کەمال مەزهەر و چەند وردە گلەییەک
شاسوار هەرشمی

کەمال مەزهەر: بێگومان یەکێکە لە نوسەرە پڕبەرهەمەکانی کوردستان، کە بەرهەمەکانی بە شێوازێکی ئەکادیمی نوسیون. بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی بە زمانی عارەبی نوسیون. ڕەنگە لە نوسینی بەرهەمە کوردیەکانیشیدا، یارمەتی درابێت. هەندێک لە بەرهەمەکانی ناوازەن، وەک لێکۆڵینەوەکەی لە ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستی، کوردستان لە ساڵەکانی جەنگی یەکەمی جیهان.
یەکێک لە کێشەکانی، هەموو نوسینەکانی د. کەمال مەزهەر، بریتیە لە یەکلایەنی سەرچاوەکانی. لە کوردستان لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانییدا، سەرچاوەکانی وی ڕووسین. نوسەرانیشیان، ڕووس و ئەرمەنن، کە لایەنێکی کێشەکان بوون، لەسەر خاکی کوردستان. ئەم تاک سەرچاوەییە، کاریگەری بەرچاوی هەبووە، لە چۆنیەتی لێکدانەوەی ڕووداوەکان. هەر بۆ نمونە، لێکدانەوە و بۆچوونەکانی، لەسەر ڕێککەوتننامەی سیڤەر، زۆر هەڵەن. من کاتی خۆی لە گوتارێکدا هەڵەکانم دەستنیشان کردووە و بەڵگەی بۆچوونەکانم بە نەخشەی تایبەت بە ڕێککەوتننامەکە خستۆتە بەرچاو. ئەویش وەڵامی گوتارەکەمی داوەتەوە، بێ ئەوەی بیسەلمێنێت کە بۆچوونەکانی من ناڕاستن. هەروەک لە سەردانێکیشی دا، لە ماڵی خۆیان لە هەولێر، دانی بەوەدانا، کە سەرەتا زۆر بە سێ بەندەکەی ڕێککەوتنی سیڤەر شاگەشکە بووە، چونکە کێشەی کوردی، کردۆتە کێشەیەکی نێودەوڵەتیی!.
هەر لەبەر هەمان هۆی یەکلایەنەی سەرچاوەکانیەوە، ئەو نەیتوانیوە، بە شێوەیەکی بێلایەن، کیشەی کورد و ئەرمەن، لە سەروبەندی شەڕی جیهانی یەکەم، بخاتە ڕوو.
ئەم هەڵوێستەی بۆتە هۆی داپۆشینی هەڵوێستی خراپی کاربەدەستانی کۆماری ئەرمەنستان بەرامبەر بەکوردانی ئەو دیو قەفقاسیش. د، کەماڵ، لە سەرەتای ساڵانی حەفتا، گوتارێکی بە دوو زنجیرە، لە گۆڤاری "بەیان" بڵاو کردەوە، بە ناونیشانی (کام ڕێگا؟). تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە چۆن کوردانی ئەرمەنستان، لە ژێر سایەی ڕێگای سۆسیالیزمدا بوژاونەتەوە و فەرهەنگ و زمانیان گەشەی کردووە!. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەو لە باکۆ دەیخوێند و لە نزیکەوە دەیزانی، کە کاربەدەستانی ئەرمەنستان، دانیان بە بوونی کوردان لە وڵاتەکەیان نەدەهێنا. من لە کۆتایی ساڵانی هەشتا، هێدم گرتمی، کە زانیم لەسەر ناسنامەی هەموو کوردەکانی ئەرمەنستان نوسرابوو، "نەتەوەی یەزیدی". دوای هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، کێشەیەکی گەورە، لە نێوان نەوەی کۆن و نوێی کوردی ئەرمەنستان تۆخ بووەوە. پیرەکان خۆیان بە کورد دەزانی، بەڵام لاوەکان بە کورد بوون نامۆ بوون و خۆیان تەنیا بە ئێزدی دادەنا. ئەمە کامە ڕێگا بوو، کە د. کەماڵ خوێنەرانی باشوری پێ چەواشە کردبوو؟
ئەم کێشانە، دیسان لە چارەسەری بیۆگرافیای چەندان کەسایەتی کورد و ئێراقی، دووپات بۆتەوە. بۆ نمونە سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوەی وی، لەسەر کۆلۆنێل بەکر سدقی، بریتیە لە لێدوانە سیاسیەکانی سدقی، بۆ ڕۆژنامەکانی ئەوسای ئێراق. هەر لەبەر ئەمەشە وای بۆچووە کە سیدقی وەک عارەبێکی ناسیۆنالیستی ئێڕاقی ڕەفتاری کردووە و پەیوەندی بە کێشەی کوردەوە نەبووە. دیارە سەرچاوەی دی هەن و دەریانخستووە، کە سدقی، ئەو قسانەی بۆ ڕۆژنامەکان، بۆ دڵی مەلیک غازی کردوون، تا پاڵپشتی ئەوی هەبێت، لە ململانێیدا دژی کەسایەتیە نەتەوەپەرستەکانی عارەبی، چ لەناو سوپا و چ لە ژیانی سیاسییدا. کار و کردەوەکانیشی، پێچەوانەی ئەو قسانەی بووە. چونکە لەلایەکەوە خەریکی دانانی نەخشەی بەرگری کردن لە کوردستان بووە و بەڵگەکان ماون. دەکرێت، بۆ ئەم زانیاریانە، سەیری بیرەوەریەکانی "گروبا"ی ڕۆژهەڵاتناس و بالیۆزی ئەلمان لە بەغدا بکەیت. لە لایەکی دیەوە، بە پێچەوانەی بۆچوونی کاربەدەستە عارەبەکانی ئێراق، ئەو شەتولعەرەبی دا بە ئێران و کێشەیەکی هەمیشەیی بۆ دەستەڵاتی بەغدا دروست کرد. ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری کوردی لە زانکۆ سەربازیەکان وەرگرت، کە هەندێکیان، لە سەروبەندی شەڕی جیهانی دووەمدا، ڕۆلی زۆر دیاریان هەبووە. هێشتا کاری دیشی زۆر کردوون.
