بارزانی واژۆ لەسەر لەسێدارەدانی بكوژی مینا دەكات
رووداو- هەولێر

مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسێدارەدانی بكوژی مینای تەمەن 18 مانگ واژۆ دەكات و باوكی منداڵەكەش دەڵێت‌ "بارزانی بەڵێنەكەی بەجێگەیاند".

رۆژی 9/6/2016 كچێكی تەمەن 18 مانگ بە ناوی مینا مێڤان محەممەد، دانیشتووی گەڕەكی سەرهەلدانی شاری دهۆك دیار نەما. دوای 10 رۆژ تەرمی مینا بە پارچە پارچەكراوی لە گوندەكەی خۆیان (بەرئاشی) دۆزرایەوە. كوشتنی مینا كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دەركەوت ئەو كەسەی مینای كوشتووە، ویستوویەتی دەستدرێژی بكاتە سەر.

لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆك پێشتر بە (رووداو)ی راگەیاندبوو "كەسوكاری ئەو منداڵە هەر لە سەرەتاوە گومانیان لە خزمێكیان هەبوو. دوای بەدواداچوونی پۆلیس، دەركەوت لەلایەن ئەو گەنجەوە رفێنراوە و دواتر لە گوندەكەی خۆیان خنكاندوویەتی. ئەو گەنجە دانی بەوەدا نا كە ویستوویەتی دەستدرێژی بكاتە سەری و دواتر كوشتوویەتی".

دوای رووداوەكە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە مێڤان محەممەد، باوكی میناوە دەكات، جگە لەسەرەخۆشی، بەڵێنی دا بەدواداچوونی ورد بۆ كەیسی كوژرانی مینا بكرێ.

رۆژی 10/7/2016 دادگای تاوانی یەك بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ (ع.ح.ع) تەمەن 22 ساڵ دەركرد. دادگای پێداچوونەوەش لە رۆژی 19/10/2016 سزاكەی پەسەند كرد.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، رۆژی 27/11/2016 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر بڕیارەكەی دادگا كردووە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە بڕگەی 7 لە ماددەی 10ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق، ژمارە یەكی ساڵی‌ 2005ی هەمواركراو و بڕگەی (ب) لە ماددەی 385ی یاسای بنەماكانی دادگای سزای عێراق ژمارە 33ی ساڵی 1971ی هەمواركراوە، ئەو بڕیارەی لەدژی بكوژەكەی ئەو منداڵە پەسەند كردووە.

مێڤان محەممەد، باوكی مینا بە (رووداو)ی راگەیاند :"سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڵێنەكەی خۆی بەجێگەیاند، ئێمە سوپاسی دەكەین. ئەو تاوانەی بەرامبەر ئێمە كرا، تاوانێكی گەورە بوو. پێویستە ئەوانەی تاوانی وا دڕندانە دەكەن، لەسێدارە بدرێن".

بەهۆی قێزەونیی تاوانەكە رای گشتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داوای سزای لە سێدارەدانیان بۆ ئەنجامدەری تاوانەكە دەكرد ئەگەرچی بە كردەوە ئەو سزایە لە هەرێمی كوردستان هەڵپەسێردراوە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەگشتی واژۆ لەسەر سزاكانی لەسێدارەدان ناكات.

300 كەس سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە

دوای حەوت ساڵ لە راگرتنی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی كوردستان، لە ناوەڕاستی مانگی 8ی ساڵی 2015 لە شاری دهۆك، دادگا سزای لەسێدارەدانی بەسەر پیاوێك و هەردوو ژنەكەیدا جێبەجێ كرد كە بە رفاندن و كوشتنی دوو كچ تاوانبار كرابوون.

سزای لەسێدارەدان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یەكێتی زانایان و پارێزەری تاوانلێكراو جێبەجێ دەكرێ. بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) ژمارەی ئەو كەسانەی سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 300 كەسن. 


به‌روار:  05/12/2016
1405   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   937
کۆی سه‌ردان:   29264285