پەرلەمانتارێکی کینیا داوا لە ژنان دەکا بایکۆتی سێکس بکەن بۆئەوەی هاوسەرەکانتان دەنگ بدەن
پەرلەمانتارێکی کینیا داوا لە ژنانی وڵاتەکەی دەکات سێکس لە هاوسەرەکانیان قەدەغە بکەن هەتا ناوی خۆیان بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵدا تۆمار دەکەن.
میشی مبۆکۆ نوێنەری ژنانی شاری مۆمباسا لە پەرلەمانی کینیا دوێنێ ١٧ی کانونی دووەمی ٢٠١٧ ڕایگەیاند، باشترین ڕێگە بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمساڵدا، قەدەغەکردنی سێکسە لەلایەن ژنانەوە لە هاوسەرەکانیان وەک فشارێک بۆ دەنگدان.
میشی بە ژنانی وت "ئەمە باشترین ستراتیجییە کە بیگرنە بەر، ڕێگە مەدەن هاوسەرەکانتان سێکستان لەگەڵدا بکەن هەتاوەکو کارتی خۆتۆمارکردنتان نیشان دەدەن بۆ دەنگدان".
مبۆکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، سێکس چەکێکی بەهێزە و وا لە پیاوان دەکات کە بە گڕ و تینەوە بڕۆن خۆیان تۆماربکەن بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەدا، هەروەها وتیشی کە ئەم بایکۆتی سێکسە هاوسەرەکەی خۆی ناگرێتەوە چونکە ئەو خۆی تۆمارکردووە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند، پارتی ئۆپۆزسیۆن "بزوتنەوەی دیموکراتی پرتەقاڵ" چانسێکی باشتری دەبێت بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکەدا ئەگەر بێتو لایەنگرانی پارتەکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو دەنگ بدەن.
بڕیارە ڕۆژی ٨ی ئابی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کینیا ئەنجامبدرێت و یوهورو کینیاتا سەرۆکی ئێستای ئەو وڵاتە بەنیازە خۆی بۆ خولی دووەم کاندید بکاتەوە، هاوکات ڕۆژی ١٧ی مانگی داهاتوو کۆتا ڕۆژە بۆ خۆتۆمارکردن بۆ دەنگدان.
بایکۆتی سێکس لە کینیا جاری یەکەم نییە، ساڵی ٢٠٠٩ ژمارەیەک گروپی چالاکی ژن ماوەی هەفتەیەک بایکۆتی سێکسیان ڕاگەیاند بەمەبەستی ئاشتکردنەوەی موای کیباکی و ڕایلا ئۆدینگا سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە.
نالیا
بهروار: 18/01/2017
1213 جار خوێندراوهتهوه
|