ئەو منداڵەی‌ لەلایەن باوك‌و باوەژنیەوە لێیدرا گیانی لەدەستدا
خەندان-

ئەو منداڵەی‌ لەكەركوك لەلایەن باوك‌و باوەژنیەوە لێیدراو بەهۆیەوە ریخۆڵەی‌ پچڕا، ئەمشەو لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك گیانی لەدەستدا.

ئەو منداڵە، فەهد رەعد (10ساڵ‌) 14ی ئەم مانگە لەنەخۆشخانەی‌ گشتی كەركوك نەشتەرگەری بۆ كرا، دوای ئەوەی‌ لەلایەن باوك‌و باوەژنییەوە بەتوندی لێیدراو لەسەربانەوە فڕێدرایە خوارەوە، بەوهۆیەوە ریخۆڵەی‌ پچڕاو تووشی خوێنبەربوون بوو، دوای بڕیاری دادگاش پۆلیس ئەو دایك‌و باوكەی دەستگیركرد.

د.كەریم وەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی كەركوك بەخەندانی وتی"كاتژمێر 8 بەهۆی ژەهراویبونی خوێنەوە ئەو منداڵە تەنگە نەفەس بووەو گیانی لەدەستداوەو پزیشكەكان هەوڵی زۆریان لەگەڵداوە، بەڵام بێ سوود بووە".

تەرمی ئەو منداڵە رەوانەی پزیشكی داد كراوەو بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی كەركوك"لەماوەی مانەوەی لەنەخۆشخانە تائێستا هیچ كەسێك لە كەسوكارەكەی سەردانیان نەكردووە". 

هاوكات عەمید شێرزاد مۆفەری‌، بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پاراستنی‌ دامەزراوەكان لە شاری‌ كەركوك گیان لەدەستدانی ئەو منداڵەی پشتڕاست كردەوەو بەخەندانی وت"تاوەكو ئێستا باوك‌و باوەژنی‌ ئەو منداڵە بە بڕیاری‌ دادگا دەستگیركراون و لێكۆڵینەوە لەو كەیسە بەردەوامە".

ئەو منداڵە چوار رۆژ بە ئازاری لێدان‌و فڕێدانە خوارەوەی لەسەربانەوە شاردراوەتەوەو نەبراوە بۆ نەخۆشخانە، ئەوەش بەوتەی‌ سەرۆكی لیژنەی‌ مافی مرۆڤ‌و منداڵان لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە 18ی ئەم مانگە سەردانی منداڵەكەی‌ كردووە لەنەخۆشخانەی‌ گشتی كەركوك.
جوان زەنگەنە، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ‌و منداڵان لەئەنجومەنی پارێزگەی كەركوك پێشتر بەخەندانی وت"سكی ئەو منداڵە بەكاملی هەڵدڕاوەو پزیشكەكان وتویان خوێنێكی زۆر لەناو سكیدا تەسەمومی كردووەو زەختی زۆر دادەبەزێت".

"بەپێی بەدواداچوونەكانی ئێمە لەلایەن باوك‌و باوەژنیەوە ئەشكەنجەدراوە، ماوەی 20 رۆژ زیاترە بەو جۆرە تەعزیبدراوە، بەڵام بۆ ماوەی‌ چوار رۆژ لەماڵەوە شاردراوەتەوەو دوای ئەوەی زەرداوێكی زۆری هەڵهێناوەتەوە بردویانە بۆ نەخۆشخانەو وتویانە ماتۆڕ لێیداوەو بەجێیهێشتووە، دواتر پزیشكەكان بۆیان دەركەوتووە ریخۆڵەی پچڕاوە"، جوان زەنگەنە وای وت.

لیژنەكەی مافی مرۆڤ، قسەیان لەگەڵ چەند كارمەندێكی نەخۆشخانە كردووەو "كارمەندێكی نەخۆشخانە بینویەتی ئەو ژنەی بەدیار منداڵەكەوەیە لەنەخۆشخانە لەبرینی منداڵەكە دەدات.. دواتر ئاشكرادەبێت كە ئەوان تەعزیبیان داوە".

ئەو ژنەی‌ لەنەخۆشخانە لای منداڵەكە بووە باوەژنی منداڵەكە بووەو دواتر لای پۆلیس دانیبەوەداناوە كە لەگەڵ مێردەكەی‌ ئازاریانداوە.
منداڵەكە بەڕەگەز عەرەبەو خەڵكی شاری بەغدادە دایكی لەباوكی جیابووەتەوەو لەئێستادا لەگەڵ پیاوێكی تردا هاوسەرگیری كردووە دانیشتوی دوبز-ە، هەر بەوتەی‌ جوان.
 
جوان زەنگەنە وتیشی"جگەلەوەی سكی ئەو منداڵە هەڵدڕاوە، شوێنی ئەشكەنجەی تریش بەجەستەیەوە دیارە، سوتێنراوە یان بڕاوە".


به‌روار:  22/09/2016
924   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   51
کۆی سه‌ردان:   29259196