چلەی ماتەمینی وەدات حسێن دهۆکی لە سلێمانی بەڕێوەچوو
رۆژنیوز- رێزان محەمەد
 
چلەی رۆژنامەنووس وەدات حسێن، بە ئامادەبوونی ئەندامانی بنەماڵە و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی سلێمانی بەڕێوەچوو.
 
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ی ئەیلول، چلەی ماتەمینی رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو، وەدات حسێن بە ئامادەبوونی ئەندامانی بنەماڵەی رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو و چەندین ئەندام پەرلەمان و نوێنەرانی حزب و رێکخراوە مەدەنییەکان بەڕێوەچوو.
دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و رۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو، کەمال حەمەرەزا لەسەر ناوی کۆمپانیای چەتر کە سپۆنسەری ئاژانسی رۆژنیوزە وتارێکی خوێندەوە.
 
دواترسەمەد حسێن، برای شەهید وەدات وتاری بنەماڵەی پێشکەش کرد و وتی :"بە بەرچاوی دەیان کەسەوە لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک و بە بەرچاوی چەندین کامێرای چاودێریەوە دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنی کە ژمارەیان حەوت کەس بووە وەدات دەڕفێنن و دواتر بە شێوازیکی زۆر وەحشیانە تیرۆری دەکەن، شەهید وەدات تاکە رۆژنامەنوسی ئاژانسی رۆژنیوز بوو لە شاری دهۆک".
دوای ئەوە، سینەفزیۆنێک لەبارەی ژیانی رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو، وەدات حسێن پێشکەش کرا، کە تێیدا تیشک خرابوە سەر وردەکارییەکانی ژیانی ئەو رۆژنامەنووسە شەهید.
 
دوای ئەو، شنا فایەق، سەرنووسەری ئاژانسی رۆژنیوز، وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند:"هەڵوێستی وەدات لەبەرانبەر دەسەڵاتداران، بە تیرۆری وەدات دەیانەوێت دەنگە ئازادەکان بترسێنن، بەڵام مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە کەس ناتوانێت قەڵەمە ئازادەکان بێدەنگ بکات، ٤٠ رۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر تیرۆری وەدات، بەڵام هیچ بەرەو پێشچوونێک نییە بۆ کەیسی ئەو شەهیدە.
لە بەشێکی تری قسەکانی، سەرنووسەری ئاژانسی رۆژنیوز، ئەوەشی وت:"ئێمە وەکو ئاژانسی رۆژنیوز، ئاسایشی دهۆک بەربپرسیار دەزانین لە بەرانبەر تیرۆرکردنی پەیامنێرەکەمان".
 
لەبارەی هەوڵەکانی رۆژنیوز بۆ بەجیهانیکردنی کەیسەکە، شنا فایق ئەوەش راگەیاند:"هەتا ئێستا کەیسەکەمان گەیاندۆتە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە نامە، ئێمە لەسەر ڕێبازی خۆمان بەردەوام دەبین و  بەڵێن دەدەین بە خانەوادەی شەهیدانی قەڵەم کە هەرگیز بێدەنگ نابین و بەڵێنی بەردەوام بوون بە ڕێبازەکانیان دووپات دەکەینەوە".
حەمید بەدرخان، سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان و سەرۆکی لێژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان، وتارێکی پیشکەشکرد و وتی:"سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهید دەکەین،  ٤٠ رۆژ بەر لە ئەمڕۆ دەستی ڕەشی تیرۆر گەیشتە قەڵەمی ئازاد وەدات حسێن، داواکاریش بووین کە هەرچی زووە حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی وەزیران و دەزگای زانیاری و پاراستن کە بکوژانی وەدات رادەستی دادگا بکەن".
حەمید بەدرخان ئەوەشی وت:"جێگای شەرمەزارییە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان زیاتر لە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرانبەر ئەو کەیسە، ئێمە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پێداگری لەسەر ئەو کەیسە دەکەین و هاوکاری خانەوادەکەی دەکەین".
 
