ئافرەتێک بە بلۆک کوژرا لە خانەقین

گەرمیان حەمەی پوور - خانەقین
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان ڕایگەیاند، لە قەزای خانەقین تەرمی ئافرەتێکیان لە خانوویەکی تەواو نەکراودا دۆزیوەتەوە، کە بە بلۆک کوژراوە.

لەمیعە محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان، بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی ئافرەتێکیان دۆزیوەتەوە کە تەمەنی لەنێوان ٢٠ تا ٢٤ ساڵاندا بووە بە بلۆک کوژراوە و ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجەدانی پێوە دیاربووە".

وتیشی "تەرمەکە لەنێو بینایەکی تەواو نەکراودا بووە و لە بەشی کۆتایی گەڕەکی بەختیاری قەزای خانەقین و تەرمەکەش ئاسەواری لێدان بە ڕووخساری و جەستەیەوە دیاربووە و لوتی ئافرەتەکەش شکێندراوە، بەڵام هیچ ئاسەوارێکی چەقۆ یان فیشەک بە تەرمەکەوە نەبووە".

لەمیعە محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تەرمەکەیان ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کردوە لە بەعقوبە و لێکۆڵینەوەکانیان لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تائێستا نازانن ئەو ئافرەتە ناوی تەواوی چییە و هیچ ناسنامەیەکی پێ نەبووە و ناشزانن سەر بە چ نەتەوەیەکە.

هاوکات جەمال عەلی قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەبارەی ڕووداوەکەوە بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند "لێکۆڵینەوەکانمان لە ڕووداوەکە دەستیپێکردوە، بەڵام تائێستا هیچ کەسێک سکاڵای لەسەر دۆسییەکە تۆمار نەکردوە".

بەپێی وتەکانی وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان "تەرمەکە لەزێرابی خانوویەکی تەواو نەکراوی گەڕەکی بەختیاری خانەقیندا بووە".
نالیا
به‌روار:  07/02/2017
1442   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   434
کۆی سه‌ردان:   29227522