ئێزیدیەكان زۆربەیان خۆیان بەكورد نازانن
خەیری شەنگالی، كەسایەتیەكی دیاری ناو ئێزیدیەكانە، ئەو كە ئێستا لەوڵاتی ئەڵمانیا دەژی، لەم گفتوگۆیەی ئاوێنەدا دەڵێت “ئێزیدیەكان لەمەودوا پێویستە شێوازی هەڵبژاردنی میرەكەیان بگۆڕن تا بتوانین كەسی شیاو بۆ میرایەتی دیاری بكرێن”.
ئا: هەڵۆ ئه‌حمه‌د – ئه‌ڵمانیا
ئاوێنە: خەیری شەنگالی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، كاری بۆ بەعس كردووە؟
خەیری شەنگالی: بەڵێ لەساڵی 1984 بەشداری خولێكی سەربازیم كردووە لەموسڵ، دواتر لەبەڕێوبەرایەتی شارستانی موسڵ بەپلەی مفەوەز كارم كردوەو دواتر بەشداری شەڕی ئێران عێراقم كردوە، بۆ ماوەی یەك ساڵ، لەیەكێك لەشەڕەكاندا بەخەستی بریندار بوم ئیتر وازم لەهەمو دەوام‌و كارو چالاكیەك هێنا.
ئاوێنە: بۆچی ئێزیدیەكان لەئەڵمانیاو ئەوروپا خۆیان بەكورد نازانن؟
خەیری شەنگالی: من پێتدەڵێم ئێزیدیەكان لەئەڵمانیاو ئەوروپاو تەنانەت عێراقیش زۆربەیان خۆیان بەكورد نازانن، چونكە بەدرێژایی مێژوو كوردەكان ستەمیان لەئێزیدیەكان كردووە، دواهەمین ستەمیش پارتی كردویەتی كە شەنگالی جێهێشت بۆ تیرۆرستان بێ شەڕ، زۆر هۆكاری تریش هەیە كە بوەتە هۆی ئەوەی ئێزیدیەكان خۆیان بەكورد نەزانن.
ئاوێنە: بۆچی ئێوەی ئێزیدیی لەناوخۆشتاندا یەك نین؟
خەیری شەنگالی: زۆر راستە بەدرێژایی مێژو ئێزیدیەكان لەناوخۆدا یەك نەبوون‌و دابەش بوون بەسەر چەند گروپێكدا، هەر گروپێكیان لەلایەنێك نزیكەو پارەی لێوە دەگرێت‌و خەڵكە هەژارەكەش تەنها بەكاردەهێنن بۆئامانجەكانی خۆیان.
ئاوێنە: خەیری شەنگال هەڵهات یان بەئارەزوومەندانە شەنگالی جێهێشت؟
خەیری شەنگالی: من لەسەرەتای شەڕی داعش لەسلێمانی بوم، پاش چەند ڕۆژێك  چومە باشیقە ویستم بچم بۆ بەرگری لەچیای شەنگال، بەڵام پارتی ڕێگەی نەدا، ناچار بوم لەسوریاوە بچمە چیای شەنگال لەگەڵ شەش سەد گەنجی تر. راستەوخۆ لەوێ برایانی پەكەكە تەقەمەنی‌و چەكیان پێداین‌و لەوێ ماینەوە بۆ پارێزگاری لەو خەڵكەی لەچیای شەنگال بون، پاش چەند مانگێك من بانگێشتنامەیەكم پێگەیشت بۆ چەند كۆنگرەیەك‌و چاوپێكەوتن‌و كردنەوەی ماڵی ئێزیدیان لەوڵاتی ئەڵمانیا. پاش پرسكردن بەحیزبەكەم ی.ن.ك ڕێگەیان داپێم‌و هاتمە ئەڵمانیاو بڕیاری مانەوەشم دا. من هەرگیز لەترس‌و ئەو شتانە هەڵنەهاتوم، كاتێكیش سەیرم كرد كۆمەڵێك كەس لەسەر سكی ئێزیدیەكان دەژین‌و ئێمەش شەڕمان دەكرد، ئیتر بڕِیاری مانەوەم داو ئێستا مافی پەنابەریم وەرگرتوە. هەر كاتیش ئەو كەسانەی كە بازرگانی بەگیانی خەڵكی شەنگال دەكەن دوركەوتنەوە ئەوا منیش دەگەڕێمەوە.
ئاوێنە: بۆچی میری ئێزیدیان ماوەیەكی زۆرە لەئەڵمانیا دانیشتوەو ناگەڕێتەوە بۆ كوردستان؟
خەیری شەنگالی: دەمەوێت پێتانبڵێم میر ئەو كاتەی تەمەنی دوانزە ساڵ بو تا ئێستا هەڵوێستێكی پیاوانەی لەگەڵ خەڵكی شەنگال نەبوە، هەمیشە لەگەڵ حكومەت‌و حیزبدا بوە، ئەمەش خەڵكەكەی بێزاركردووە، هیچ نەبوایە دەبوایە میر بهاتایەوەو خەڵكی هان بدایە بۆ بەرگری كردن لەشەنگال‌و ناوچەی ئێزیدیەكان، بەڵام بەبیانووی نەخۆشی، میر دەڵێت ناتوانم بگەڕێمەوە لەئێستادا، بەهەقەت تەندروستی باش نیە، بەڵام لەرابردو دەیتوانی بگەڕێتەوە.
