پاسەوانانی بەرپرسێكی پارتی لە رۆژنامەنووسێك دەدەن
رووداو- دهۆك

بەهۆی بڵاوكردنەوەی چەند پۆستێك لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك، رۆژنامەنووسێكی رۆژنامەی ئەڤرۆ لەلایەن پاسەوانانی بەرپرسێكی پارتی بانگ دەكرێ‌ و لێی دەدرێ‌. رۆژنامەنووسەكە دەڵێت بە سێ‌ چەكدار بە زۆر لە ماڵ بردوویانەتە دەرەوە، بەڵام بەرپرسەكەی پارتی دەڵێت ئەوان وەكو برایەكی بچووكی خۆیان بانگیان كردووە بۆ ئەوەی چایەكیان لەلا بخواتەوە، كەچی ئەو جنێوی داوە و ویستوویەتی لێیان بدات.

كاروان باعەدری كە رۆژنامەنووسە لە رۆژنامەی ئەڤرۆ، بە (رووداو)ی راگەیاند، رۆژی 15/1/2016 لەلایەن لێژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بانگهێشتی ناوچە كراوە، لەوێ‌ لەلایەن سێ‌ پاسەوانی بەرپرسی ناوچەكەوە لێیدراوە.

كاروان كە پەیامنێری رۆژنامەی ئەڤرۆیە لە قەزای شێخان، هۆكاری بانگهێشتنەكەی بۆ ئەو بارەگا حیزبییە رووندەكاتەوە و دەڵێت "خۆم پارتیم، بەڵام لە ئەكاونتەكەی خۆم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، چەند پۆستێكم بڵاوكردەوە گلەییم لە پارتی كردبوو كە هاوكاریی ئێمە ناكات".

كاروان دەڵێت دوای بڵاوكردنەوەی ئەو پۆستانە، دوێنێ‌ یەكشەممە بەیانی زوو سێ‌ پێشمەرگە هاتوون و بردوویانە بۆ ناوچە "سێ‌ پێشمەرگەكە بە زۆر منیان برد بۆ ناوچەی باعەدرێی پارتی، هەر كە چووینە ژوورەوە یەكسەر پەلاماریان دام و لێیاندام".

كاروان حەوت ساڵە كاری رۆژنامەنووسی دەكات و زیاتر لە ساڵێكیشە وەكو پەیامنێری رۆژنامەی ئەڤرۆ لە شێخان كار دەكات، دەڵێت دوای رووداوەكە چووەتە بنكەی پۆلیس، بۆ ئەوەی سكاڵا لەسەر لێژنەی ناوچەی پارتی تۆمار بكات، بەڵام بە سەرسوڕمانەوە گوتی "پۆلیسێكی بنكەكە كە ئەویش پارتییە، لە نێو بنكەی پۆلیس هێرشی كردە سەرم و لێیدام". هەرچەندە كاروان سەرەتا سكاڵای تۆمار كردبوو، بەڵام دواتر لە سكاڵاكەی پاشگەز بووەوە "بە رێگەی عەشایری و لەسەر داوای كەسوكارم سكاڵاكەم كێشایەوە".

سامی بیری، بەرپرسی لێژنەی باعەدرێی پارتی باسی كێشەی نێوان خۆی و ئەو رۆژنامەنووسەی كرد و بە (رووداو)ی گوت "كاروان چەند رۆژێكە لە فەیسبووك باسی لێژنەی ئێمە دەكات و دەڵێت با بیكەنە ماركێت و ئیش بۆ ئێمە ناكات، منیش وەكو برایەكی بچووكی خۆم بانگم كرد بۆ ئەوەی پێی بڵێم چیت دەوێ".

سامی بیری كە شەوی پێش رووداوەكە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سامی كردووە، لە درێژەی قسەكانیدا گوتی "شەو بەتەلەفۆن پێمگوت وەرە لای ئێمە چایەك بخۆوە، بەڵام نەهات، بەیانی بە پێشمەرگەكانم گوت بڕۆن پێی بڵێن با بێ چایەك لەلای ئێمە بخواتەوە، بەڵام كە هات هەر لە بەردەرگا دەستی بە قسەی ناشرین كرد، دواتر هەوڵی دا لەمن بدات، بەڵام پێشمەرگەكان نەیانهێشت و شەڕ دروست بوو، كەچی هێشتا ئێمە تەنازولمان كرد".

به‌روار:  17/01/2017
783   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   748
کۆی سه‌ردان:   29260524