆماڵ و چه‌ند وولاَتێكی ترن.
به‌رپرسێكی بالاَی كۆچی حكومه‌تی پاپانیوگینیا ڕایگه‌یاند ئه‌و كۆچبه‌رانه نه‌یاتوانیوه بیسه‌لمێنن كه په‌نابه‌رن و به‌وه‌ش كه‌یسه‌كانیان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه ، بۆیه هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی بۆ مانه‌وه‌یان له‌و وولاَته نیه. هاوكات ، ئه‌و به‌رپرسه داوای له‌و كۆچبه‌رانه كرد كه گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆبه‌خشانه بۆ وولاَته‌كانیان هه‌ڵبژێن.
كۆچبه‌ران و په‌نابه‌رانی دوورگه‌ی مانوسی پاپانیوگینیا و ناورۆ ئه‌و كه‌سانه‌ن كه پێشتر ویستویانه به قاچاخ و له‌ڕێگه‌ی ده‌ریاوه خۆیان بگه‌یه‌ننه ئوسترالیا به‌لاَم له‌لایه‌ن هێزه ده‌ریایه‌كانی ئوسترالیاوه ده‌ستگیركراون و ڕه‌وانه‌ی كه‌مپه‌كانی ئه‌و دوو وولاَته دوورگه‌ییه كراون. به‌وه‌ش ، هه‌رگیز ڕێگه‌یان پێ‌نادرێت داوای مافی په‌نابه‌رێتی له ئوسترالیا بكه‌ن.
خراپی بارودۆخی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ش له‌و دوو دوورگه‌یه بۆته جێگه‌ی نیگه‌رانی ڕێكخراوه‌كانی داكۆكیكار له مافی په‌نابه‌ران و به‌ندكردنیان له‌و دوو دوورگه‌یه به پێشێلكاریه‌كی ئاشكرای مافی مرۆڤی ده‌زانن.
به‌روار: 09/02/2017
8199 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|