ئاوێنە: هەوڵێكتان دا بۆ گۆڕینی شێوازی دیاریكردنی میر، ئاكامی ئەم هەوڵە بەچی گەیشت؟
خەیری شەنگالی: هەڵبژاردنی میر لەناو ئێزیدیەكان بەشێوەی میراتیی دیاری دەكرێت، واتە پشتاوپشت دەڕوات ئەمەش ئاكامی خراپی دروست كردوە، بۆیە ئێزیدیەكان لەمەودوا پێویستە ئەم ڕێچكەیە بگۆڕین بۆ هەڵبژاردن تا بتوانین ئەو كەسانەی شیاون بۆ میر دیاری بكرێن.
ئاوێنە: لەئەڵمانیاو ئەوروپا بنكەو پەرستگاتان هەیە بۆ پەیڕەوانی ئاینەكەتاندینەكەتان؟
خەیری شەنگالی: ئێمە بنكەی بەجێهێنانی ئەركە ئاینییەكانمان نیە، بەڵام لەئەوروپاو ئەڵمانیا بەتایبەت ماڵی ئێزیدیەكان هەیە، لەچەند هەرێمێك كە بۆ خزمەتی ئێزیدیەكان كار دەكەن، حكومەتی ئەڵمانیش هاوكارمان بوە لەكردنەوەی شوێنی تایبەت بۆ ئێزیدیەكان.
ئاوێنە: بۆچی زۆرجار باس لەوە دەكەن كە شەنگال فرۆشراوە؟
خەیری شەنگالی: ئەو شتە گومانی تیا نیە كە پارتی شەنگالی فرۆشتووەو بەرپرسی یەكەمە لەبەدەستەوەدانی شەنگال كە سەدان هەزاركەس كوژراوو دەربەدەر بون، لەكاتێكدا دوانزە هەزار پێشمەرگە هەبون لەو ناوچەیە بێ ئەوەی بەرگری بكەن هەڵهاتن‌و خەڵكی شەنگالیش بون بەقوربانی.
ئاوێنە: حكومەتی هەرێم پلانی هەیە لەداهاتودا شەنگال بكرێتە پارێزگا، ئەمە تا چەند لەبەرژەوەندی خەڵكی شەنگال‌و ئێزیدیەكانە؟
خەیری شەنگالی: ئێمە وەك شەنگالیەكان بەهەمو شێوەیەك دژی ئەوەین بكرێتە پارێزگاو لایەنێكی دیاری كراو بەڕێوەی بەرێت، پێویستە شەنگال بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆو شەنگالیەكان خاوەنی بن.
ئاوێنە: تا چەند پشتیوانی لەهەوڵەكانی حەیدەر شەشۆ دەكەیت بۆ پێكەوەنانی هێزێكی سەربەخۆو تایبەت بەئێزیدیەكان وەك بەشێك لەحەشدی شەعبی؟
خەیری شەنگالی: كەسایەتی حەیدەر شەشۆو خێزانی حەیدەر كەسانی نیشتمانپەروەرن، بەڵام بەڵێ ئەو بڕی دو ملیارو شەش سەد ملێۆن دیناری بەهاوكاری دو كەسی تر كە یەكێكیان مەسیحیە وەرگرتوەو رەوانەی دهۆكیان كردوە، تا ئێستاش دیار نیە ئەو پارەیە چی لێهاتوەو لەكوێیە، وا هەست دەكەم كەسانی دەوروبەری حەیدەر باش نین‌و ئەویشیان خستۆتە هەڵەوە.
ئاوێنە: هەڵوێستی (ی ن ك) چۆن هەڵدەسەنگێنی بەرامبەر بەئێزیدی‌و شەنگالیەكان؟
خەیری شەنگالی: من رەخنەی زۆرم لەحیزبەكەم هەیە، هەمیشە رەخنەم لێگرتون‌و واش فێركراوم كە رەخنە بگرم‌و رەخنەش قبوڵ كەم، من گللەیی ئەوەم لەیەكێتی هەیە بۆچی كاتی شەڕی شەنگال چەك‌و تەقەنی بۆ كۆبانێ نارد بۆ شەنگالی نەنارد؟! بۆچی ژوری تایبەتی ئێزیدیەكانی بۆ ماوەی چەند ساڵێكە فەرامۆش كردوە؟ كاتی خۆیشی من روبەڕو رەخنەم لەمام جەلال گرتوە كە حیزبەكەمان خزمەتی ئێزیدیەكان وەك پێویست ناكات، بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە تا ئێستا یەكێتی هیچ خیانەتێكی وەك ئەوانەی شەنگالیان دا بەدەستەوە نەكردووە.

ئاوێنە


به‌روار:  28/09/2016
843   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   761
کۆی سه‌ردان:   29262576