ئاوات حەسەن رێكخەری خۆپیشاندانەكان: بە پێنج ئۆتۆمبێل رفاندیانم

پاش ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە) لەشاری سلێمانی هەردوو مامۆستای دەستەی مامۆستایانی ناڕازی و بەرەی خەڵك لەلایەن چەند چەكدارێكەوە دەڕفێنرێن، یەكێك لەو مامۆستایانە چیرۆكی رفاندنەكە و چۆنێتی دەربازبونی دەگێڕێتەوە و دەڵێت "10 كەس بە كڵاشینكۆف و دەمانچەوە هەڵیان كوتایەسەرم و ویستیان بمڕفێنن، بەڵام خۆم رزگاركرد".
سەبارەت بە چۆنێتی هەوڵی رفاندنی و خۆرزگاركردنی، مامۆستا ئاوات حەسەن ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی و بەرەی خەڵك لەلێدوانێكی تایبەتدا بە رادیۆی نەوای وت "لە نزیك سەنتەری بۆلینگ لەشاری سلێمانی دەڕۆشتم بۆ كۆبوونەوەمان لە باخی گشتی، پێنج ئۆتۆمبێل كە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لەپشتیانەوە بوو، بەدوامەوە بوون، هەڵیانكوتایە سەرم و بە 12 كەسەوە كە جلوبەرگی رەشیان لەبەردابوو بە كڵاشینكۆف و دەمانچەوە هاتنەسەرمان".
مامۆستا ئاوات حەسەن باسیلەوەش كرد، لەوكاتەدا بە هاندەكەی راستەوخۆ ڤیدیۆی ئەو ساتەی تۆماركردوە و دەڵێت "من بۆكسێكم لە گۆگڵ هەیە، راستەوخۆ لەو بۆكسەوە دیمەنەكە تۆمار دەكرێت، بۆیە بەهێزەكەم وت روخساری هەموتان ئاشكرایە و هاندەكەم فرێدا، لەوكاتەدا ویستیان هاندەكە هەڵبگرنەوە منیش لەدەستیان خۆم دەربازكرد، بەڵام ئۆتۆمبێل و ومنداڵەكەم لەلایەن ئەوانەوە بەرەو شوێنێكی نادیار رفێنراون".
سەبارەت بە چارەنووسی منداڵەكەشی، ئەوەیان پێڕاگەیاندوەن كە منداڵەكەی و ئۆتۆمبێلەكەی لە شوێنێكی دیكە فڕێدراون و دۆخی دەروونی منداڵەكەی زۆر خراپە.
ئەو مامۆستا دەربازبوە جەختی لەوەشكردەوە، لەئێستادا بەهۆی سەلامەتی گیانی مامۆستا عادل-ەوە كە لەلایەن هێزێكی دیكەوە رفێنراوە، هیچ شتێك بڵاوناكاتەوە، لەوبارەیەشەوە وتی "ئەگەر مامۆستا عادل ئازاد نەكەن ئەوا هەموو ڤیدیۆكە كە روخسار و ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەی تێدایە بڵاودەكەمەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی سەلامەتی گیانی ئەوەوە هیچ ناكەم".
دوپاتیشیكردەوە، كە پاراستنی گیانی مامۆستا عادلی هاوڕێیان لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی-یە.

نەوا
به‌روار:  24/09/2016
613   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   508
کۆی سه‌ردان:   29261357