ئەڵمانیا دەڵێ رێگەنادەین هاوشێوەی 2015 پەنابەران بێنە نێو وڵاتەكەمان
رووداو - بەرلین
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، نزیکەی 890 هەزار پەنابەر هاتوونەتە نێو وڵاتەکەی و جەختیكردەوە، رێگەنادەن هاوشێوەی 2015 پەنابەران بچنە نێو ئەڵمانیا.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە شاری بەرلین، تۆماس دی مایزیرە، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، ساڵی 2015 نزیکەی 890 هەزار پەنابەر هاتوونەتە ئەڵمانیا و لەو ژمارەیە نزیکەی 820 هەزار کەسیان لەنێو سیستمی پەنابەریدا تۆمارکراون.
دی مایزیرە گوتیشی، حکومەتی ئەڵمانیا چەندین رێوشوێنی تایبەت بە کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەرانی گرتووەتەبەر، وێڕای ئەوەی ژمارەی کۆچبەران لە ساڵی 2015 کەمترە لە تێکڕای ژمارەی کۆچبەران کە هاتوونەتە نێو ئەڵمانیا (کە بە یەک ملیۆن پەنابەر مەزەندە دەکرێن)، بەڵام بەگوتەی دی مایزیرە هێشتا ژمارەی پەنابەرەکان زۆرە.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا راشیگەیاند، حکومەتی وڵاتەكەی کار بۆ ئەوە دەکات کە ژمارەی کۆچبەران هاوشێوەی ساڵی 2015 دووبارە نەبێتەوە.
ساڵی 2015 حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا بە پێشوازیکردن لە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەر و کۆچبەران و لە ئەنجامدا زیاتر لە یەك ملیۆن پەنابەر،کە زۆربەیان خەڵکی سووریا بوون، چوونە ئەڵمانیا.
بهروار: 30/09/2016
791 جار خوێندراوهتهوه
|