ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی گەمەیەکی سیاسییە و سودی بۆ دەڤەرەکە نییە
بەرپرسی مەکتەبی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی ڕایگەیاند، ئەوان پەیوەست نین بە دانانی پارێزگاری نوێی سلێمانییەوە، وتیشی گۆڕانکاری لە پۆستەکاندا گەمەیەکی سیاسییە لە نێوان لایەنەکاندا و سودی بۆ دەڤەرەکە نییە.

ئەدهەم بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی ڕایگەیاندوە، ئەوان پەیوەست نین بە دانانی پارێزگاری نوێی سلێمانی، سنوورەکەش بە سنووری هەموو لایەنە سیاسییەكان دەزانن و هیچ بەشێكی كوردستان بە زۆنی لایەنێكی سیاسی نازانین.

لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی سلێمانیش ڕایگەیاندوە، ئەو ئاڵوگۆڕەی لە پۆستەكاندا لە نێوان دوو حزبدا کرا سودی بۆ جەماوەری دەڤەرەكە نابێت و ڕەنگە هیچ شتێك لە هاوكێشەی خەڵك گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت، بەپێچەوانەوە ئەوە گەمەیەكی سیاسییە لە دابەشكردنی پلەو پایە بەسەر خۆیاندا بەبێ‌ ئەوەی بەرژەوەندی ئەو خەڵكە لەبەرچاو بگیرێت.

ئەدهەم بارزانی گلەیی لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی دەکات و دەڵێت "گلەیی ئەوە لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی دەكەین كە پارتییەكان وەك پێویست ڕەفتاریان لەگەڵ نەكراوە و چەندین بابەتم لەسەر ئەوە لەبەردەستە، ڕێز بۆ پێگە و شوێنی ئیداری و وەزیفی ئەوان نەگیراوە و زۆرجار بێزاركراون و وا ڕەفتاریان لەگەڵ كراوە تا بێزاربن، لە فەرمانگەكان دەرپەڕێنراون یان ناچار بە گواستنەوە بۆ هەولێر كراون، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم حاڵەتە ناتوانین تا كۆتایی بێدەنگ بین و دەبێت وەڵامت هەبێت بۆ ئەم بابەتانە".

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ٢٥ی ئابی ٢٠١٦ یەکێتی و گۆڕان ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانیان کرد و هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگاری سلێمانی و ئازاد حەمە ئەمین وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.
م.ر

نالیا



به‌روار:  25/08/2016
717   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   988
کۆی سه‌ردان:   29310807