بۆ ناردنەوەی پەنابەران پۆلیسی سوید داوا دەکەن ماڵی پەنابەران بپشکنن


بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ ناردنەوەی ئەو پەنابەرانە بکرێت کە داواکانیان پەسەند نەکراو و بە نایاسایی لە سویددا ماونەتەوە، پۆلیس داوا لە حکوومەت دەکەن کە ڕێگەیان پێ بدرێت بۆ نموونە کە ماڵی پەنابەران بپشکنن بۆ دۆزینەوەی پێناسە و بەڵگە کە لە ماڵەکانیاندا شاردوویانەتەوە و پۆلیس دەڵێن کە دەزانین لەو شوێنانە بەڵگە هەن.

هەروەها پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە لەسەر سنوورەکانی سوید جەستەی پەنابەران بپشکنرێت بۆ دۆزینەوەی بەڵگە و پێناسە. جێی باسە لە ئێستادا پۆلیس بۆی هەیە دەست بەسەر پێناسە و بەڵگەی ئەو کەسانەدا بگرێت کە بۆ داوای پەنابەری دێنە سوید، بەڵام بەپێی پێشنیازە نوێکەیان دەیانەوێت ڕێگەیان بدرێت کە بەڵگە و پێناسە ئەو کەسانەش دەست بەسەردا بگرن کە لە کاتی پشکنین لە سەر سنوورەکان دەبینرێت کە مۆڵەتی هاتنە نێو سویدییان نییە.      

پار لۆڤینباری بەرپرسی گرووپ لە پۆلیسی سنوور دەڵێت ئەوەی کە کورت و کۆنکرێت دەمانەوێت ئەوەیە کە بتوانین ئەو بەڵگە و پاسپۆرتانەمان دەست بکەوێت کە پەنابەران دەیشارنەوە و ڕێگەمان پێ بدرێت کە لە کاتی پرۆسەی داواکردنی مافی پەنابەریشدا ئەو کارە ئەنجام بدەین.

پۆلیس و دەستگەی کۆچ هەروەها دەستگەی چاودێریی تاوانکاری لە بەهاری ڕابوردوودا لەلایەن حکوومەتەوە ئەرکی ئەوەیان پی سپێردرا کە چەند پێشنیازێک پێێشکەش بکەن کە پرۆسەی ناردنەوەی ئەو پەنابەرانەی داواکانیان پەسەندن نەکراوە، ئاسان بکات.

هەر بۆیە یەکێک لە پێشنیازەکانی ئەم دەستگانە بۆ حکوومەت ئەوەیە کە بۆ ئاسانکاریی و هاوکاریی زیاتری نیوان ئەم دەستگانە یاسای پاراستنی نهێنیی لەم دەستگانەدا ئاسان بکرێتەوە واتا بوار بۆ ئەو دەستگانە بڕەخسێت کە زانیاریی لەسەر کەسی گومانلێکراو بدەنە یەکتری. واتا هەر لە سەرەتای پرۆسەی داواکردنی مافی پەنابەرییەوە ئەم دەستگانە هاوکاری بکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە مافی پەنابەریی نایانگرێتەوە.

هەروەها داوای ئەوەش کراوە کە ماوەی قەدەغەکردنی سەفەرکردن بۆ سوید درێژتر بکرێتەوە، واتا ئەو کەسانەی داواکانیان پەسەند ناکرێت و دەنێردرێنەوە بۆیان نییە تا ساڵێک سەفەر بۆ وڵاتانی ناوچەی شینگەن بکەن، داواکراوە ئەو ساڵە زیاد بکرێت.

ئەو کەسەشی کە پەیوەندی نەگرتووە بە دەستگەی کۆچەوە دەبێت شوێنی نیشتەجێبوونی لای پۆلیس ڕابگەیەنێت.

تا ئێستا دیار نییە کە ئاخۆ حکوومەت کەی وەڵام لەسەر ئەم پێشنیازانەی پۆلیس و دەستگەی کۆچ دەداتەوە و ئاخۆ پەسەند دەکرێن یان نا.

لینکی هەواڵ
به‌روار:  08/12/2016
3720   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   318
کۆی سه‌ردان:   29232231