کادیرێکی یەکگرتوو لە سلێمانی رفێندراوە
رووداو- سلێمانی

یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 24-9-2016، عادل حەسەن کادیری باڵای ئەو حیزبە و یەکێک لە "رێکخەرانی مامۆستایانی ناڕازی" لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لە سلێمانی رفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی گوتەی بەرپرسانی یەکگرتوو، ئەو کادیرەیان لەکاتی نانکڕیندا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لە گەڕەكی ئازادی شاری سلێمانی رفێندراوە.

عومەر محەممەد، بەرپرسی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی لە شاری سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە نازانین لەلایەن كێوە رفێندراوە، بەڵام دەزگا ئەمنییەكانی شاری سلێمانی بە بەرپرس دەزانین و داواكارین بەپەلە ئەو ئەندامەمان ئازاد بكرێت".

فەهمی حەمە تۆفیق، بەرپرسی مامۆستایانی یەکگرتوو دەڵێت، هەواڵ هەیە جگە لە عادل حەسەن هاوڕێیەکی دیکەشی بەناوی ئاوات رفێندرابێت.

کۆمەڵێک مامۆستا لە شاری سلێمانی گرووپێکیان بەناوی "مامۆستایانی ناڕازی" دروستکردووە وەک گرووپێکی گوشار لە بەرامبەر دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان، کە وەک زۆربەی چینەکانی دیکە بە هۆی قەیرانی داراییەوە دوادەکەوێت.

ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو لە سلێمانی، داواكارە دۆخی ئەمنی وەكو دۆخە ئابوورییەكە ئاڵۆز نەکرێت و ئەو کادیرەیان دەستبەجێ ئازادبکرێ.

رووداو لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی زانیاری لە سەر ئەو بابەتە. 

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئاگامان لەو کارە نییە و کەسیش سکاڵای لەسەر ئەو کەسانە تۆمارنەکردووە".
به‌روار:  24/09/2016
681   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   666
کۆی سه‌ردان:   29238062