نهێنییەکانی ژیانی چارلز بۆکۆڤسکی
چارلز بۆکۆڤسکی یەکێکە لە گرنگترین شاعیرەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستی ئەمەریکا، نووسینەکانی بۆکۆفسکی کاریگەرییەکی زۆری ژینگەی شاری لۆسئەلنجەلوسیان پێوە دیارە و خۆشی هەر لەوێ ژیاوە، ئەم نووسەرە هەزاران شیعر، سەدەها چیرۆکی کورت، شەش ڕۆمان و زیاتر لە ٥٠ کتێبی تری نوسیوە و چاپی کردوون.

دوای ڕووخانی ئابووریی ئەڵمانیا لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ساڵی ١٩٢٣خێزانەکەی بۆکۆڤسکی ڕۆشتن بۆ بالتیمۆر. لە زمانی ئەمەریکیدا، دایک و باوکی بۆکۆڤسکی ئەویان بە ناوی (هێنری) بانگ دەکرد، دوای بەدەستهێنانی هەندێک پارە ئەم خێزانە لە کەناری شاری لۆسئەنجەلوس نیشتەجێ بوون، ئەو جێگایەی کە خێزانەکەی باوکی بۆکۆڤسکی تێێدا دەژیان. لەماوەی منداڵی بۆکۆڤسکیدا، باوکی زۆربەی کات بێکار بوو،  و بە باوەڕی بۆکۆڤسکی جنێوفرۆش و بەدڕەوشت بوو. دوای دەرچوون لە قۆناغی ناوەندیی لەخوێندنگای لۆسئەنجەلوس، بۆکۆڤسکی دوو ساڵ لە زانکۆی شاری لۆسئەنجەلوس بوو و چەند خولێکی هونەر، ڕۆژنامەوانی و ئەدەبیاتی بینی.
 لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا، یەکەمین کورتە چیرۆکی خۆی لە گۆڤاری (چیرۆک)دا بڵاو کردەوە. دوو ساڵ دواتر، چیرۆکی کورتی (٢٠ سوپاسی کاسلدان) ی بڵاو کردەوە. لەم ماوەیەدا چارلز لە لۆسئەنجەلوس دەژیا، بەڵام ماوەیەکیش لە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرگەردان بوو، کاری سەرپێی دەکرد و لە ژوورە هەرزانەکاندا دەمایەوە. لەسەرەتای دەیەی ١٩٥٠دا بۆکۆڤسکی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆستی لۆسئەنجەلوس وەک پۆستەچی و نامەگەیەنەر دەستبەکار بوو، بەڵام دوای دوو ساڵ و نیو واز لەم کارە دەهێنێت. لەساڵی ١٩٥٥ بەهۆی برینی گەدەوە بۆ ماوەیەک بە مەبەستی چارەسەر لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، دوای هاتنە دەرەوەی لە نەخۆشخانە، دەستی کرد بە نووسینی شیعر، لەساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ شاعیر و نووسەر (باربارا فێری) هاوسەرگیریی کرد، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم و لەساڵی ١٩٥٩ دا لەیەک جیابوونەوە. فێری جەختی کردوەتەوە کە جیابونەوەی ئەوان هیچ پەیوەندییەکی بە ئەدەبیاتەوە نەبووە، ئەگەرچی زۆربەی کات بەشێوەیەکی گوماناویی دەیوت کە بەتوانایی بۆکۆڤسکی لە شاعیرییدایە. لە دوای ئەم جیابونەوەیە، بۆکۆڤسکی دوبارە دەستی کردەوە بە شەراب خواردنەوە و نووسینی شیعر.
چارلز دوای ١٠ ساڵ وازهێنانی لە کاری پۆستەچی، گەڕایەوە سەر کارەکەی. لە ساڵی ١٩٦٤ دا کچێک بە ناوی (مارینا لویس بۆکۆڤسکی) لە بۆکۆڤسکی و فرانز سمیت هاتە دنیاوە. سمیت و بۆکۆڤسکی پێکەوە دەژیان، بەڵام هیچ کات هاوسەرگیرییان نەکرد. بوکوڤسکی دوای ماوەیەکی کەم لەگەڵ (جۆن وێب و جیپسی لوی) بووە هاوڕێ. لەم ماوەیەدا گۆڤاری ئەدەبی The Outsider بڵاودەبویەوە و ئەو گۆڤارە بەشێوەیەکی تایبەت شیعرەکانی بۆکۆڤسکی بڵاودەکردەوە، ئەم گۆڤارە هەریەک لە شیعرەکانی (دڵی من لە دەستی ئەودا دیلە - ١٩٦٣) و (خاچێک لەدەستی مەرگدا- ١٩٦٥) دا بڵاوکردەوە. جان وێب پارەی چاپی ئەم گۆڤارەی لە قوماربازیی لاسڤیگازەوە بەدەست دەهێنا، لەم ڕێگایەوە بوو کە هاوڕێیەتی بۆکۆڤسکی و فرانس داسکی دەستی پێکرد. ئەوان پێکەوە بەدواداچونیان دەکرد لەگەڵ چەند کارێکی هاوبەشی تر. داسکی یەکێک بوو لە هاوڕێکانی وێب کە زۆربەی کات لە ماڵە بچووکەکەی ئەودا لە شەقامی E. Elm میوان بوو و کارەکانی چاپی ڕادەپەڕاند. بۆکۆڤسکی و داسکی بۆ ماوەیەک لە New Orleans بوون، جێگایەک کە جیپسی لوی دوای کۆچی دوایی جان وێب سەرەنجام گەڕایەوە بۆی.
لەساڵی ١٩٦٩ دا، دوای بەستنی عەقدێک لەگەڵ (جان مارتین) بڵاوکەرەوەی دەزگای Black Sparrow Press دا و وەگرتنی ١٠٠ دۆلاری مانگانە بۆ هەموو ژیانی وەک مافێکی ئەم دەزگایە، بۆکۆڤسکی وازی لە کاری پۆستەچیەتی هێنا و کاتەکانی خۆی بۆ نووسینی پیشەیی تەرخان کرد. ئەو تەمەنی ٦٩ ساڵ بوو، لەنامەیەکیدا کە باس لەو سەردەمەی دەکات دەنووسیت " من دوو هەڵبژاردنم هەیە ... لە بەڕێوەبەرایەتی پۆستەدا بمێنمەوە و کەر و گا بم... یان لە دەرەوەی ئێرە بم و وای نیشان بدەم کە نووسەرم و برسیی بم. من بڕیارم دا کە برسی بم". کەمتر لە یەک مانگ لە دوای وازهێنانی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆستە، بۆکۆڤسکی یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی (پۆستە خانە) تەواو کرد. لەبەر ئەوەی مارتین گەرەنتی لایەنی دارایی بۆکۆڤسکی کردبوو وەک نووسەرێک و ڕێزی لێ دەگرت، بۆکۆڤسکیش زۆربەی کارەکانی دواتری خۆی لە دەزگای بڵاوکردنەوەی Black Sparrow Press چاپ و بڵاودەکردەوە.

