سلێمانی سێ پارێزگاری هەیە
لڤین : تایبەت
یاساناسێک ئاماژە بۆئەوەدەکات بە پێی یاسا لە ئێستادا سلێمانی سێ پارێزگاری هەیەو ئاڵوگۆری پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە بێ مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێم ناكرێت.

یاساناسێک كە نەیوست ناوەكەی ئاشكرابكرێت، بە (لڤین)ی راگەیاند" ئێستا سلێمانی سێ‌ پارێزگاری هەیە، هەڤاڵ ئەبوبەكر كە لایەن ئەنجومەنی پارێزگاری سلێمانی هەڵبژێردراوەو چاوەرێی مەرسومێكی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات، بەڵام  لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێم ناتوانێ مومارەسەی دەسەڵاتەكەی بكە بە پێی یاسا ئەنجومەنی پارێزگاكان ساڵی 2009، لە هەمانكاتدا  ئاسۆ فەرەیدن  بە پێی یاسا پێویستی بە  مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێمە تاوەكو لە پۆستەكەی نەمێنی و رادەستی پارێزگاری نوێ بكات، سەردار قادریش، بۆتە جێگری پارێزگای سلێمانی بە وەكالەت تاوەكو 1/ 10/ 2016،  بەمەش لە ئێستادا سلێمانی سێ پارێزگاری هەیە".

وتیشی" ئاسۆ فەرەیدون نوسراوێكی  ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە لەو نوسراوە داوای 1 مانگ مۆڵەتی كردووەو دەسەڵاتەكانی خۆشی داوەتە سەردار قادر تاوەكو مانگی تشرینی داهاتوو ، ئەگەر هەڤاڵ ئەبوبەكر بۆتە پارێزگار بۆچی دەسەڵاتەكانی داوەتە سەردار قادر، كەواتە بۆیە  دەسەڵاتەكان دراوەتە سەردار قادر،  چونكە یەكێتی و گۆڕان پێیان وایە ئەم كارە مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێمی دەوێت و نایاساییە".

ئاماژەبەوەشدەكات"ئەگەر بوونی هەڤاڵ ئەبوبەكر بە پارێزگاری سلێمانی مەرسومی سەرۆكی هەرێمی دەوێت، ئەو كاتە دەستلەكار كێشانەوەی ئاسۆ فەرەیدونیش لە رووی یاساییەوە مەرسومی سەرۆكی هەرێمی دەوێت ، بۆیە بەپێی یاساش تا ئێستاش ئاسۆ فەرەیدوون هەر پارێزگارە و سەرداریش قادریش بە پێی نوسراوێكی ئاسۆ فەرەیدون بۆتە پارێزگار بۆ ماوەی یەك مانگ بەوەكالەت و هەڤال ئەبوبكریش لە لایەن ئەنجومەنەوە كراوەتە پارێزگار".

روونیشكردەوە"بە پێی نوسراوەكەی ئاسۆ فەرەیدون بێت كە ئاراستەی وەزیری ناوخۆی كردووە،  ناوبراو تەنها بۆ ماوەیەك یەك مانگ مۆڵەتی وەرگرتووەو بە تەواوی وازی لە پۆستەكەی نەهێناوە هەرچەندە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگدرا بە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ".

لە بارەی هۆكاری بوونی پاڵپشتێكی لاوازی یاسایی بۆ ئاڵوگۆڕەكە ئاماژەبەوەدەكات،  لە حاڵەتی دانانی پۆستی پارێزگار بە پێی یاسایی هەمواركراوی  ژمارە 3ی  ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم ساڵی 2009  بڕگەی سێیەم مادەی 26، دەستبەكاربوونی پارێزگار  پێویستە راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بێت ، ئەمەش دوای ئەوەی مەرسومێكی هەرێمی لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە دەردەچێت دوابەدوای 15 رۆژ بەسەر تێپەربوونی هەڵبژاردنەكە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی یاسایی پۆستی سەرۆكی هەرێم ناتوانرێ هیچ مەرسومێكی هەرێمی دەربچێت.

رۆژی پێنجەشەمەی رابردوو 25ی ئاب، ئەنجومەنی پارێزگاری سلێمانی دەنیگدا لەسەر هەڵبژاردنی هەڤاڵ ئەبوبكر، وەك پارێزگاری نوێی  سلێمانی و ئازادحەئەمینش وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگار.



به‌روار:  29/08/2016
731   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   315
کۆی سه‌ردان:   29253536