بۆ ئەو شەهیدەی لەهەموو شتێک زیاتر باوەڕی بەخۆشەویستی هەبوو
شیرین.ک
کوردپێدیا


دوای ئەوەی دڵشاد مەریوانی لەشەوی 12 لەسەر 13 ی مانگی شوباتی ساڵی 1989 دا لەلایەن ئەمنی سلێمانییەوە دەستگیرکرا، ئیتر هیچ کەسێک لەخێزان و بنەماڵە وکەسوکار وهاوڕێیانی نەمان بینییەوە و هیچ هەواڵێکی راست و درووستیشمان دەست نەکەوت، بەڵکو دەیان حیکایەتی سەیر و دژ بەیکمان دەبیست لەبارەی مان و نەمانییەوە، بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت مانگ هەر هەموومان لەدڵەڕاوکێ و دوو دڵی و ئازار و نیگەرانیدا ژیاین، تا رۆژی 23 ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ کە بەدەمی هەواڵەکەیان دابوو بە دایکی، دوای هەفتەیەک لەو هەواڵە ئینجا شەهادەی وەفاتیان پێداین"
بەپێی ئەوەی لە شەهادەی وەفاتەکەدا نووسراوە هەر ئەو رۆژەی لەئەمنە سوورەکە شەهیدکراوە هەمان رۆژ راستەخۆ نێردراوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن، دکتۆرێکیش شەهادەی وەفاتەکەی پڕ کردۆتەوە کە بە عەرەبی نووسراوەو ئەمەش دەقەکەیەتی بەکوردی: من دکتۆر.....، توێکاریم بۆلاشەی کۆچکردو دڵشاد محەمەد ئەمین فەتاح کرد کە لەلایەن پۆلیسی نەخۆشخانەوە نێردرابوو، بەپێی ئیستیمارەی ژمارە/// بە بەرواری 13-03-1989 لەسەعات 1 و 45 دەقیقەدا، لە رۆژی 13-03-1989 دا، هۆی مردنەکشی: خۆێن بەربوون وردوخاش بوونی کاسەی سەر و مێشک"
بەپێی ئەم شەهادەی وەفاتە دڵشاد مەریوانی دوای 29 رۆژ لەدەستگیرکردنی شەهید کراوە واتە کەمتر لەمانگێک، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی بەعس لەم شارەدا لەلایەک پەلەی بوو زوو دڵشاد لەناوبەرێت چونکە بوو بووە مایەی سەرئێشە بۆی و لەلایەکی تریشەوە لەناوبردنی دڵشاد مەسجێکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ ئەدیب و نووسەرەکانی تر"
راستە ئێمە شەهادەی وەفاتمان وەرگرت بەڵام ئەوەی بووە بەحەسرەت لەدڵی هەمووماندا ئەوەیە کە نەمانتوانی گۆڕەکەی بدۆزینەوە، چونکە پاش تێپەڕینی زیاتر لەهەشت مانگ لەدەستگیر کردنی ئینجا دڵنیا بووین لەوەی کە شەهیدکراوە، زۆرجار کە بیر لەکۆی رووداوەکان دەکەمەوە دەڵێم رەنگە قەدەر، خوا خۆی وای ویستبێت کە ئەو پیاوەی نائاسایی ژیا دەبوو نائاسایی کۆچ بکات و وەکو کەسێکی ئاسایی-ش گۆڕی نەبێت، هەمووجار دەڵێم ئەگەر گۆڕی هەبووایە لەجەژنی نەورۆز و هەموو سەری ساڵێکی تازە و لەرۆژی ڤالانتاینیشدا من و کچەکانم دەچووینە سەر گۆڕەکەی، چونکە دڵشاد لەهەموو شتێک زیاتر باوەڕی بەعەشق و خۆشەویستی هەبوو، راستە ئەو هیچ میراتییەکی مادی بۆ جێنەهێشتووم بەڵام ئەوەندەم بەسە جگەلە چەندان دەقی شیعری کە بەتایبەتی بۆی نووسیوم، هەموو کۆمەڵە شیعری (سەمفۆنیای وەنەوشە) ی پێشکەش بەمن کردووە، جگە لەچەندین دەقی جوان کە بۆ سیڤا و رۆزای کچی نووسیوە (بەداخەوە فریا نەکەوت هیچ بۆ لۆنا بنووسێت) هەروەها بۆ دایکی و سەیرانی خوشکیشی نووسیوە، جگەلە چەندان دەقی جوان بۆ هاوڕێ و دۆست و خۆشەویستانی تری"
دوای راپەڕین و گرتنی ئەمنە سوورەکە کۆپی ئەو کیتابەی ئەمنیشمان دەسکەوت کە ناوی ژمارەیەکی زۆر کەسی تیابوو کە لە ئەمنە سوورەکە شەهید کرابوون، لاپەڕەکانی کراون بەسێ ستوونەوە، ستوونی یەکەم ناوی تەواوی تاوانبار و وشەی (مجرم)ی عەرەبی بەکارهاتووە، کە وشەیەکە پڕێتی لەرق وکینە و سووکایەتی، ستوونی دووەم بەرواری جێبەجێکردن کە وشەی ئیعدام-ی عەرەبی بەکارهاتووە کە خۆشی لەڕاستیدا ئەوانە هەموویان گوللەباران کراون، ستوونی سێیەم نووسراوە کورتەی کەیسەکە، لەلاپەڕە(7)ی ئەو کیتابەدا ناوی دڵشاد هاتووە بە (دڵشاد محمد امین فتاح مریوانی) بەرامبەری بەرواری 13-03-1989 نووسراوە، ئینجا لەستوونی کورتەی کەیسەکەدا بەزمانێکی عەرەبی سەقەت، واتە ئەو کەسەی ئەو ئیستیمارانەی پڕکردۆتەوە نیمچە خوێندەوار بووە، ئەمەش تەرجەمەکەیەتی: (ئەو تاوانبارەی ناوی هاتووە مامۆستا بووە لەدواناوەندی شۆڕشی کوڕان لەسلێمانی، ئەم کەسە واتە دڵشاد پیتی لاتینی فێری قوتابییەکانی کردووە کە ئەمەش لەگەڵ بۆچوونە جیاخواز و شۆڤێنییەکانیدا دەگونجێ و هەروەها یەکێک بووە لەئەدیبەکانی سەر بەگرووپە موخەریبەکان)"
لە کۆتایی ئەم گێڕانەوەیەدا لەیادی شەهیدکردنی دڵشاد مەریوانیدا سڵاو لەگیانی پاک و رۆحە سپییەکەی کە بۆ خۆشەویستی مرۆڤ بەگشتی و مرۆڤی کورد و خاکەکەی ژیاو لەپێناویشیدا شەهیدبوو"


به‌روار:  15/01/2017
1738   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   509
کۆی سه‌ردان:   29230135