لە ساڵی ١٩٧٦ دا بۆکۆڤسکی سەردانی (لیندا لی بیلی) کرد کە خاوەنی ڕیستۆرانتێکی خواردنی تەندروستی بوو. دوو ساڵ دواتر ئەم دوانە لە ڕۆژهەڵاتی هۆڵیودەوە، جێگایەک کە بۆکۆڤسکی تێیدا دەژیا ڕۆشتن بۆ بەندەری (سان پێدرۆ)، بۆکۆڤسکی و بیلی لە ساڵی ١٩٨٥ دا هاوسەرگیرییان کرد، لیندا لی بیلی بە ناوی (سارا) لە ڕۆمانەکانی (ژنان) و (هۆڵیود) ی بۆکۆڤسکیدا ناوی براوە.
شاعیر و نووسەر هێنری چارلز بۆکۆڤسکی لە ساڵی ١٩٢٠ لە شاری (ئەندەرناخ)ی ئەڵمانیا لەدایکبووە، دایکی (کاسرین فیت) کە ئەڵمانی تەواو بوو، باوکیشی ئەڵمانی – ئەمەریکی بوو، دایک و باوکی دوای جەنگی جیهانی یەکەم یەکتریان ناسیوە، بۆکۆڤسکی دەڵێت کە بەرهەمی پەیوەندییەکی نایاسایی و ڕێگەپێنەدراوە، بەڵام ئەرشیفەکانی ئەندەرناخ نیشانی دەدەن کە دایک و باوکی ئەو یەک مانگ پێش لەدایکبوونی هاوسەرگیرییان کردووە.

بۆکۆڤسکی لە ٩ ی مارسی ١٩٩٤ لە سان پێدرۆی کالیفۆرنیا لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا، ماوەیەکی کەم  لەدوای تەواو کردنی کۆتا ڕۆمانی (بازاڕی) بە نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن کۆچی دوایی کرد. مەراسیمی بە خاک سپاردنەکەی ڕاهیبێکی بوودایی تێدا بەشدار بوو.

لەسەر کێلی گۆڕەکەی ئەم دێڕە هەڵکەندراوە (هەوڵ مەدە - Don't Try) ئەمەش دێڕێکە لەو شیعرەی کە دەڵێت "هەندێک کەس لە من دەپرسن چی دەکەم و بە چ جۆرێک دەنووسم و بەرهەمە ئەدەبییەکانم دەخولقێنم، من تەنها وەڵامیان دەدەمەوە تاکە کارێک کە پێویستە ئەنجامی بدەیت ئەوەیە کە هیچ کارێک نەکەیت. ئەوەندە بەسە دەست لە هەوڵدان هەڵبگریت. چ بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆمبێلێکی نایاب، چ بۆ خولقاندنی بەرهەمێک و چ بۆ نەمری. تەنها ئەوەندە بەسە کە چاوەڕی بکەیت و ئەگەر هیچ ڕوی نەدا زیاتر چاوەڕێ بکەیت. ڕێک وەک بزماری سەر دیوارێک؛ ئارام دەگریت تا خۆی بەرەو ڕووت دێت".

لە فارسییەوە : بیار ڕەشید
نالیا2



به‌روار:  28/10/2016
1844   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   949
کۆی سه‌ردان:   29256116