"جێگرەوەی مام جەلال هێشتا نەهاتۆتە دنیاوە"
گەلاوێژ
لە كۆنگرەی ڕەسمیی حزبدا نووری چاوەكانم، خۆشەویستی گەل سەرۆك مام جەلال بەسیفەتی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوو هەڤاڵی بەڕێزی دەست نیشان كرد بۆ پۆستی جێگری یەكەم و جێگری دوەم، كۆنگرەش پێشنیازەكەی مامی پەسند كرد، ئەم پرۆسەیەی جێبەجێ كرا كارێكی حزبی دروست بوو، بەڵام ئێستا ناو بەناو دەنگۆیەك لەملاو لەولا دەبیسترێ و لەهەندێ سایت و فەیس بووك و بڵاوكراوەدا دەخوێنرێتەوە كە گوایا كەسانێ هەن خۆیان هەڵپاچیوە بۆ جێگرەوەی مام جەلال، لەكاتێكدا دەبێ هەموان ئەو حەقیقەتە بزانن كە "جێگرەوەی مام جەلال هێشتا نەهاتۆتە دنیاوە".
*لێرەدا ئەوە دووبارە و سەدبارە دەكەمەوە كە لای هەموان ئاشكرایە مام جەلال ناوێكی پرشنگدار و پیرۆزە، كەسایەتیەكە سەرتاپا لە گەوهەر، لە پیاوەتی و ئازایی و فیداكاریی. لەتەمەنی پازدە ساڵیەوە لەكاتێكدا قوتابی قۆناغی ناوەندیی بووە چۆتە ڕیزی بزوتنەوەی نیشتمانیەوە، ئیتر لەو كاتەوە ئەم جوامێرە سەنگەری خەباتی چۆڵ نەكردوەو هەمیشە پێشڕەو بووە لە ئامادەبووندا بۆ قوربانیدان لە پێناوی كوردو كوردستاندا، ئەم ڕۆڵە دڵسۆزە لەڕیزی خوێندكارانا، لەگەڵ لاوانا لەناو ئاپوورەی جەماوەردا هەمیشە هاوخەمیان بوەو هەردەم لەگەڵ ئازارو ئاواتیانا ژیاوە. لەو ساتەشەوە كە چەكی مەردانەی كردە شان و لەگەڵ هەڤاڵانیا چوونە شاخ و شەرەفی پێشمەرگایەتییان پێ بڕا، ئەم سیاسەتمەدارە بلیمەتە ڕۆڵەی تەنگانەو پیاوی سیاسەت و هەڵگری ئاڵای برایەتی و تەبایی و ئاشتیخوازی بوە، هەروەك باسم كرد هێشتا مناڵ بوە كە نوێنەرایەتی قوتابیانی كردوە، لەوەودواش دامەزرێنەرو سەركردەی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بوو، لە حزبیشدا هەمیشە لە سەركردایەتی و لەڕیزی پێشەوەدا بوە، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا جارەها بەدەستی خۆی خواردەمەنی بۆ پێشمەرگەكان ئامادە كردوە كە هەمیشە بە برای هاوپشتی خۆی زانیون.
* تا ئێستاش خەڵكی شارە حەیاتەكە (وەك خۆی جارەها بە سلێمانی دەوت) لە یادیانە كە بۆ یەكەم جار ساڵی 1963 بەدیداری پۆلێك پێشمەرگە شاد بوون كە مام سەركردەیان بوو، ئای چ خۆشیەك لە شاردا بڵاوبوەوە كە ڕووبەڕوو پێشمەرگەیان بینی و گوێیان لە وتە بەنرخەكانی مام جەلال بوو.
* مام جەلال بیرۆكەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی لەلا گەڵاڵە بوو، دەست لەناو دەستی هەڤاڵەكانیا خەوەكەیان كرد بە واقیع و یەكێتیی لە بارودۆخێكی زۆر ناسكدا دامەزراو مام جەلالیش بە سكرتێری گشتی ئەو حزبە هەڵبژێررا، ئیتر لە ناوەڕاستی ساڵی حەفتاو پێنجەوە ئەم خەباتگێڕە لە سەركەوتنێك بۆ سەركەوتنێكی تر حزبەكەی بەرەو پێش دەبرد تا گەیشتن بە ڕاپەڕین، هەمیشە ڕێزی لە هەڤاڵە تێكۆشەرە قارەمانەكانی هاوسەنگەری دەگرت و بەقەدەر بیلبیلەی چاوی خۆشی دەویستن. دڵی لەگەڵ لێدانی دڵی هەر یەكێك لە كەسوكاری شەهیدانا بوو، خەمی ئەو تێكەڵ بەخەمی ئەو خێزانانە بوو كە ڕۆڵەیان لە زیندانەكانا بوو، مام جەلال بە لێهاتوویی خۆی بوو بە سەركردەیەكی جیهانیی، بوو بە قارەمانی داستانی هەڵمەتی شێرانەی كورد، لە كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا مام وەكو ڕەمزێكی دیار ناسرا، لە سوشیال دیموكراتا گەیشتە پلەی جێگری سەرۆك، لە پۆستی حكومەتیشدا گەیشتە پایەی سەرۆك كۆماریی، تا ئێستاش گەلی ڕەش و ڕووتی عەرەب، ستەم لێكراوەكانیان، چەوساوەكانیان، ڕوناكبیرەكانیان، چینی كرێكار و هەژاریان، مام جەلالیان بەڕادەیەك خۆش دەوێ.. كە وەسف ناكرێ.
* مام جەلالی خەباتگێڕو ئەفسەرو پارێزەرو یاساناس و ڕوناكبیرو سیاسەتمەدارو پێشمەرگەو سەركردەو برا گەورەو فەرماندەی لێهاتوو كێ لە توانایدایە ببێتە جێگرەوەی؟ لە كۆتاییدا دەڵێم با ئەو بەیت و بالۆرەیەی ناو فەیس بووك و لێدوانی لابەلا لەجێی خۆیدا كپ ببێ كەس جورئەتی ئەوە نەكات بڵێ فڵان یان فیسار جێگرەوەی مام جەلالە..
تا ئەم ساتە بڕوا ناكەم كەسێك هەبێ بتوانێ و جەسارەتی ئەوە بكات و باسی جێگرەوەی بكات بۆیە.. مام .. هەر مامەو .. هەر سەركردەیەو هەر ئەویشە شەوو ڕۆژ لە دووتوێی دڵمانایە.. بۆ یەك ساتیش فەرامۆشی ناكەین.
نەوا
بهروار: 04/12/2016
935 جار خوێندراوهتهوه
|