پاش ئەوەش، دیاری حاجی محەمەد، وتاری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردنی مافی رۆژنامەنوسان، وتارێکی خوێندەوە و رایگەیاند:"ئێمە ەک سەنتەرەکەمان لە سەرەتای ئەو کەیسەوە لە هەموو هەنگاوێکدا بووین، ئێمە داوامان لە دەسەڵات کردووە کە بکوژانی وەدات بدۆزنەوە وە هەروەها چاوی هەموان لەسەر دەزگا ئەمنییەکانی شاری دهۆکە بۆ دۆزینەوەی بکەرانی تیرۆری شەهید قەڵەم.
دواتر، شێرکۆ حەمە ئەمین، وتاری نوسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، خوێندەوە و وتی :"دەسەڵاتێک هەیە وەستانی نییە لە پێناوی مانەوە، کاکە وەدات رۆژنامەنووسێکی زرنگی شاری دهۆک بوو، تاوانکاران ویستیان ناو و دەنگیان کپ بکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە، بووە سمبۆلی شەهیدی قەڵەم و دەنگی دایەوە لە شاری دهۆک و پارچەکانی کوردستان، ئاسایشی دهۆک و پارتی دیموکراتی کوردستان بەرپرسیاریان لەسەرە، چونکە ئیدارەی ئەو شارە بە دەست پارتیەوەیە، بۆیە پێویستە بە کرداری تاوانکارانی ئەو تاوانە بخەنە بەردەم دادگا، ئەگینا بە پێچەوانەوە، هێندەی تر ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە پێناوی دەسەڵاتێکی کورسی ویستدا خراپ دەبێت لە جیهاندا".
دوای ئەویش کاروان حسێن، برای شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی وتارێکی پێشکەشکرد وتی:"شەهیدکردنی وەدات، پارتی و یەکێتی رەوایەتی دەکەن، شەهیدکردنی سۆرانی مامە حەمەی کەرکوک ئیدانە کرد دوای ئەو شەهیدی هەولێر سەردەشتی بەدوادا هات، وتمان بەسە شەهیدەکەی گەرمیان کاوەی بەدوادا هات وتمان ئەمە کۆتا شەهید ئەبێت، کەچی قەڵەمە ئازاکەی دهۆکیان شکاند و شەهیدیان کرد".
پاشان وتاری ڕێکخراوی ١٧ی شوبات لەلایەن بەڕێز کەمال خوێندرایەوە، لە وتراەکە ئاماژە بەوە کرا:"شەهید کردنی وەدات، دژی ئازادی رادەربڕینە، دژی ئازادی کۆمەڵگا و تاکە، ماڵپەڕی ١٧ی شوبات بە هەموو زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی ڕاپۆرتمان لەسەر ئەم شەهیدە کردووە و چەندین نامەمان ئاڕاستەی ولاتانی دەرەوە کردووە و نامەیەکمان ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەی سوێد کردووە بۆ کەیسی ئەو شەهیدە، بەم نزیکانە جوابمان دەداتەوە، بە ئەزمونی ماندێلا ئەگەر تاوانباران نەدۆزرایەوە ئەوا کەسی دەسەڵاتی لە پشتە، بۆیە داوا دەکەین لیژنەیەکی نێودەوڵەتی پێک بهێنن و تاوانکاران دەستگیر بکەن و بیدەنە دادگا".
 
دوای ئەوە، دکتۆر حسێن کۆچەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان لە باشوور، لەسەر ناوی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: سەرخۆشی لە بنەماڵەی قەڵەم دەکەم، ئەوە سەد ساڵە کورد لەسەر بنەمای ئازادی خۆسەری تێکۆشاوە.
 دواتر لەسەر ناوی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، لوقمان حەسەن، وتاری تەڤگەری ئازادی پێشکەش کرا و تێیدا تیشک خرایە سەر بەرپرسیارییەتی دەسلاتی هەرێمی کوکردستان سەبارەت بە تیرۆکردنی رۆژنامەنووسان.
 
پاشان سینەفزیۆنێکی کەناڵی نالیا (NRT) پێشکەشک کرا، لەژێر ناونیشانی "چوار دایک و یەک چیرۆک"، بۆ یەکەم جاربوو پەخشکرا و لەبارەی ئەو چوار دایکە بوو کە هەر کەماین کوڕێکی رۆژنامەنووسی لێ تیرۆر کراوە.
 
به‌روار:  23/09/2016
713   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   659
کۆی سه‌ردان:   29257362