دوو پەرلەمانتاری پارتی سكاڵا لەسەر سروە عەبدولواحید تۆمار دەکەن
رووداو- هەولێر

دوو پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی سكاڵا لەسەر پەرلەمانتارێكی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان تۆمار دەكەن بەهۆی ئەوەی لە گفتوگۆیەکی تەلەڤزیۆنی وشەی "لەشفرۆش" -ی بەرامبەر ژنی پێشمەرگە شەهیدەکان بەکارهێناوە.

هەر یەك لە ئامینە زكری و دڵشاد شەعبان پەرلەمانتارانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بڕیاریانداوە رۆژی دووشەممە 12-12-2016 لە دادگای دهۆك سكاڵا لەسەر سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان تۆمار بكەن.

ئامینە زكری، پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "من و هەڤاڵم دڵشاد شەعبان بە سیفەتی كچ و كوڕی شەهید سكاڵا لەسەر سروە عەبدولواحید تۆمار دەكەین، چونكە سوكایەتی بە ژن و كەسوكاری شەهیدان كردووە و یەكێتی خاكی كوردستانی خستووەتە مەترسی و هیچ حسابی بۆ خوێنی هەزار پێشمەرگە لە كەركووك نەكردووە".

ئامینە زكری ئاماژەی بەوەکرد کە: "لە كەناڵێكی عەرەبییەوە ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەڵێ‌ ژنانی پێشمەرگە شەهیدەکان لەشفرۆشی دەكەن و خۆیان دەفرۆشن، بەڵگەی ڤیدیۆییشمان هەیە لە بەردەم دادگا دەیسەلمێنین كە ئەمە سوكایەتی و بێڕێزییە بە كەسوكاری شەهیدان".

سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی گۆڕان ئەو قسانەی رەتكردەوە و بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند: "من باسی خراپی باری ژیان و گوزەرانی كەسوكاری پێشمەرگەو شەهیدانم كردووە داوام كردووە نابێت حكومەتی عێراق لەبەر ناكۆكی سیاسی مووچەی پێشمەرگەو ئەو خەڵكە نەدات".

سروە عەبدولواحید سكاڵا تۆماركردنی پەرلەمانتارانی پارتی بە هەڵمەت دژی خۆی دەزانێت و دەڵێت: "ڤیدیۆکە ماوە وشەی لەشفرۆش جیاوازی زۆری هەیە لە زمانی كوردی و عەرەبی من گوتوومە خەڵك هەیە ویژدانی خۆی دەفرۆشێ،‌ نەك كاری لەشفرۆشی دەكات".

هەروەها رۆژی پێنجشەممە 8-12-2016 فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیێندراوێكی بە فەرمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند كە سكاڵا لە سەر سروە عەبدولواحید تۆمار دەکات. فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند "لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو سكاڵا و ڤیدیۆی دەنگی بەرنامەكە پێشكەشی داواكاری گشتی دەكەین".


به‌روار:  09/12/2016
1138   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   458
کۆی سه‌ردان:   29249274