گیڤارا
ئەرنستۆ چێ گیڤارا، شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی ئەرجەنتینی لە لەساڵی ١٩٢٨ لەشاری (رۆزارییۆ)ی ئەرجەنتین لەدایكبووە و لە١٩٦٧ لەسەر كێوەكانی ئانددا كوژرا.
بنەماڵەكەی چێ گیڤارا لەبنەڕەتدا باسك و ئیرلەندی بوون و بیروڕایەكی چەپگەراییان هەبوو، ئەگەرچی جیڤارا هەناسە توندی لەگەڵدابوو، بەڵام توانی ببێتە وەرزشكار، ماڵی باوانی جیڤارا كتێبخانەیەكی گەورەیان هەبوو كەنزیكەی ٣٠٠٠ كتێبی تێدابووە، ئەم كتێبخانەیە بووە هۆی ئەوەی ئاسۆی بیری فراوانو روانینی بۆ دونیاو كۆی شتەكان بگۆڕێت.
هەروەها لەساڵی ١٩٥٣ لەزانكۆی بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتیندا لهكۆلێژی پزیشكی وەرگیراو دواتر بڕوانامەی پزیشكی وەرگرت.
دوای تەواوكردنی خوێندن جیڤارا دەچێتە مەكسیك و بەفیدڵ كاسترۆ ئاشنا دەبێت و لەگەڵ ئەودا دەست بەشۆڕش دەكات لەدژی (باتیستا)ی دەسەڵاتدار و دیكتاتۆری كوبا، چەندین ساڵ لەشاخ و كێو و جەنگەڵەكاندا تێكۆشیانى هەبووە تاوەكو كوبایان لەدەستی دیكتاتۆری رزگاركرد.
دوابەدوای ئەم سەركەوتنە گەورەیە جیڤارا وەكو وەزیری پیشەسازی لەكوبا هەڵبژێردرا، بەڵام ناوبراو قبوڵی نەكرد و بۆ درێژەدان بەئامانجە شۆڕشگێڕەكانی رێگای پۆلیڤیای گرت، جیڤارا سەبارەت بەرۆیشتنی بۆ پۆلیڤیا دەڵێت "گەلێكی دیكەی ئەمریكای لاتین لەبندەستی (ئیمپریالیسم)دایە و پێویستە رزگار بكرێت".
هەربۆیە جیڤاراو دەستەیەك لەپارتیزان كەژمارەیان ١٧ كەس بووەو جیڤارا سەركردایەتی دەكردن دەگەنە پۆلیڤیا و لەدۆڵی بۆرۆ خۆیان حەشار دەدەن و خەریكی خۆ ڕێكخستن دەبن بۆ سەرهەڵدانەوەی شۆڕشێكی نوێ بۆ ڕزگاركردنی پۆلیڤیا ئەوەی لەسەرچاوە مێژوویەكانەوە باسدەكرێت كەشوێنی پارتیزانەكان لەڕێگەی فڕۆكەوە ئاشكرا كراوە و دواتر لەلایەن سوپای پۆلیڤیاوە هێرش دەكرێتە سەریان، هەروەها دەگێڕنەوە ئەو چەكەی جیڤارا شەڕی پێدەكا لەكار دەكەوێت هەربۆیە ناوبراو دەمانچەكەی بەكاردێنێت، بەڵام دوای ماوەیەك بەردەوامبوون لەشەڕ دەمانچەكەشی فیشەكی تێدا نامێنێت و گەمارۆی جیڤارا دەدرێت.
لەوشەڕەدا لەگەڵ یەكێك لەپارتیزانەكانی شۆڕش بەناوی (ئیلۆدیا) دەستگیر دەكرێن لەكاتی بەڕێكردنیان بۆ زیندان جیڤارا هەر ئومێدی بەڕزگاركردن هەیە بۆیە ئیلۆدیا بەجیڤارا، دەڵێت كەهەوڵی ڕاكردنی بۆ دەڕەخسێنێت و ئەو ئامادەیە لە پێناو رزگاركردنی جیڤارادا ژیانی خۆی بەخت بكات، هەربۆیە جیڤارا لەڕێگادا داوای كردنەوەی دەستی دەكات بەمەبەستی سەرئاوكردن، هەروەها وەهاش بیردەكاتەوە ئەو پارتیزانانەی كەلەو شەڕەدا ماون چاودێرییان دەكەن بەمەبەستی ڕزگاركردنی، بەڵام بەهۆی توندی و زۆری پاسەوانەكانی سوپای پۆلیڤیا ئەو هەوڵە سەرناگرێت و جیڤارا دەبرێتە خوێندنگەیەكەوە و بۆ ئەم مەبەستەش پۆلێكی خوێندن بەقوتابیان چۆڵ دەكرێت بۆ دەست بەسەرداگرتنی جیڤارا.
دوای ماوەیەك لەزیندانی كردنی لەو خوێندنگەیە رەوانەی بەندیخانەی شاری Higueras دەكەن و دواتر بڕیاری كوشتنی بەسەردا دەدەن و لەساڵی 1967 بەدەستی MarioTeran بە نۆ گوڵە كوژرا، وەك باسدەكرێت هیچ لەسەربازەكان ئامادە نەبون جیڤارا بكوژن، بەڵامMarioTeran هەمیشە كەسێكی سەرخۆش بووە بۆیە بەو كارە هەستاوە.
هەر دوابەدوای گیانلەدەستدانی جیڤارا حكومەتی پۆلیڤیا لەبڕیارەكەی پاشگەز و پەشیمان بووەو، چونكە بەبڕوای ئەوان بەم كارە جیڤارا بوو بەئەفسانەی شۆرشگێڕی و ئازادیخوازی لەجیهاندا، نەیارو دوژمنەكانی پێیانوایە ئەگەر زیندوو بووایە بیروڕاو ناوی جیڤارا هێندە لەجیهاندا بڵاو نەدەبوویەوە.
سەبارەت بەشۆڕشگێڕی و خیانەتكاری جیڤارا لەیەکێک لەوتەکانیدا دەڵێت "شۆڕشگێڕی راستەقینە كاتێك نیشتیمانەكەی رووبەڕوی مەترسیو پەلامار دەبێتەوە فیشەكێك لەدوژمن دەداتو دە فیشەكیش لەهاونیشتیمانە خیانەتكارەكانی، چونكە هیچ دوژمنێك هێندەی ئەوانە شایەنی كوشتن نین كەخیانەت لەخاك و خەڵكی خۆیان دەكەن".
پێش ئەوەی جیڤارا گوللە باران بكرێت، ئەفسەرێك لێی دەپرسێت، باشە تۆ هەتا كەی دەجەنگیت، دوای ئەوەی لە فەنزوێلا و مەكسیك و كۆنگۆ و جەزائیر و كوبا بوویت؟
جیڤارا لەوەڵامدا دەڵێت "هەتا ئەو كاتەی كەمنداڵانی جیهان دەتوانن هەموو بەیانییەك پەرداخێك شیر بخۆنەوە".
دوا ساتەکانی ژیانی جیڤارا پێیان وت : تۆ ژیانی خۆت و نەمریت بەلاوە گرنگە؟ جیڤاراش وتی: من نەمری شۆڕشم بەلاوە گرنگە ، وەرە ترسنۆك بمکوژە ئەزانم بۆ ئەو کارە ڕاسپێردراوی
نالیا
بهروار: 10/10/2016
1748 جار خوێندراوهتهوه
|