"سەركردەكانی یەكێتی با بۆ پارتی بێت و جەماوەرەكەشی بۆ گۆڕان".
خەڵك ــ بەهمەن محەمەد
ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر دۆخی سیاسی هەرێم نیگەرانی بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی لێكەوتۆتەوە و لەلایەكی دیكەشەوە بزوتنەوەی گۆڕان، كە ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئەو حزبە هەیە بە ئاشكرا نیگەرانی پێوە دیارە، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكەش دەڵێت: "سەركردەكانی یەكێتی با بۆ پارتی بێت و جەماوەرەكەشی بۆ گۆڕان".
بەپێی ئەو زانیاریانەی (خەڵك) لە سەرچاوەیەكی باڵای ناو بزوتنەوەی گۆڕان دەستی كەوتوون، "لە ئێستا بزوتنەوەكە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەگەری ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی و تەنانەت هەندێك لە ئەندامانی جڤاتی ئەو بزوتنەوەیە باس لە بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون دەكەن".
هەربەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (خەڵك) كەوتوون، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا نەوشیروان مستەفا، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە عومەری سەید عەلی ڕاگەیاندووە، كە نابێت گۆڕان نیگەران بێت بە ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی و پێویستە چاوەڕێ بكەن.
وتوشیەتی، "لێگەڕێن با یەكێتی لەگەڵ پارتی ڕێككەوتن بكات، چونكە بەو ڕێككەوتنە سەركردەكانی یەكێتی بۆ پارتی دەبن و جەماوەرەكەشی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان".
ئەمەش لە كاتێكدایە ژمارەیەك لە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە بەیاننامەیەكدا بە ئاشكرا نیگەرانی خۆیان لەبارەی ڕێككەوتن و نزیك بوونەوەی یەكێتی و پارتی پیشانداوە و ڕایانگەیاندووە، كە دەبێت ڕێككەوتنەكە بە ئاگاداری ئۆرگانە حزبییەكانی یەكێتی بێت نەك ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی.
بهروار: 23/01/2017
676 جار خوێندراوهتهوه
|