ئەوەی لە کارەکانی دکتۆر کەمال مەزهەر پەسەند ناکرێت و مایەی ڕەخنەی گەورەیە، بریتیە لە بە عێراقی کردنی مێژوی باشوری کوردستان و تەنانەت مەرایی کردنیش بۆ دەستەڵاتی سەدام حسێن. گەر سەیرێکی کتێبی (دور الکرد في ثورة العشرین العراقیة، ڕۆڵی کوردان لە شۆڕشی بیستی ئێڕاقدا) بکەین، توشی چەواشەکاری و ناڕاستی زەق زەق دەبینەوە. جارێ شۆڕشی بیست، تەنیا ڕاپەڕینێکی ناوچەیی بەرتەسکی شێخێکی شیعەی ڕومێسە بوو، کە سودی لە فتوای ئایەتوللا شیرزای وەرگرتبوو، تا پڕۆژەی بەنداوی هیندیە هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە زەویەکانی وی ژێر ئاوی پرۆژەکە دەکەوتن. سوننەی عارەب، وەک زۆرینەی شیعەکانیش، لە دوور و نزیکەوە بەشداریان لەو کارەیدا نەکرد. لە بەغدا، مەعروف ڕەسافی و جەمیل زەهاوی، کە هەردووکیان بە بنەچە کوردی بە عارەب بوو بوون، چەند شیعرێکیان بەو بۆنەیەوە خوێندۆتەوە و تەواو.
کوردان، تا ئەو کاتە نەخرابوونە سەر ئێڕاق، تا بەشداری شۆڕشە ساختەکەیان بکەن. لەو سەردەمەدا، بزوتنەوەی شێخ مەحمود، لە تاوسەندن دابوو، کە بێ پێچ و پەنا، داوای سەربەخۆیی باشوری کوردستانی دەکرد. لە ڕواندز، یاخی بوونی نوری باویل ئاغا، لە بادینان یاخی بوونی ڕێکانی و زێباریان، دەچنە چاورچیوەی یاخیبوونە خیڵەکیەکانەوە و ئامانجی سیاسیان لە پشتدا نەبووە. باشوری کوردستان، پێنج ساڵ درەنگتر، بە بڕیاری عوسبەی ئومەم، کۆمەڵەی گەلانی ئەوسا، لە ساڵی ١٩٢٥ز خرایە سەر ئێراق، بەڵام کەمال مەزهەر، هەموو ڕاپەڕین و یاخی بوونەکانی ئەو بەشەی، کردۆتە پاشکۆی یاخی بوونی شێخە شیعەکە و ئینجاش کردویەتی بە سیمبولی شۆڕشی ئێڕاقی!!. 
کارێکی دی دزێوی، دەگەڕێتەوە سەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێراق-ئێران. ئەو لەو سەردەمەدا، کتێبی (دراسات فى تاريخ ايران الحديث والمعاصر)ی لە ١٩٨٥ز، لە بەغدا، وەک بەشێک لە (المجهود الحربي لقادسیة صدام)، واتا بەشداری کردن لە شەڕی سەدام دژ بە ئێران، نوسیوە و چاپ کردووە. بەشێکی گرنگی ناوەرۆکی کتێبەکە، زانیاریە لەسەر چۆنیەتی کارکردنی دامودەزگای ئایینی لای شیعەکانی ئێران.
وەک خۆیشی نەیشاردۆتەوە، سەدام ئەوی بە جێباوەڕی خۆی داناوە و ناو بە ناو، بۆ پرسی کورد و چۆنیەتی ڕەفتار کردن لەگەڵ ئەو پرسە ئاڵۆزە، بانگی کردووە و پرسی پێکردووە. هێشتا زۆر نهێنی ئەم دانیشتنانە نهێنی و نادیارن.
2017/01/05
پەیجی نووسەر

به‌روار:  15/01/2017
4447   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   715
کۆی سه‌ردان:   29262485